سەربەخۆیی..مافی چارەی خۆنووسینی گەلێک‌و کارتەکەی بارزانی

ئاشتی عەبدولآ
بریاره‌ (25|9| 2017) ریفراندۆم لەهەرێمی کوردستاندا ئه‌نجام بدرێت.  ئەو بڕیارەی بەیاسایی و لەپەرلەمانی کوردستانەوە نەدرا، بێگومان بڕیارێکی حیزبی و تاکڕەوییە.
تا پێش چوونی سەردانی شاندی ریفراندۆم بۆ دەرەوە و، بەمەبەستی بەدەستھێنانی پشتیوانی، ئاسۆی ئامانجەكە رون نەبوو، که ‌ئایا دەرئه‌نجامی ریفراندۆمه‌که‌‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی خەڵکی هەرێمی کوردستان و چارەنووسی ئەم گەلەیە، یان نا؟! 
ئەو پرسیارەش لای زۆربەمان ھەبوو کەبۆچی بارزانی و پارتی په‌نا ده‌بەنه‌ به‌ر کارتی ریفراندۆم ؟ ئایا ریفراندۆم دەکرێت ببێتە وەسیلە بۆ ئەوەی خەڵک له‌و کێشه ‌و قه‌یرانانه‌ رزگار بکات و هەرێم بگەیەنێتە کەناری ئارامی؟ 
ئەگەر پێش سەردانەکەی شاندی ریفراندۆم بۆ پەرلەمانی ئەوروپا، ئەم پرسیارانە پێویستی بەکەمێک تێرامان هەبووبێ، ئەوا  وەڵامدانەوەكان لە ئێستادا و ،دوای لێدوانەکانی بارزانی لەپەرلەمانی ئەوروپا وێنەیەکی روونمان  دەهێنێتە بەردەست.  وەڵامەکانی بارزانی ئەمانگەیەنێتە ئەو راستیەی کە ریفراندۆم لە ئێستادا بۆ سەپاندنی ئەجێنداکەی بارزانی و پارتییە. بەشێکی سەرەکی ئەم ئەجێندایەش ئەو سیاسەتەیە کە ئاکەپە دەیەوێت  لە هەرێمی كوردستان لەدوای شەڕی داعش جێبەجێی بکات.   ئەوەی گرەویشی لەسەر ناکرێت بەبڕوای ئێمە دووخاڵە: 
یەکەمیان:  ئەو  خەونەیە کە بارزانی دەیەوێت بیھێنێتەدی، تا لە پرۆسەی سیاسیدایە ئەم پرسە ھەرچۆنێک بێت و باجەکەی گەر ئایندە و چارەنووسێکی نادیاریش بێت بۆ ئەم گەلە، ئەو بەم کارتە مێژوویەک بۆ خۆی تۆماربکات. 
دووەم: گوێڕایەڵیی بۆ داواکانی ئاکەپە و ھێنادی سیاسەت و ئەجێندای ئاکەپەیە لەھەرێم و ناوچەکە. ئەمەش بەرامبەر ئەو رێكکەوتننانەی کە ھەم لەرووی سیاسیی بۆ مانەوەی دەسەڵاتی بارزانی ھەمیش لەڕووی بازرگانیی و بەرژەوەندییەکانیان.
بەپێی ھەموو  ئەو کاردانەوە و لێدوانانەی چ لەسەر ئاستی ناوخۆو، چ لەسەر ئاستی دەرەوە دا ھەیە لەسەر ئەم پرسە و ئەگەرەکانی، پێناچێت لەو وادەیەدا ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، نوێترین لێدوانیش لەلایەن (برێت ماکگۆرک) نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش لە واشنتن لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی ئەوەی ئایا ئەمریکا لەگەڵ کاتی گشتپرسی باشووری کوردستان نییە؟ یان گشتپرسی و مافی بڕیاردانی خەڵک بۆ چارەنووسیان رەتدەکەنەوە؟ کە لە وەڵامدا وتی:  "بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراقی راگەیاندووە کاتی گشتپرسییەکە بە گونجاو نازانن.
(ماکگۆرک) ئاماژە بەوەشدەکات کە داعش کۆتایی نەهاتووە و لە (تەلەعفەر و حەویجە) ماوە،  بۆیە بە باشی نازانن ئێستا گشتپرسی بکرێت". دەشڵێت: "پێشـمەرگە لە ئۆپەراسیۆنی حەویجە بەشدار دەبێت و شەڕی ئەو شارۆچکەیە زۆر ئاڵۆزە."

ئەگەرێکیتریش لەبەردەمدایە بەھۆی عینادی سیاسیی   کە ریفراندۆم لەو کاتەدا ئەنجام بدرێت، بەڵام لەم ئەگەرەدا  چارەنووسی میللەتێک ئەکەوێتە مەترسی و کێشەمەکێشێکی نوێی ئیقلیمی و ناوخۆیی و تارادەیەکیش  لەگەڵ دەوڵەتە زلھێزەکاندا روودەدات. لەگەڵیشیدا لەباربردنی خەونی میللەتێک بۆ دروستبوونی کیانێک و دەوڵەتێک کە بەدرێژایی مێژووی خەباتکردنی ویستویەتی مافی چارەی خۆنووسین لە کات و زەمنێکی گونجاودا دیاری بکات.
هەڵبەتە پێدەچێت  خودی بارزانی نەتوانێت بەم رێکارە خەونە خودییەکەی بێنێتەدی. ئەو دەیەوێت لەسەر حسابی نەتەوە و داھاتوو چارەنووسی گەلێک مێژوویەک بۆ خۆی تۆمار بکات! گەر بەم جۆرەبێت پێناچێت  روویەکی گەشی هەبێت و، لەداھاتوودا رەھەندێکی مێژوویی وەرگرێت، کە باشانازییەوە باسبکرێت.

14/07/2017



وتارەکانی تری نوسەر