هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك موزایەدەیە یان بە جدییە؟!
پێش ئەوەی بچمە پەرلەمان لە پەرلەمانیشدا من لەسەر ئەو رایە بووم كە نابێت سیستمی كۆتا بۆ كەمە نەتەوەكان هەبێت، كەمایەتی توركمان لە هەرێمی كوردستان لەبەر حورمەتگرتنیان پێیان دەوترێ پێكهاتەكان، بە یاسایەك كە نوێنەرانی پارتی و یەكیەتی ساڵی 2009 دەریانكردوە ئەم مافەیەیان بە توركمانەكان داوە،ـ كە شەش كورسیان لە پەرلەمان هەبێت، زۆر هەوڵمدا كە ئەم یاسایە هەموار بكرێتەوە لە پەرلەمانی كوردستان، لە كاتێكدا كۆلكەی هەڵبژاردن(القاسم الانتخابی) بۆ ئەندام بوون (19000 ) دەنگ بوو، ئەم شەش بەڕێزە بە هەر شەشیانەوە بە هاوكاری پارتیشەوە كەمتر لە 10000 دەنگیان هێناوە، (بۆ بەراورد كۆمەڵی ئیسلامی بە نزیكەی 120000دەنگ 6 كورسیان هەیە، حیزبی شیوعی بە 11000دەنگ یەك كورسی هەیە ).
ساڵی 2005 بە فەرمانی مام جلال و بە حساب بۆ نیشاندانی نیەت پاكی پۆستەكانی كەركوك بە رێژەی32% بۆ هەر سێ نەتەوەی كورد، توركمان، عەرەب دابەشكرا، توركمانەكان لە كوردستان پۆستی دو وەزیریان هەیە، ئەو پۆستە ئیداریانەی لە كەركوك بە دەستیانەوەیە سێ ئەوەندەی ئەو پۆستانەیە كە بە دەست كوردەوەیە، تا ئێستا ئاڵای كوردستان لەسەر بینا و دامەزراوەكانی بەرەی توركمانی لە هەرێمی كورستان بەرز ناكرێتەوە، لەسەر دەمی بەعسدا توركمانەكان هیچ مافێكیان نەبوو، خوێندیان بە زمانی عەرەبی بوو، زۆربەیان لە فەرمانگەی باری شارستانی، نەتەوەی خۆیان گۆڕی بۆ نەتەوەی عەرەب، لە سایەی خوێنی شەهیدانی كورد و پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستاندا راپەڕین كراو كوردستان ئازاد كرا بە كەركوكیشەوە، پاش روخانی رژێمی بەعس، هێزی پێشمەرگە دەیتوانی سزای ئەو توركمانانە بدات كە لە خزمەت رژێمی بەعسدا بوون، ئەمەشیان نەكرد و (معزز مكرم) لە كەركوك مانەوە و زۆربەی پۆستە ئیداریەكانی كەركوكیان لایە، داعش هات و هەڕەشەی لە كەركوكیەكان كرد بە توركمانەكانیشەوە، پێشمەرگە بۆیان وەستایەوە و بە خوێنی هەزاران پێشمەرگەی شەهید و برینداری كورد توركمانەكانی كەركوك پارێزراو بوون، گەر پێشمەرگە نەبوایە حاڵی توركمانەكانی كەركوك لەوانەی موسڵ و تەلەعفەر باشتر نەدەبوو(كە سەرو ماڵیان بە دەستی داعش تیاچوو)، بەدرێژایی ماوەی بەرگری لە كەركوك لە هەرێمی كوردستان تاقە نەفەرێكی بەرەی توركمانی لە بەرەكانی جەنگدا شەهید نەبوو، تەنانەت بە خۆیان و حشدی شەعبیەكەشیانەوە گوندی (بەشیریان) بۆ رزگار نەكراو هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆی رزگاركردن، سەرباری ئەم هەموو حورمەت و دەسكەوتەی لە برادەرانی بەرەی توركمانی گیراوە لە كوردستان و بەتایبەت لە كەركوك، ناڕازین بە هەڵكردنی ئەو ئاڵایەی كە بە خوێنی ئەو شەهیدانە رەنگ كراوە كە شەرەف و كەرامەت و گیانی ئەوانی لە داعشەكان پاراستوە و لە دەستی بەعسەیكان