ئەو!

عومەر عینایەت
من  دژی هەموو پیاهەڵدانێكم و باوەڕم وانیە كە مرۆڤ هەڵە نەكات ئێمە كاتێك ئەتوانین هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ كەسێك بكەین كاتێَك دەمرێت رۆڵی لەسەر گۆی ئەم هەسارەیە نامێنی و هەموو لاپەڕەكانی ژیانی ببینین و دۆسیە شاراوەكانی هەڵدەینەوە و دیسانیش هەر ناتوانیین بە شێوەی رەها بڕیار لە سەر چاكی و خراپی بدەین چونكە هێشتا هەندێك نهێنی ئەرێنی یان نەرێنی لە ژیانی ئەوكەسەدا دەمێنێ‌ كە جگە خۆی و خودا كەس پەی پێنەبردوە و لەگەڵ خۆیدا بردویەتیە گۆڕ، بۆیە ناكرێت هیچ كەس بە پیرۆز(مقدس) بزانرێت و هیچ كەسیش بە شەیتان واتە كەس بۆی نیە بە شێوەی رەها بڕیار لەسەر پیرۆزی و ناپیرۆزی ئەوی دی بدا، بەڵام لە ناو هەر كۆمەڵگایەك لە شوێن  و كات و قۆناغە جیاجیاكاندا دەستەیەك و لە ناو دەستەكەدا كەسێك دیاردەكەوێ‌ كە ببێتە پێشەنگ و رێبەر بۆ ئەوانی دی ئەو دەبێتە هۆكارێكی دیاری هەر  گۆڕانیكی ریشەیی كە لەو كۆمەڵگایەدا رووبدا بە هەردوو ئاڕاستەی نێگەتیڤ  یان پۆزەتیڤ، وارێكەوتوە هەندێك لەو كەس و دەستانەی رێبەرایەتی كۆمەڵگایەكیان كردوە بەهۆی نەشارەزایی، خۆپەرستی، لاوازی لە بڕیاردان، دەمارگیری نەتەوەیی یان ئایینی، ترسنۆكی، لاوازی لە هەمبەر پول و پارە كۆمەڵگایان بەرەو هەڵدێربردوە، نمونە لەم بارەیەوە زۆرن ( ئەسەد، قەزافی، موبارەك و بن علی و سەدام ) پێچەوانەكەشی راستە بۆ سەركردە و رێبەری لەخۆبورد و دەست و داوێن پاك و دڵسۆز خۆبەختكەر لە پیناو میللەتدا(چی جیڤارا، ماندێلا، گاندی، جۆرج واشنتن....) زۆر جاریش واهەڵكەوتووە كە نا رۆشتبیری و لاوازی و ترسنۆكی و بەرژەوندی پەرستی ژمارەیەكی بەرچاو لە تاكەكانی كۆمەڵگا بوونەوتە هۆی تێكشكان و وەدینەهاتنی خەونەكانی رەهبەر و وەك ئەوانەی دژی فیلەكەی پاشا نارەزاییان دەردەبڕی و شوێن رەهبەرەكەیان كەوتن و لەبەردەم پاشادا پەشیمان بوونەوە و نوتقیان لێبڕا و ئیتر مەینەتی و دەردیسەریان لەبری ئەوەی كەمتر بێت زیاتر بوو، دەبێ ئەو راستیەش لە یاد نەكەین كە ئەوە تاكەكانی خودی كۆمەڵگای كە خۆیان لە بەرامبەر كەسێكدا بچوك دەكەنەوە و ئەو بە پیرۆز دەزانن و خۆیان پێهیچە واتە بتەكان دروستكراوی دەست ئەوانە خۆیانن و زۆر جارانیش تاكەكانی كۆمەڵگا هاوكاری تەواوی  رێبەریان كردوە و هەندێك لەگەڵیا سەوڵیان لێداوە هەندێك ئاوی ناو بەلەمە كونبوەكەیان بەتاڵكردوە تا توانیویانە لە نقوم بوون دەربازی بكەن و بگەنە كەناری ئارامی لەم سەردەمەی قۆناغی رزگاری نەتەوەیی كوردا دروست لە كۆتایی دەیەی یەكەمی سەدەی بیست و یەكەمدا لە كوردستانی باشور پێویستمان بە بزاڤێك و لە پشت ئەو بزاڤەوە كەسێك هەبوو بۆ ئەوەی بەلەمەكە نقوم نەبێ هیچ نەبێ زیاتر كون نەبێ  وادیارە ئەو كەسە ەدەركەوتوە دەستیپێكردوە ئەویش(ئەوە!)

