چی ترمان دەبەن؟

ئامانج هەرتەلی


بەدرێژایی نیوسەدە لە ڕۆژگاری ئەم هەرێمە ، ئەوەی هەمانبوو برتان، وێرانتان کرد و ڕووتتان کردینەوە، ۲٦ سالیشە وەکو تەپۆ خوێنمان دەمژن، وەکو سن تۆقی زادمان دەبەن، کەڕامەتمان ئەتک دەکەن، لەژێر ناوی کوردایەتی.

خۆتان بەراورد کردوە لەگەڵ گەلانی تر، چیتان لەوان دەچێ؟ لەهیچدا لەوان ناچن بۆ گەلەکانیان، ئێوە لە داگیرکەر دەچن لە کوشتن و تێکدان و وێرانکردن، ئێوە بەناوی کوردایەتیەوە هەموو سنورێکتان بەزاند، هەموو یاسایەکتان شکاند، هەموو جوانیەکتان ئەتکرد.

دواجار و لە دواهەوڵتاندا وەک ۱۲ی ئۆکتۆبەر پەرلەمانتان ئەتکرد، جارێکیتر بێ کۆدەنگی نیشتمانی جارێکیتر لە ۱٥ی سێپتەمبەر پەرلەمانیان بەبەرچاوی هەموو جیهان لەپێناوی ئارەزووی کەسێک بۆ ئەوەی هەموو سنورەکان ببەزێنێ دەست برایەوە بۆ شکاندنی شکۆی پەرلەمان، بەناوی کاراکردنەوەوە بریار لەسەر ریفراندۆمێکدرا جگە لەماڵوێرانی هیچیتری پێنیە بۆ گەلەکەم.

ئەوەی دیارە لێمان دۆستانمان دوائینزاریان داوە پێیان بۆ ئەوەی ریفراندۆم نەکات بارزانی و دەست هەڵگرێ لە خولیای ئارەزووی شەخسی کەجگە لە سوود بۆخۆی هیچیتر نیە، دووژمنانیشمان هەموو ڕۆژێ لەلایەکەوە هەڕەشە دەکەن، کوردستانیش بۆ تە بەڕەیەکی سووتاو لەهەر لایەک دەستی بۆببەی لێک هەڵدەوەشێ. لەسایەی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵەدا.

بارزانی و هاو ئاوازەکانی لە سەر کێشی دۆڕانێکی گەورەدان، ئەم سەرکێشیە وەستانەوەی ئاشکرایە بەرامبەر بەو دۆستانەی کەلە چەندسەردەمێکدا ئێمەیان پاراستوە، دواجاریش پاراستن بوو لە چەتەکانی داعش، سەرەڕای هەموو ئەوانەش ئەم دەسەڵاتە نەی توانیوە یەک شتێک بەدڵی ئەوان بکات، هەمیشە دژی دۆستانمان وەستاونەتەوە بەدڵی داگیر کەرانی کوردستان ڕەفتاریان کردوە.

ئەمانە هەمووشتێکیان بردین، تاکەشتێک ماوە کە لێمانی بسەنەوە ئەو هەرێمەیە کەخەڵکی کوردستان ڕزگاری کردو ئەوانیان هێنایە سەر عازری، پیاوەتی و وەفاشیان بۆگەلەکەمان شەڕی ناوەخۆ و دزینی قوتی ئەم گەلەبوو، وەفای ئەوان بۆ ئەوگەلەی ئەوانی لەئاوارەی ڕزگار کردوو کردنیە خاوەنی هەمووشتێ و گەلیشیان داماڵی لەهەمووشتێ.

ئەم ریفراندۆمە ئەگەر بکرێت و ڕانەگیرێ و بارزانی گوێ لە کەس نەگرێ و بەردەوام بێت لەسەر سەرکێشی کردن بەگیانی گەلەکەی، ئامانجەکەی ڕوونە ئەویش ئاشبەتاڵێکی ترە، دەیەوێت دوای ئەوەی ئەم هەمووشتەی لەسەر گیانی ئەم گەلەی بەدەست هێنا، ناشیەوێ ئەم هەرێمە بەئاسنی دەستی لێبەربدات، بەڵکو دەیەوێت بەوێرانی جێی بهێڵێت و ڕادەستی دووژمنی بکات، چونکە بەشی خۆی تا قیامەت لێی هەڵگرتوە، هەروەها دەشیەوێ کەس دۆستی کورد نەبێ دوای ئەوان.

بۆیە هەمووشتێکی ئەم گەلەیان برد، کاتی ئەوەیە ڕێگە بگیرێت چیتر دەست بۆ پیرۆزیەکان نەبەن و گەلی کورد چۆن لە ڕاپەڕین خاوەنداری لە خۆی کرد، بەهەمان شێوەش لەم ریفراندۆمە خاوەنداری لەخۆی بکات کەس بەخاوەنی خۆی نەزانێ بۆیە پێویستە گەلی کوردیش گوێ لە دۆستەکانی بگرێت و ئەزموونی درووست کراوی دەستی خۆیان نەدەنە دەستی ئەم دەسڵاتە چەتەیە، بەڕەوانی دژی ئەوانە بوەستنەوە بۆیەک ڕۆژ لەهەوڵی ئارامی کۆمەڵگای کوردیدا نەبوە، بەڵکو لە پێناوی مانەوەی خۆیان وڕووتکردنەوەی کۆمەڵگای کوردیدا هەرڕۆژە شەڕێک و هەردەمە سیناریۆیەکیان بۆ درووست کردووین، دوای ئەوەی سیناریۆیان نەما، بڕیاری ئاشەتاڵیان داوە بەناوی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی، ئاخر ڕیفراندۆم سەربەخۆی لەکاتێکدا ئاواتی هەموو کوردێکی بەشەرەفە، چۆن لەتاریکار بێ ئەوەی کۆمەڵگای کوردی ئامادەکاری بۆکردبێت دەکرێ ئەگەر بۆ ئاشبەتاڵ نەبێ، ۲٦ ساڵە دارێکتان لەسەر بەردێک دانەناوە هەر دارتان لەسەر بەرد لاداو. بۆیە چیتر نەماوە نەی بەن، ئەوەی ماوە بیبەن تێکدانی ئەم هەرێمەیە و ڕادەستکردنەوەیەتی بە عەرەب و بەس ئێوەش سەری خۆتان هەڵگرن بۆ ئەوشوێنەی بۆی دەچن

19/09/2017



وتارەکانی تری نوسەر