86 ساڵ پێش ئێستا له‌ڕۆژی 1930/9/6 بێکه‌سی شاعیر خوێندکاره‌کانی له به‌یانی زووه‌وه ده‌هێنێته سه‌را و ئاماده‌یان ده‌کات بۆ خۆپیشاندان لەبەردەرکی سەرای شاری سلێمانی، کە لەم خۆپیشاندانەدا هاووڵاتیانێ شاری سلێمانی به‌رامبه‌ر پشتگوێ خستنی داواکارییه‌کانی گه‌لی کورد له لایه‌ن ئینگلیز و حکومه‌تی عێراقی ڕاپه‌ڕینێکی جه‌ماوه‌ریان بەرپاکرد، که مێژوونووسان و که‌سانی نزیک له ڕووداوه‌که ئه‌م خۆپیشاندانه‌ی شاری سلێمانی ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ چه‌ند هۆکارێک لەوانە، په‌شیمان بوونه‌وه‌ی هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتداری ئینگلیز و حکومه‌تی عێراقی، له‌و مافانه‌ی له ڕووی سیاسی و به‌ڕێوبردن و ڕۆشنبیری و که‌لتورییه‌وه به گه‌لی کوردیان دابوو، هەروەها خراپی بارودۆخی ئابووری کوردستان و عێراق، هۆکارێکی تری خۆپیشاندانەکە بوو، لەلایەکی ترەوە لابردنی تۆفیق وه‌هبی لەپۆستەکەی، که له 11ی ئایاری ئه‌و ساڵه‌دا کرا بەموتەسەریفی سلێمانی، دواتر لابردنی له 21ی ئابی 1930دا، هەروەها خاڵێکی‌تری گرنگ و هۆکارێکیتر هۆشیاربوونه‌وه‌ی گه‌لی کورد و نوێنه‌ره‌کانی بوو له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له به‌غدا، که چه‌ند جار به‌یاننامه‌یان بۆ سه‌لماندنی مافه سیاسی و ئیداری و ڕۆشنبیری و ئابورییه‌کانی کورد ده‌رکرد، بەڵام گوێیان لێ نەگیرا.
ئەم خۆپیشاندانە به چه‌ک وه‌ڵامی درایه‌وه و زیاد لە 40 که‌س کوژراو هه‌روه‌ها نزیکه‌ی 200 برینداری لێ که‌وته‌وه، ئەم رۆژە له مێژووی کورد و شاره‌که‌شدا به ڕۆژی ڕه‌شی شه‌شی ئه‌یلول ناسراوه.
دوای گێڕانەوەی ئەم مێژووە و بەراورد کردنی بە بارودۆخی سیاسی و ئابووری و هەموو کایەکانیتر لەهەرێمی کوردستان، جگە لەوەی کە پێش 86 ساڵ دوژمنانی کورد حکومڕان بوون و ئێستا حکومڕان رۆڵەی ئەم میللەتەن و هاو زمان و هاوخەباتن، جیاوازیەکی گەورە بەدی ناکرێت، چونکە بارودۆخی کوردستان و ژیان و گوزەرانی خەڵک لەوپەڕی خراپیدایەو پرسی گەورەی نەتەوەیی لەنێوان ململانێی حزبیدا ونکراوە، بۆیە ئەگەری دووبارە بوونەوەی 6ی ئەیلولێکی تر دوورنییە، بەڵام رەنگە تەوقیتەکەی جیاواز بێت و چاوەڕێبکرێت کە( بێکەسێکی تر) لە نوخبە ڕۆشنبیرەکانی ئێستا رێنوێنیان بکات و کۆیان بکاتەوە کەتا ئێستا ئەم کاراکتەرە دیار‌و رۆشنبیرە غائیبە لەنێو ئەم هەموو فەوزا سیاسی و بارودۆخە خراپەدا، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە دەسەڵاتی کوردی بۆ مانەوەی خۆی لەئەگەری دووبارەبوونەوەی 6 ی ئەیلول، خۆپیشاندان ئەکاتە شەڕێکی خوێناوی؟ ئەم ئەگەرەش بەدوور نازانرێت، چونکە 17ی شوباتیش مێژوویەکی خوێناوی بوو لەسەردەمی دەسەڵاتی کوردی‌دا تۆمار کرا .
لەو باوەڕەدانین کە ئەو دەسەڵات و تاقمەی دەستی گرتووە بەسەر سەروەت و سامانی وڵاتدا‌و میللەتێکی برسی کردووە و کوردستان بەرەو وێرانە دەبات و بیرە نەوتەکانیان بۆ خزمەتی بنەماڵە و خۆشگوزەرانی خۆیان تەرخان کردووە و هیچ پرەنسپێک و مۆراڵێکی نەتەوەیی و نیشتمانیان تیادا بەدی ناکرێت، ئاسان خۆپیشاندانی هاووڵاتیەکانیان و وشیاربوونەوەی خەڵکیان پێ هەزم بکرێت، بەڵام بۆ چاکسازی و ریفۆرم لەم سیستمە سیاسیەو بەئاگا هێنانەوەی ئەم حزبە ناپەرپرسانە لەمەترسی بارودۆخەکەو خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵک، پێویستمان بە 6 ی ئەیلولێکی ترە بەرامبەر حکومڕانی کوردی و حزبی کوردی کە ساڵانێکە لەژێر ناوی رەوایەتی شۆرشگێرانە ئەم میللەتە ئەچەوسێننەوە و وڵاتیان دابەشکرد بەسەر چەند دەستەو تاقم و بنەماڵەیەکدا.