- گەر ئەو نەدەبوو ئەو گۆڕانكاریە كەمەی كە رویدا مەحاڵ دەبوو.
- ئەو فوازی دارەكەو و كلكی تەورەكەش بوو بە ئاسانی توانی دارەكە لەتبكا و لەتكردنی بێ ئەو ئەستەم بوو.
 - ئەو كلیلی كردنەوەی سندوقی زۆربەی نهێنیەكانی لابوو بۆیە زوو گەشەی كردوو چووە پێش، بووە هاولنگی ئەوانەی خۆیان بە یەكەمی گۆڕپانەكە دەزانی.
 - گەر ئەو نەبا تا ئێستاش بێ هیچ كەم و كەسرێ، رووبەری كوردستان، هێزی چەكداری كوردستان، ئیدارەی كوردستان، بودجەی كوردستان دابەشی دوو بوو و كە ئەو هات كەسری تێكەوت و ئومێد هەیە ئیتر دابەشی دوو نەبێت.
 - ئەو توانی هۆكاری سەرەكی بێت بۆ چاوكردنەوی كۆمەڵگا هۆشیار كردنەوەیان لەبەردەم چەمكە هەستیارە نەتەوەییەكانی وەك پێگەی كورد لە عێراق و ناوچەكە و دونیا، بودجە، پێشمەرگە، ناوچە داگیركراوەكان، پۆستە ناوخۆی و عێڕاقی و دیپلۆماسیەكان.
 - پێشی ئەویش ویستیان ئەم كارە بكەن بەڵام بۆیان نەچووە سەر لەبەر ئەوەی ئەو رەوشانەی لەو و بزاڤەكەیدا هەبوو لەوان و حیزبەكانیاندا نەبوون.
 - ئەویش بەهۆی ناهۆشیاری هەندێك لە هاوكاران و هەوادارانی رووبەڕوی دوو روویو لاوازی و هەلپەرستی و پارەپەرستی و ترسنۆكی هەندێك لە تاكەكانی كۆمەڵگا بوویەوە و لە ناوەراستی دەریادا بە جێیان هێشت و خۆیان فڕێدایە سەر ئەو تایەو چوپ و پارچە تەختانەی كە نەیارەكانی ئەو و ئەوانەی بەلەمەكەی ئەویان كونكرد بۆیان فڕێدان لێیاندا و بە جێیانهێشت و ئەویش لەگەڵ ژمارەیەك هاوبیریدا ئێستا بە ئومێدێكی زیاتر و گوڕوتینێكی زیاترەوە بە هاوكاری خەڵكە بوێر و حەقخوازەكان سەوڵ بەرەو كەناری ئارامی لێدەدا.
 - ئەو گەر لەوێ، لە شوێنی خۆی مابا ئێستا جگە لە پاشكۆیەك و رێبەری باندێك لەو باندە بێدەسەڵاتانەی ژێر دەوارەكە چیدی نەدەبوو، هیچیشی پێنەدەكرا وەك پێشووتر بۆی نەكرا.
 - ئەو توانی ببێتە هەڵقەی پەیوەندی نێوان خەباتگێرانی دوێنێی شاخ و سیاسەتوانانی رابودوو لەلایەك و نەوەی نوێ لەلایەكی دی، بێئەو ئەم گرێدان و هاوكاریكردنە لە چوارچێوەی بزاوتێكا ئەستەم دەبوو. 
- ئەو خۆنەویست، خاكی، راستگۆ، دەسپاك، داوێن پاك، رك، راست، راشكاو، بوێرە و ئەم تایبەتمەندیانە لەو رەهبەرانەدا پێویستن كە بیانەوی كار بۆ خۆشگوزەرانی و سەرفەرازی گەل بكەن.
 - ئەو ساسی و پێشمەرگەیە، رۆشنبیری و نوسەرە، مێژوناس و مێژونوسە، دیپلۆماس و سەركردەیە.
 - راستە ئەویش بەشداری شەڕی ناخۆ بووە بە درێژلیی مێژوی ئازادیخوازی نوێی گەلی كورد لە باشور وەك ئەوانی دی ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە لە بانگەشەی بزاوتە نوێكەوە دەسپێدەكا و گەر بەلاڕێدا بڕوا ئەوە وەك دەڵێن بۆ هەر رووداوێ ووتەی خۆی هەیە نە - ئەو بۆی دەچێتە سەر و نە  ئێمەش بێدەنگدەبین. 
- ئەو ئەوە و تا ئێستا لەو باشترمان نیە.

تێبینی:
- ئەم بابەتەم لە ساڵی 2012 نوسیو بەڵام بڵاوم نەكردەوە لەوە ترسام ببێتە بابەتێكی مەرایی و خۆبردنە پێشەوە
- وشەی (ئەو) مەبەستم نەوشیروان مستەفایە
- پاش مەرگی ئەو هەڵۆ پیرە بە پێویستم زانی باری سەرنجی پێش 5 ساڵی لەمەوبەری خۆم سەبارەت بە رۆڵ و كەسایەتی نەوشیروان مستەقا بۆ ئێوەی ئازیز بخەمە روو.
سوپاس






27/05/2017



وتارەکانی تری نوسەر