سلێمانی بۆ فرۆشتن نییە

ئاشتی عەبدولآ
دڵنیام کەپارێزگاری سلێمانی پێش دەرکردنی بڕیاری تۆمارکردنی شوقەو خانوو بەناوی هاووڵاتیانی عێراقی و بیانییەوە زانیاری هەیە لەسەر مێژووی چۆنێتی دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل ..بۆ بیرهێنانەوە ئاماژە بە ئەم پەرەگرافەی خوارەوە ئەدەم.
*لەیەکەمین کۆبوونەوەی بزووتنەوەی سەهێۆنی جیهانیدا، بەسەرۆکایەتی تیۆدۆر هێرتزل لەشاری بازل لەسویسرا لەساڵی 1897 بەمەبەستی دروستکردنی کیانێک بۆ جوولەکە چەند بڕیارێکیان دەرکرد، کەیەکێک لەبڕیارەکان بەم شێوەیە بوو (پێکهێنانی وەکالەتی یەهودی بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرەکەو ئەرکی ئەم وەکالەتەش کۆکردنەوەی پارە دەبێ لەسندوقێکی قەومی دا بەمەبەستی کرینی زەوی وزار و رەوانەکردنی کۆچبەرانی یەهود بەمەبەستی نیشتەجێبوون لەفەلەستین).
لەم پێشەکییەدا و لەباسکردنی داگیرکردنی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە، لەڕێگای کرینی موڵک و زەوییەوە، دەمەوێت بچمە سەر باسکردنی بڕیارەکەی پارێزگاری سلێمانی کەبڕیارێکی دیراسەنەکراو و لەتەوقیتێکی نەگونجاودا دەرکراوە.
پێم سەیرە خەمخۆرانی شار کە وا خەمساردبن لەئاست پرسێکی نەتەوەیی وا گرنگدا .
لەماوەی رابردوودا و بەئێستاشەوە بەهۆی نادادپەروەری و گەندەڵی حکومڕانی کوردییەوە ، تائێستا زۆرینەی هاووڵاتیان خاوەن بستێک زەوی نین و توانای کڕینی موڵکێکیان نییە لەشارو شارۆچکەکانی خۆیاندا، قووتی میللەت لەدەستی کۆمەڵێک سەرمایەداری سیاسیە، کە تەنها کاریان پڕکردنی بانکەکانی ئەوروپایەو بەرزکردنەوەی بینایە لەشارەکاندا کەئەمەیان ناوناوە گەشەپێدان و بوژاندنەوەی ئابووری. کەتەنها دەسەڵاتدارن سودمەندبوون لەو بوژاندنەوە ئابووریە.
ئێستا جگە لەدەست بردن بۆ قووتی میللەت و زەوتکردنی مافی خاوەندارێتی موڵک و زەوی لەهاووڵاتیانی سلێمانی ، ئنجا نۆرەی دەستبردنە بۆ پرسی نەتەوایەتی و فرۆشتنی زەوی و زاری هاووڵاتیانی شارە بەهاووڵاتیانی عەرەب و بیانی، رەنگە نادادپەروەری و گەندەڵی تاسەر نەچێتەسەر بۆ دەسەڵاتدارن و رۆژێک بێت هاووڵاتی ئەم نیشتمانەش لەزێدی خۆیدا ببێتە خاوەن پارچەیەک زەوی ، بەڵام کەدێینە سەر پرسی نەتەوەیی و دەرکردنی بڕیارێکی لەم جۆرە، هەقە هەڵوێستەیەک بکەین و داوا بکەین کەئەم بڕیارە جێبەجێنەکرێت و پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.
بەپێی بڕیارەکەی پارێزگاری سلێمانی ماف دەدات بەهاووڵاتیانی عەرەب و بیانی کە مافی موڵکداریان هەبێت لەپارێزگای سلێمانی .
لەدەرکردنی ئەم بڕیارەدا بەرێز پارێزگار زۆر کورتبین بووە و بەبێ دیراسە ئیمزای لەسەر نووسراوێکی وا کردوە کەداهاتووی نەتەوەیەکی پێوە بەندە.
نەتەوەیەک کەبەدرێژایی مێژوو بەدەست تەعریب و داگیرکارییەوە دەناڵێنێت و هێشتا زۆرینەی ناوچەکانی لەژێر هەرەشەی تەعریبدان .
گەرمیان وناوچەکانی دەوروبەری، کەزۆرترین مەترسییان لەسەرە لەو روەوە ناکرێت بڕیارێکی وەها بیانگرێتەوە، جێی خۆشحاڵییە کەئیدارەی گەرمیان بڕیارەکە جێبەجێ ناکات.
ئەگەر بۆ پارێزگاری سلێمانیش هەر پاساوێک هەیە بۆ دەرکردنی بڕیارێکی لەو جۆرە و بۆ گەشەپێدانی ئابووری شارو بوژاندنەوەی گەشتیاری، ئەوا دەبوو باشتر دیراسەی بڕیارەکە بکرایە، ئێستاش دەکرێت پێداچوونەوە بکرێت لەبڕیارەکەدا و کڕینی موڵک و زەوی مەرجداربکرێت، لەو مەرجانە دەکرێت تەنها لەسەر کوردانی بەشەکانی ترو کەسانی خاوەن پسپۆرییە تایبەتەکان وەکو دکتۆرو مامۆستای زانکۆ و سەرمایەدار تابۆ بکرێت، لەم مەرجدارییەدا لەدوو رووەوە گونجاوترە لەبڕیارەکەی پێشوو، یەکەمیان وەک ئەوەی پارێزگار ئەیەوێت کەهەلێکی باشە بۆ گەشە و بوژانەوەی ئابووری ئەوا ئەمە رێگایەک ، دووەمیشیان مەترسی تەعریب کردن و هاتنی بەلێشاوی عەرەب بەبێ بەرنامە بەو جۆرە نابێت، تەنها ئەو فیئانە دەتوانن ببنە خاوەنی موڵک، کە سلێمانی سوودمەند ئەبێت لەپسپۆریی و سەرمایەیان.
لەئێستادا کوردستان مەترسییەکی گەورەی ناسنامەی لەسەرە، کێشەی شیعەو سونەی عیراق بەردەوام لەهەڵکشاندایە، ئەم بڕیارە رێگە خۆشکەرە بۆ سڕینەوەی ناسنامە و یەکلاکردنەوەی کێشەی شیعەو سونەی عیراق لەسەر زەوی کوردستان بەجێگیرکردنیان و تاپۆ کردنی زەوی و خانوو بەناویانەوە.
وەک ئەوەی لەکاتی دەرکردنی بڕیارێکی وادا بیریان چوو بێت، کە ماددەی 140 بۆتە ئەو گرێکوێرەییەی کەتائێستا ناکرێتەوە هیچ کارێکی پێنەکراوە.
وا پێویست ئەکات کەهاووڵاتیانی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان فشارێکی مەدەنی دروست بکەن، تا پێداچوونەوە بەم بڕیارەدا بکرێت. جەنابی پارێزگاریش کۆمەڵێ خەڵکی پسپۆرو شارەزا دیاری بکات تا هاوەڵی بن بۆ پێداچوونەوە و دیراسەکردنەوەی بڕیارەکە، چونکە ناکرێت بۆ چارەسەری قەیرانێکی کاتیی پرسی چەندین ساڵەی نەتەوەیەک فەرامۆش بکرێت.


15/06/2016



وتارەکانی تری نوسەر