قورتاری كردن، دیارە بەرەی توركمانیش هەمویان نین، چەند كەسانێكی وەك ئەرشەد صالحی و حسن تۆڕانی شاگردەكانی ئەردۆگانن، ئەم دوانە و ئەوانەشی وەك ئەوان هەڵسوكەوت دەكەم خۆیان دەزانن كە (موخەیەر نین و موسەیەرن،) ئەوان سوخرە كێشی ئالی عوسمان و ئۆردۆگانن و سیاسەتەكانی ئەوان جێبەجێجەكەن، بەڵام ئەبێ باش لەوە حاڵی ببن كە ژیانی ئەوان لەگەڵ برا كوردەكانیاندایە و سیاسەتی شۆڤێنی ئەردۆگان دادیان نادات، لێرەشەوە زۆر گرنگە سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە چاكی چاو بخشێنێتەوە بە پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئەردۆگان و ئاكەپە و لەو راستیە تێبگات كە ئەردۆگان دوژمنی سەرسەختی كوردە و ئەو رێكەوتنانەی لەگەڵ پارتی كردویەتی تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیەتی و چاوەڕێی كاتە تا گورزی كوشندە لە ئەزمونی هەرێمی كوردستان بوەشێنێ و دواتر پەشیمانی سودی نابێ و ئەوەی كە دەبێتە كۆڵەكەی پاراستنی ئەزمونی هەرێمی كوردستان برایەتی و یەكڕیزی گەلی كورد و پارتە سیاسیەكان و سەروەری یاسا و كاراكردنەوەی پەرلەمان و چالاككردنی دامەزراوە فەڕمیەكان و جیاكردنەوەی دەسەڵاتی حیزبە لە حكومەت، بە برادەرانی بەرەی توركمانیش دەڵێین نە عەرەبی بەغدا نە توركەكانی توركیا دادی ئێوە نادەن واز لە پیلانگێرَی و نۆكەری ئەملاو ئەولا بهێنن، نانخۆڕی سفرە دڕ مەبن وەرنەوە سەر سفرەكەی كوردستان كە سفرەی كورد و توركمان وئاشوری و ئەرمەنی و یەزیدی و عەرەب و كاكەی و هەر مرۆڤێكە كە بیەوێ بە دڵسۆزی لەسەر ئەم خاكی كوردستان بژی و خیانەتی لێنەكات.
بە پارتی و یەكیەتیش دەڵێم، دروستبونی دەوڵەتی كوردستان بەم شەرم شۆیە نابێت و دروستناكرێت، ئاڵاتان هەڵكرد لە كەركوك پیاوانە بەرگری لێبكەن یان هەڵتانەكردایە یان پیاوانە بەرگری لێبكەن، كە هەلیەكێكتان كەركوك بە قودس و ئەوی دی بەدڵ بەڵام بەرپرسەكانتان بەردەوام باسی ئەوە دەكەن كە كەركوك شاری هەوموانە پشتگیری لە قسەكانی ئەردۆگان دەكەن، ئەمە درۆیەكی شاخدارە و ترسنۆكی بەرپرسەكان دەسەلمێنێ ئەگینا خۆیان باش دەزانن، كەركوك شارێكی كوردستانیەو هەرچی توركمان و عەرەب هەیە لە كەركوكدا هاوردەن و لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیەوە توركەكان ژمارەیەك كارمەندی ئیداری و سەربازیان لە توركیاوە هێناو لە تەلەعفەرەوە تا كەركوك توز و كفری و خانەقین نیشتەجێیانكردن و ژمارەیەك زۆڵەكوردیش بونە پیاوی توركە داگیركەركان و دواجار بونە توركمان، بە مانا ئینگلیزیەكەی (Turk Man)واتە (پیاوی تورك)
هاتنی عەرەبەكانیش رونە كە بە بەرنامە هەر لە سەردەمی پاشایەتیەوە تا ئێستا ئەم شارە تەعریب ئەكرێت ئیتر عەرەبی رەسەنی چی؟! توركمانی رەسەنی چی؟ ئەمانە هەمویان هاوردەن و ئێوە ناوێرن ئەو راستیە بڵێن، لە كوردستان قسەیەك دەكەن و لە بەغدا و تاران و ئەنقەڕە شتێكی تر دەڵێن.
