ئەوەی وێڵی کردن بۆسەرکەوتن، لەژێر پێکانی ئەواندا خۆتان دۆزیە

ئامانج هەرتەلی

هەر کەلەبەرێکەوە دەمانەوێ قسە لەسەر باری حوکمرانیتان بکەین، لەوێ شەباقەیەک هەیە لە پۆخڵی و بارێکی لاری خوارو خێچە لە کەندەڵانی ستەمکاریدا، ئێوە هێندە خۆتان زیاد لە پێویست لە ژیری و کارامەی خۆتان دڵنیابوون، هیچ بیرمەندێکتان نەدەکرد بە خوێندکاری خۆتان، هێندە بەلوتێکی بەرزەوە دەتان ڕونیە گەلەکەتان و نەعوزبیلە وەک خودا خۆتان نمایش دەکرد، لەپێدانی رسق و لەبڕینی نانیان، ئەوەی حەزتان کردبا و دڵ ئاوازی بۆ خوێندبا دەتان خستە خزمەتی خۆتان، هێندە باڵابوون لەستەمکاریدا، کارتان گەیاندە هەڵوەشاندنەوەی خێزان، کارتان گەیاندە ئەتکردنی هەموو پیرۆزیەک، هێندە بەرزبوون لەسەروی هەموو یاسایەکەوە خۆتان دەنواند، دەنگی گەلتان لەهەڵبژاردن تەنها بۆ ڕووپۆشی خۆتان بوو، تا لەبەرگی نویدا یاری بەهەموو هەستێکی پیرۆزی ئەم گەلەبکەن، هەموو قودسیەتێکی تاروماربکەن، بیخەنە زبڵدان و واشتان کرد تابۆتان کرا، ئێوە سودتان لە ستەمی ستەمکارانی دووژمنی گەلەکەمان کرد تا بمێنەوە لەدەسەڵات، لەژێر درووشمی حوکمێکی خراپی ستەمکاری خۆماڵی باشترە لە حوکمێکی باشی بێگانە، گەلی کوردیش لەبەر تێکنەچونی ئەمە بێدەنگی هەڵبژارد،

 

هەروەها هەموڕۆژێکیش چەقەنەی شەڕی ناوەخۆتان لێدەدا، ئەگەر هێزێک تەنەزولی بۆنەکردبان و یان سنوری دێگەڵە دەتانکرد بەسنور و نەیارەکانتان لەوێ دەگێڕایەوە لەگەڵ پردێ، وەک ئاماژەیەک بۆشەڕی ناوەخۆ. ئاخر ئێوە چیتان دەسکەوت، ئێوە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەناو گەلەکەمان سیقەو متمانەتان لەدەسدا، تاکار گەیشت بەوەی هەموو کارێکی خراپتان کرد بەرامبەر بە گەل و نەتەوەو جاردوای جاریش لەلایەن گەلانی جیهانەوە ڕووی خۆتان قێزەون کردو تا سەرەنجام ئەوانیش لە کۆتایدا بەهۆی بوغراییەوە پشتیان تێکردن و وانەیەکی مێژووی گرنگیان پێدان، بەڵام ئێوە لەهیچ وانەیەک نەتێدەگەن و نەوانەش وەردەگرن.

 

بینیمان ئەوانەی هەموو ڕۆژێ لەپێناوی شکاندنی گەلەکەمان هەموو ڕۆژێ لەکۆشکی ئەوان بەرنامەتان دادەنەو بیرتان لە ئیمراتۆریەتی و خۆسەپاندنی بەزۆر دەکردەوە، هەرڕۆژە پلانێکی جەرگ بڕیان بۆگەلی کوردیان پێ جێبەجێ دەکردن، لەپشتەوەش پلانی کوشەندەتریان بۆ ئێوە داڕشت، گەل نامرێ و ناش کەوێ، ڕەنگە بۆزەمەنێک بوەستێ بەڵام هەرهەڵدەستێتەوە، بەڵام ئەوە ئێوەن نەک هەڵناستنەوە بەڵکو دەبن بەپەند. دواجار هەر ئێوە هێندە بە پلیکانەکانی دووژمندا سەرکەوتن، خۆتان لەژێر قاچی ئەواندا دۆزیەوە، ئەوانە چەندە ڕێگەتان بدەن بڕۆن هێشتا لەژێر دەستی دووژمناندان.

