ئەو هەموو داربەدەستە بۆ کێ وەستاون؟

ئاشتی عەبدولآ
ئاشکرایە پارتی سیاسەتی روونە، خۆسەپێن و بەرژەوەندی خواز، ئامادە نییە لەسەر داواکارییەکانی خۆی  هیچ سازشێک بکات، خوای ئەکرد هەموو وڵات وێران ئەبوو. ئەوەی گرنگە لای کورسی و نەوت و دەسەڵاتە، هیچیتر نا گەر خیتابی هەرچییەک بێت، بەڵام ئەوە واقیعە شارەواکەی سیاسەتی پارتییە.

گۆڕان بەهۆی پێداگری لەسەر خواستی دەستاو دەستی دەسەڵات و پرۆژەکەی کەلەپەرلەمان پێشکەشی کرد، ئێستا لەپەرلەمان و حکومەت دوورخراوەتەوە. 
خیتابی گۆڕان روونە، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە دوابڕیار بدات.

یەکگرتوو ، هەمیشە لەسیاسەت کردندا،  نەشیشی سووتاندوە و نە کەباب، بۆیە چاوەڕێی لێ ناکرێت بارودۆخەکە بەلایەکدا بخات.

کۆمەڵ خۆی ساغ کردۆتەوە لەخیتابیدا ، بەڵام  هێشتا دڵی بۆ حکومەت دەسوتێ و دەستبەرداری نابێت.

ئەی یەکێتی؟
 یەکێتی، تائێستا روونییە لەچ بەرەیەکە ئەمەش وای کردوە ئەم بارودۆخە درێژە بکێشێ ، چونکە یەکێتی بمانەوێت یان نا باڵانسی پرۆسەی سیاسی راگرتووە، بەڵام بەداخەوە راگرتنی ئەم باڵانسە تا ئێستا لەبەرژەوەندی خەلک نییە، هێندەی لەبەرژەوەندی دەسەڵاتە سیاسیەکەی پارتییە. 

دوای ئەوەی خەڵک بێزاری گەیشتۆتە ئەوپەڕی و هاواری مووچەو قوتی ژیانی ئەکات. خراپی باری ئابووری وای لە خەڵک کردوە، تاڕادەیەک هەموو مەسەلە سیاسیەکانی بیرچۆتەوە.
 دەیان خێزان لەلێواری هەڵوەشاندنەوەدایە، دواتر دەیان مناڵ بێناز ئەکەوێت. دەیان گەنج گەیشتۆتە کۆتا خاڵی نائومێدی.
 ماڵ هەیە خاڵیە لەهەموو پێداویستیەکی رۆژانە. هەر ئەم خەڵکە برسی و ماندووە، رێگاچارەیەکی نیە، جگە لەوەی کەئیتر دوا کارتی بەکاربهێنێ، کە لەبەردەستیەتی ئەویش رژانە سەرشەقامە، بەڵام لەم کات و ساتەدا لەشەقامەکان دەیان داربەدەست چاوسووردەکەنەوە لەو خەڵکە برسیە، پاساوی ئەمەش راگرتنی ئارامی شارە، بەڵام ئەی کێ ئارامی ماڵەکان رائەگرێت و نانیان بۆ دابین ئەکات؟ کێ ئارامی ئەم فەوزا کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییە رائەگرێت؟
٭ئەم داربەدەستانە بۆ کێ چاو سووردەکەنەوە لەم خەڵکە؟ ئەم پرسیارە وەڵامەکەی لای یەکێتییە!

٭لەنێو ئەم هەموو خیتابە جۆراوجۆرەی حزبە سیاسیەکان، کێ لەگەڵ میلەتە و کێ فریادرەسە چارەنووسی ئەم خەڵکە تا کەی وا بەنادیاری دەمێنێتەوە، کەی یەکلادەبنەوە؟
وەڵامەکەی لای هەموو حزبەکانە!

22/01/2016



وتارەکانی تری نوسەر