ئەگەر ئێوە بەڕاستی نیەتی دروستكردنی دەوڵەتی كوردیتان هەیە و موزایەدەچی نین پێویست بە ریفراندۆم و چی و چی ناكات فەرمون لەسەر ئەو زەویەی بە دەستانەوەیە و بە خوێنی كوڕی كوردی هەژاری كوردستان رزگار كراوە(نەك بە خوێنی كوڕی ئێوە) ئیعلانی دەوڵەەتی كوردستان بكەن و ماڵ و موڵكی خۆتان بفرۆشن و پارەی دزراوی ئەم چەند ساڵە بهێننەوە و بیخەنەوە بانكەكانی كوردستان و خۆتان بۆ بەرگری سەربازی و ئابلۆقەی ئابوری عێڕاق و ئێران و سوریا و توركیا ئامادە بكەن وتەڵاقی ئەو رێكەوتنانە بدەن كە لەگەڵ توركیا و عێڕاق و ئێران كردوتانە و كوڕەكانتان لە باِڕەكانی ئەوروپاو ئەمریكاوە بهێننەوە و بیاخەنە پێشەوەی سەنگەرەكان و خۆتان فەرماندەیی فیعلی بكەن و ئیتر بەس بێت موزایەدە بەسەر ئەم میللەتە قوڕبەسەرەوە بكەن، ئەگەر كوڕی ئێوە بژێویەكی ئاسایی هەبێت ئێمەش بە گوڵەچنی سگگوشین (تقشف)ی نەوەدەكان رازی دەبین، ئاخر ناكرێت:
ئێوە وەك پاشا بژین گەڵ وەك گەدا
لە كوردستان بڵێن كەركوك شاری كوردانە و لە ئەستەبوڵ و تاران بەغدا بڵێن شاری كورد و عەرەب و توركمانە.
ئەمە ئیهانەیە بەو ئاڵایەی هەڵتان كردوە، ئەگەر شاری هەموانە فەرمون خۆتان رسوا بكەن و ئاڵاكە بگۆڕِن و هێمای عەرەب و توركمان ئاشوری لەسەر بچەسپێنن، سەد ساڵە ئێمە لەسەر زەوی خۆمانین و بەزۆر لكێنراوین بە عێڕاقەوە تا ئێستا هێمای كورد لەسەر ئاڵای عێڕاق نیە، یان ئەم قسانەتان بۆ پاراستنی گرێبەستە نەوتیە 50 ساڵەكەی نێوان خۆتان سوڵتان ئۆدۆگانە.
دوا قسەم بۆ نەجمەدین كەریمە، من دەسخۆشیم لێكرد كە ئاڵاكەی هەڵكرد، (نازانین بڕیارەكەی خۆرسك بوو یان بەرنامە بۆ داڕێژراو) بەڵام كاتێك كە لە میدیا ووتی (لای هەندێك كەس وایە كە ئێمە نامەنەوێت كەركوك بخەینەوە سەر كوردستان ئەوە راستنیە) ئەمە شەرم و رسوا بونە، برام گەر ئەم نیازەت نیە بۆ هەڵتكرد؟! ئەگەر ئەم نیازەشت هەیە ئەم پاشەكشەیە مانای چی؟! لەوە ترسناكتر داگرتنی ئاڵاكەیە، راستە پڕۆسەكە قورس و بڕیارەكە ئازایانە بوو، بەڵام لەوە ئازاییتر ئەوەیە ئاڵاكە بە شەكاوەیی تا ئەبەد بمێنێتەوە، ئەگەر خوای نەخواستە ئەم ئاڵایە بەهەر بیانویەك بهێنرێتە خوارەوە، كە سەرتاكانی داگرتنی دەستیێكردوە ئەبێت نەجمەدین كەریم وڵات بەجێبهێڵێ و لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت(بۆ هەڵتكردو بۆ داتگرت؟، ئەگەر پارێزگاریشی لێكرد و بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگا جێبەجێكراو كەركوك هاتەوە سەر خاكە رەسەنەكەی خۆی كوردستان ئەوە نەجمەدین كەریم و ئەوانەی لە پشت بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە بوون، ئەبێت لە هەموو شارێكی كوردستاندا هەیكەلیان بۆ دروستبكرێت ناویان بە ئاوی ئاڵتون بنوسرێت