مانگە شەو سەر لەئێوارە دیارە!

ئاشتی عەبدولآ
بزووتنەوەی گۆڕان لەدوای دروستبوونییەوە ، تاکە بەدیل بوو لای زۆرینەمان، جێی ئومێدی زۆرێک لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بوو.
وابوو هەر لەگەڵ یەکەم هەنگاویدا، کۆمەڵێک راستی بۆ خەڵک روونبوەوە و چاوی ئەم میللەتە کرایەوە و باشتر لەگەندەڵیەکانی دەسەڵاتداران گەیشتن، دەسەڵاتدارانیش کەوتنە خۆیان و ترسیان لێنیشت، بەڵام ترسەکەیان بەرەو ئاراستەی چاکسازی نەبردن، بەڵکو وڵاتیان بەئاقارێکی خراپدا برد، چونکە ئەم گۆڕانکارییە لەبەرژەوەندییان نەبوو. ئەمەیان مەسەلەیەکیترە و نامۆش نییە.

 بێنەوە سەر ئەسڵی باسکە و مەبەستەکەمان، لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا کۆمەڵێک خەڵکی سیاسی و ئاسایی خەمخۆرو نیشتمان پەروەر خەباتیان دەست پێکردەوە. هەموو ئەو سیاسیانەی کە مێژوویەکی پڕ سەروەری و شانازیان تۆمارکردبوو یان ئەو گەنجانەی کە بە بیرو باوەڕێکی پتەو خواستی گۆڕانکاری و بەنیەتی چاکسازی دروشمی گۆڕانیان بەرزکردەوە. زیاتر خەڵکی کۆکردەوە لەدەوری ئەو دروشمه و بەو هیوای گۆڕان فریادرەس بێت، بەڵام هەر زوو کۆمەڵێ قات لەبەری بۆینباغ قەپات، بۆ بەرژەوەندی کەسی بەدروشمی ساختە خۆیان گەیاندە گردەکە. هەر زوو لەگەڵ هەر تەنگانەیەک رووی لەبارودۆخی سیاسی ئەو بزووتنەوەیە کردبێ، بێ چاوەڕوانی بەپاساوی جیا و بەپەلە دەستیان لەکارکێشایەوە، هەرزوو جێیەکیان لەحزبێکیتر بۆ خۆیان کردەوە، راستە ئەمە ئازادی تاکە کەسیە کەی و چۆن بیەوێت واز لەحزبێکی سیاسی بێنێت، بەڵام ئەو راستیەمان لێ ناگۆڕێت کە ئەم کەسانە بەتەواوی قەناعەت و بیروباوەڕیان گۆڕانخواز نەبوون، بەڵکو بەرژەوەندی خوازبوون.

ئاخر بەچ مەنتقێک گۆڕان خوازبیت و باوەڕت بە (دیموکراسی تەوافوقی) هەبێت ، ئەو دەستەواژەیە یەک خوێندنەوەی هەیە لامان ئەویش واتە ( سوڵحی عەشایەری)، ئیتر چۆن ئەو گۆڕانخوازە چیکڵدانەی تەقەبولی خەباتی گۆڕانکاری ئەکات کە ئەوە بیروباوەڕی بێت و دەستلەکارناکێشێتەوە!!

نموونەیەک لەلایەنێکیتری  ئەو کەسانە کەهێشتا لەژێر چەتری گۆڕاندا لەپۆست و پلەو پایە حکومیەکاندان و ئەیانەوێت دروشم و بیروباوەڕی گۆڕانخوازان بەئاڕاستەیەکیتردا بەرن، ئەو قات لەبەرانەی پێش دابەشکردنی پۆستی پارێزگاکان هەموو رۆژ لەگردەکە نیلی ئەچوونەوە، ئێستا پۆستەکانیان زۆر خراپ بەکارئەهێنن و گۆڕانکاریەکانی ناو دەزگاو بەڕێوەبەرایەتیەکانیان بەئاڕاستەیەکی خراپدا بردوە.
هەق وایە بڕیار بەدەستانی بزووتنەوەی گۆڕان و جڤاتی نیشتمانی و ئیدارەی ئەو بزووتنەوەیە گوێ لەخەمخوران و دڵسۆزانیان بگرن و پێداچوونەوەیەکی جدی بکەن و هەموو ئەو کەموکوڕیانە زوو چارەسەربکەن. تا هەر رۆژەی قات لەبەرێ کە لەژێر ناو و دروشمی ئەم بزووتنەوەیەدا دروستبوون و ناسراون، بەپاساو بیانووی جیا،گۆڕانخوازان بێ هیوا نەکەن.
ئێستاش لەنێو ئەو هەموو قەیرانە و خراپی گوزەرانەدا کەخەڵکی پێیدا تێئەپەڕێت ، زۆرینەی خەڵک چاوەڕێی گۆڕانخوازە راستەقینەکانە!

کارێکی قورسیش نییە گۆڕانخوازە راستەقینەکان جیابکرێنەوە لەوانەی ئامانجیان گۆڕانکاری نییە و لەژێر دروشمی گۆڕاندا شوێن بەرژەوەندییەکانیان کەوتوون، هەروەک ئەڵێن مانگە شەو سەر لەئێوارە دیارە!

15/01/2016



وتارەکانی تری نوسەر