 

حوکمکەرانی کورد لەباشور هێندە گەوجانە سیاسەتیان کرد، هێندە نەخوێندەوارانە کەوتنە خوێندنەوەی ڕووداوەکان، هێندەش بێ ئەزمونانەش ڕێگایان گرد، تائەم ساتەش لەبەر لەبەر لوتبەرزی خۆیان دان بەشکانی خۆیان نانێن، ئەوان لەشکاوی گەورەی خۆیان خۆیان بۆکۆناکرێتەوە بڵێن شکاوین، دەنگی شکانیان لەشەڕی ناوەخۆوە دێت، لە فەرهودی وڵاتەوە نابڕێتەوە، تادەگاتە ریفراندۆمی شوومی خۆیان و دواجاریش سڕکردنی، دەنگی شکانیان هێندە گەورەیە بە ئەنفالی ئێزیدیەکان و لەدەست دانی ٪٥۰ خاکی کوردستان نابڕێتەوە هەردێتە گوێی ئەم گەلەمان، ئێوەی خۆبە حوکمڕان و شارەزای سیاسەت وادەزانن هێندە گەورەن بەڵام گەورەیتان لەلای میللەت لترێک نەوتە و بوتڵێک غاز و پارویەک نان و مەمەیەک شیر بۆ ئەم گەلەناکات.

 

گەلی کورد زۆر هاواری کرد، قسەی زۆری کرد، خەڵکی دوونیا هەرهەموو ووتیان کاتی نیە ریفراندۆمتان، ناوچەکە شڵۆقە، دووژمنتان زۆرە، بەڵام گوێتان نەگرت، ئەزموونتان لەسەدان شکست وەرنەگرت، تا دواجار هەمووشتێکتان لەدەستدا، سەدان قوربانیتان لەم گەلەدا، قەرار بوو دەوڵەت درووست بکەن، زوومان زانی بۆ دەوڵەت نیە، بەڵام سەرکێشیتان ئامانجەکانی بۆ نەپێکان، بەڵکو بەتەواوی ئەوەی هەتان بوو لەدەستاندا، ئەوەی ئێوە دەتانبرد و دەتانکرد بۆخۆتان بوو، گەل هیچ سوودێکی لێنەبینین، ئەوەش وایلێکردن چۆن بێ پرسی گەل ریفراندۆمتان فەڕزکرد وەک حەزێکی تاکەکەسی، لەشەوێکیشدا لەپێناوی بەرژەوەندی چەندکەسێکە سڕتان کرد، بەناوی حکومەت. لەکاتێکدا ئەنجومەنی ریفراندۆم(یان ئەنجومەنی هەر ڕۆژە ناوێک) دور لەحکومەت ئەم بڕیاردابوو، ئێستا دەبوایە ئەم ئەنجومەنە سری بکردایە، کە ۳۲ حیزبی کارتۆنیە، ئەم سڕکردنە بۆ ئەوەیە چیتر حکومەتی عێراق نەیەتە پێشەوە، پارەی کاشی ناوبانقەکان بلۆک نەبێ، مەتاڕەکانیان بۆبکرێتەوە.

 

ئەم ریفراندۆمە چەندە شکستی گەورەبوو بۆ گەلی کورد، سڕکردنی شەرمەزاریەکی گەورەتر، بەڵام دەسکەوتێکی گەورەی دایە شیعە، لەماوەی چەند کابینەی ڕابردوو بەهۆی پێداگری کورد چەند سەرۆک وەزیرێکی عیراق گۆڕان ئێستا ئەم ریفراندۆمە شەنسێکی باش بوو بۆ عەبادی تا بتوانێ خۆی قایم بکات، هەموو ئەو دەرگانەی داخست کەدەبوونە هەڕەشە بۆسەر حکومەتی شیعە.

 

عەبادی باشترین شەنسی بەرکەوت، ئەوەی شیعە لەدەرفەتێکدا بۆی دەگەڕا، دەستی کەوت بەریفراندۆم توانی تەواوی خاڵە بەهێزەکانی کورد لاواز بکات، توانی ئەوەی بەدوایەوە بوو، بەکاتێکی کەم دەستی کەوت، ئەوەی کوردیش بەسەدان ساڵ بەدوایەوە بوو لەشەو ڕۆژێکدا لە ریفراندۆم لە دەستیدا، بەسڕکردن هەموویان مراند، ئەوەیە دەسکەوتی کورد، بەهەزاران قوربانی بەدەستی هێنا، بەهۆی ستەمی کەسێک و حەزی شەخسی مرۆڤێک لەبەر خۆبەزۆر زانی بازرگانی سیاسیان لەدەستدا.

26/10/2017



وتارەکانی تری نوسەر