پێشتر بۆ نادیەکان گریان، ئێستا پشتیوانییان بن

ئاشتی عەبدولآ
 لەدوای تاوان و جینۆسایدی شەنگال و بەکەنیزەک کردنی کچان و ژنانی ئێزیدی و دەست درێژی کردنە سەریان، لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات ئەم تاوانە دژ بەمرۆڤایەتیە ئیدانە کرا، لەهەموو لایەکەوە هەوڵی ئەوە درا، کەئەم تاوانە لەجیهاندا، وەک جینۆساید بناسرێت و هاوکاری بەپەلە بۆ ئێزیدیەکان و بەتایبەت کچان و ژنان دابین بکرێت. 

یەکێک لەو ژنانەی کاریگەری دروست کرد و دەنگدانەوەی هەبوو، خاتوونێکی ئازا بوو کەسەرنجی زۆرینەی میدیا جیهانی راکێشا، بەگریان و توڕەبوونەکەی لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقدا. ئەو خاتوونەش ڤیان دەغیل ئەندام پەرلەمانی عیراق بوو، بەڵام لەئێستادا خاتوو ڤیان لەگەڵ یەکێک لەکچە قوربانییەکان لەپێشبرکێدایە بۆ بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی. ئەویش نادیە مورادە. 
نادیە مورادی تەمەن 21 ساڵ، وەک یەکێک لەقوربانیەکانی جینۆسایدەکە ماوەیەک پێش ئێستا، لە ئەنجومەنی ئاسایش ئامادەبوو بوێرانە و راستگۆیانە باسی لەو تاوانانەکرد و چیرۆکی دەست درێژی کردنەکەی لەگەڵ فرمێسکەکانیدا گێڕایەوەو جیهانی هەژاند.

 دواتر نادیە لەلایەن سەفارەتی عێراق لەنەرویج کاندید کرا بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی. لەهەمان کاتدا ڤیان دەغیلیش وەک ژنێکی کاریگەر لەسەر پرسەکە پاڵوێرا. لێرەوە چەند سەرنجێک دەخەمەڕوو سەبارەت بەشیاوترینیان بۆ خەڵاتەکە، ئەم هەڵبژاردنەی من وەک ژنێکی کورد لەزادەی خەمخۆری و تێکەڵ بوونە لەگەڵ ئازاری کچانی ئێزیدی، چونکە ئێمەش وەک ئەوان لەخەمدا ژیاین و هەستمان بەراچڵەکاندنەکان و ترسەکانیان کرد وەک ئەوان گریاین . 

٭ سەرنجەکان وەک بەراوردێکە لەنێوان بەرگریکارو قوربانیدا:

1- ڤیان دەغیل نەهامەتی و ئازارەکانی کچانی ئێزیدی گەیاند، بەڵام نادیە خۆی لەناو ئازارەکاندا ژیا، خۆی قوربانی بوو.

٢- لەئێستادا ڤیان تاڕادەیەکی زۆر ناسراوە لەجیهاندا و زۆرینەی کەسایەتیە جیهانیەکانی ناسی و خەڵاتی وەرگرت، بەهۆی نەهامەتی و ئازاری کچان و ژنانی ئێزیدیەوە، بەڵام نادیە خۆی ناساند وەک قوربانیەک کە ئازارەکانی بۆ هەتاهەتایە بیرناچێتەوە ئەوەی بەسەر نادیە و هاوڕێکانیدا هات، هەمیشە لەیادەوەریاندا زەنگێکی ترسناکە بەگێڕانەوەکانیشیان گوزارشتی لێ ناکرێت. 

٣- ڤیان لەدوورەوە ترس و تاوانی تیرۆرستانی داعش و کارە نامرۆڤانەکانی ئەو گروپە تیرۆرستە دەرهەق بەنەتەوەکەی گریاندی، بەڵام نادیە دەستی تیرۆرستان لەسەر جەستەی پاکیزەیی جێماوە. جگە لەم سێ خاڵە، بەراوردەکان زۆرن لەنێوان بەرگریکارو قوربانیدا. 

گومانی تیانیە، کەڤیان دەغیل شایستەی خەڵاتەکەیە، بەڵام نادیە شیاوترینە، تکایە خاتوون رێگرمەبە لەبەردەم کچە قوربانیەکی نەتەوەکەت، رێگە مەدە پرسە حزبی و سیاسیەکان هەستە مرۆڤانەکانتان بمرێنێ، هاوکاری نادیە بە، بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە تۆ پێشتر بۆ نادیەکان گریایت، ئێستا کاتیەتی لەگەڵ سەرکەوتنەکانیان پێبکەنی.


06/02/2016



وتارەکانی تری نوسەر