کارمان بۆتە هاوارکردن

ئامانج هەرتەلی

کاری ئێمە بۆتە هاوارکردن ، لەدەست نادادی و جەوروستەمی دەستەڵاتێک ، پڕیەتی لە بوغزوقین ، پڕیەتی لە ئازار بۆگەلێک ، هاوارێکی بێ کۆتا ، هاوارێکە هەموو کەسێک لە ئاستیدا گوێی گرانە ، ویژدانی مردوە ، هەستی مرۆڤدۆستی گۆڕاوە ، بۆ هەستی بێرەحمی درندەیەک لە دارستان ، هاواری ئێمە لە هاواری ئەو گیان لەبەرە بێ هێزە دەچێت ، لەژێردەستی دڕەندەیەکدا ،

جەستەمان پڕکراوە لەبرین ، برینمان هەیە هی شەری ناوخۆیە ، ئازارێکی بەسوێی هەیە ، برینمان هەیە هی نادادیە ، برینمان هەیە هی ئەتک کردنی ئازادیە ، برینیشمان هەیە هی دەستەڵاتێکی دکتاتۆرە لە بەرگی دیمووکراسیەکی درۆزن و تەزویرا ، برینیشمان هەیە هی نانە ، ئەونانەی بە رەوای نابینن بۆ میللەتەکەی ، برینمان زۆرە ، هێند زۆرە برینی جەستەمان ، لە هەموویان بەژانتر و بەسوێتر برینی شەنگالە ، نازانین لەبەر کامەبرین هاوارنەکەین هیچیان سارێژن نەبونە ، برین هەیە کرمێ بوە وەک برینی ۱٤۰ و کورسی سەرۆکایەتی هەرێم ، هەر هەمویان ئازار بەخشن ، هەرهەموویان هاوارمانە لەبەریان

هێندەی هاوارمان لە تاو ژانی برینی دەستی خۆمان ، کەس گوێیلێمان نیە ، گوێکانیان گران بوە ، بەنەوتی هەڕاج کراو ، چاوەکانیان کوێربوە هیچ نابینن ، هاواری ئێمە ئێستا خەریکە خۆشمان گوێمان لە خۆمان نەبێتەوە ، ئیتر ئێرە نیشتمانی ناڵاندو هاواری جەوروستەمی گەلێکە ، بەدەست گروپێکی تاڵانچیەوە ، کەسم نەبینیوە هەرنەشبوە لەمێژوودا ، وەک ئەم دەسەڵاتە هەرخەریکی کوناودەر کردنی نیشتمانبێت ، هەرچی هەیتی بدزێ و بیبات و کەس بۆی نەبێ قسەبکات ،

من نازانم مرۆڤ دۆستان لەکوێن ، گوێچکەکانیان بۆ واگرانە لەئاست ستەمی دەسەڵاتی ساروماری کوردی ، بۆ جارێک لە ئاست سلساری دەسەڵاتداری  ئەم هەرێمە قسەیەک ناکەن ، گوێ بۆ ناڵەی گەلێکی ستەمدیدەناگرن ،  دەسەڵاتی سلساری کوردیش تۆزێک شەرم نایگرێ لە ئاست دۆستانیدا ، لەبەرام بەر تاڵانکاری هەرێمەکەی و برسیکردنی گەلەکەیدا ،

ئەبێ دۆستانمان کەدەمانبین و لەدەسەڵاتی سلساری کوردی دەڕوان ، لەگەڵ دووژمنی سەدان ساڵەیاندا ، دۆست و تەبان ، لەولاشەوە گەل برسی و ماندوە هاواریەتی لەدەست نادادی ، برین لەسەر برین لەجەستەی نیشتماندایە ، لەسایەی ئەم بەرپرسە سلسارانە چیمان پێدەڵێن؟ ، جوابیان چبێ بۆ دیمووکراسی و مافی مرۆڤ بانگەشە بێ بنەماو درۆ کەتەکانیان؟؟ ، کە بڵاوی دەکەنەوە ، ئەبێ هاواری ژانی میللەت ڕاسبێت ، یان درۆی کەتەی سەرتیڤی ئەم سلسارانە.

28/06/2016



وتارەکانی تری نوسەر