خوێندنەوەی دۆخی ئاڵۆزی شەنگال پێش هەموو شتێک پێویستی بەوەیە بە دوور
لە دروشمە قەبەکانی لایەنەکانو خۆ نمایشکردنیان وەک قارەمانی نەتەوەیی لە وێنەکە بڕوانین.
چونکە هەمیشە ئەوەی روودەدات، پێش ئەوەی بەرئەنجامی دروشمو ئامانجە ئایدیۆلۆجییە راگەیانراوەکان
بێت، بەرهەمی شەڕی بەرژەوەندیو دەسەڵاتی هێزە سیاسییەکانە، بێگومان بێ ئەوەی مەبەستمان
ئەوە بێت لە رۆڵی دروشمو ئایدیۆلۆجیاکان لە رووداوەکاندا کەم بکەینەوە.
پارتیو پەکەکە
گومانی تێدا نیە بەشێک لە کێشەی نێوان پارتیو پەکەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو
پەیوەندییە هەمە لایەنو قووڵەی پارتی لەگەڵ تورکیا هەیەتیو رووداوەکەی ئەمڕۆش لە
کاریگەریی تورکیا بەدوور نیە (دواتر دێمە سەر باسی تورکیا). لەبەرمبەریشدا پەیوەندی
نێوان پەکەکەو ئێران. بەڵام مەسەلەکە هەر ئەوەندە نیە. بەبێ کاریگەری ئێرانو تورکیاش،
کێشەو ناکۆکی لەنێوان پارتیو پەکەکەدا راستییەکی زانراوەو رووداوێکی کوتوپڕو هەنووکەیی
نیە. لە بنەڕەتدا پارتی هێزێکی ناوەڕاستڕەوی پارێزگارە (موحفیزکار) کە بناغەکەی عەشیرەتە.
لەبەرامبەردا پەکەکە لەسەرەتادا وەک حیزبێکی چەپی مارکسی لینینی دامەزراوەو هەتا ئێستاش
زۆرێک لە خەسلەتەکانی ئەو ئایدیۆلۆجیایەی پێوە دیارە. بەدرێژایی ساڵانی رابردووش شاهیدی
شەڕو ناکۆکی ئەم دوو حیزبە بووین لەسەر نفووزو دەسەڵات. دەبێ ئەوەش زیاد بکەین کە بە
حوکمی جوگرافیاو نزیکی دیالێکتی زمانەوە، پارتی پەکەکە وەک مەترسییەکی گەورە بۆ سەر
نفووزی خۆی لە بادینان دەبینێت. واتە ئەمە ململانێیەکە لەسەر نفووزو دەسەڵاتی ناوچەییو
نەتەوەیی.
لەگەڵ ئەوەشدا رەنگە لای هەندێک کەس سەیر بێت ئەگەر بڵێم ئەم دوو حیزبە
لە زۆر شتیشدا لەیەک دەچن، بەڵام لێکچوونێک کە مایەی ناکۆکییەکی بەردەوامە لەنێوانیاندا….
چۆن؟
هەردوو حیزبەکە خەون بەوەوە دەبیننو هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن لە هەر چوارپارچەی
کوردستان رۆڵو کاریگەرییان هەبێت. لێرەشەوە لە هەر شوێنێک هەردووکیان نفووزیان هەبێت،
لە ململانێی بەردەوامدان. ئەوەتا بە ناوی جیاوازەوە هەر یەکەیان دنیایەک لقو پاشکۆی
خۆیان لە پارچەکانی تردا دروستکردووە. ئەو پێکدادانەی لە نێوان "هێزی رۆژ”و "یەپەشە”دا
روویدا، لە راستیدا شەڕی پارتیو پەکەکەیە کە ئەو دوو هێزە بە (وەکالەت!) ئەنجامی دەدەن.
جگە لەوەش هەر یەکە لە پارتیو پەکەکە، لە مەسەلەی قبوڵکردنی جیاوازیو هێزی خاوەن
بیروڕای جیاوازدا دەڵێی کۆپیی یەکترن. پارتی راست دەکات کە دەڵێت پەکەکە لە باکوورو
رۆژاوا جگە لە خۆیو پاشکۆکانی کەسی تری قبووڵ نیەو رێگەنادات کەس بجووڵیتەوە، بەڵام
هەمان شت بۆ پارتیش راستە، تەنها بە یەک جیاوازی: ئەوەی پەکەکە لە باکوورو رۆژاوا بۆی
چۆتەسەر، لە باشوور بۆ پارتی ناچێتەسەر. ئەوەتا لەو ناوچانەدا کە پارتی دەسەڵاتی رەهای
هەیە، هەرچی بە دڵی ئەو نەبێت ئاودیوی دێگەڵەی دەکات، تەنانەت ئەگەر ئەندام یان سەرۆکی
پەرلەمانیش بێتو بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردرابێت!
بێگومان بەریەک کەوتنی دوو هێزی لەم جۆرە، جگە لە ناکۆکیو پێکدادان هیچ
شتێکی تری لێ چاوەڕێ ناکرێتو ئەستەمە وەکو کورد دەڵێت، دانوویان پێکەوە بکوڵێت! بۆیە
سەیر نیە پارتی دیموکراتی کوردستان کە ماوەیەکی زۆرە بە لافو گەزافی دەوڵەتی سەربەخۆی
کوردستان مێشکی بردووین، ئێستا دەڵێت پەکەکە هێزێکی دەرەکییەو "عێراقی نیە!” دەبێ شنگال
چۆڵ بکات! وەک ئەوەی یەکەم هەنگاوی جیابوونەوە لە عێراق بریتی بێ دەرکردنی هێزێکی کوردی
کە عێراقی نیە، بەڵام تاکە هێزبوو لە بەرامبەر هێرشی داعشدا بەرگری لە ئێزیدییەکان
کرد. هەرچی پەکەکە-یشە، سەری زمانو بنی زمانی "خەباتی نەتەوەیی”یە، کەچی دەڵێت شنگال
دەبێ کانتۆنێکی سەربەخۆ بێتو لەلایەن خەڵکی شنگالەوە بەڕێوە ببرێت، کە دیارە مەبەستیان
ئەو هێزانەی شنگالە کە سەر بە خۆیانن!
ئەگەرچی وەک باسمان کرد، ناکۆکی نێوان پارتیو پەکەکە بە حوکمی بونیاد،
پێکهاتە، روئیای سیاسیو لێکچوونو لێکنەچوونەکانیان رووداوێکی نوێ یان چاوەڕوان نەکراو
نیەو ، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، بۆچی ئێستا؟
رۆڵی تورکیا لەم دۆخەدا چیە؟
من لە شوێنی تردا بە درێژی لەسەر تورکیای ئەردۆغانو شێوازو مامەڵەکردنی
لەگەڵ کورد بەگشتیو لە باکوورو باشوور بەتایبەتی قسەم کردووە. بۆیە لێرەدا بەکورتی
تەنها ئەوەندی پەیوەندی بە دۆخی ئێستاوە هەیە، قسە لەسەر سیاسەتی تورکیای ئاکەپەو ئەردۆغان
دەکەم.
سەرکەوتنە مێژووییەکەی هەدەپە لە هەڵبژاردنی حوزەیرانی ٢٠١٥ی تورکیادا
شکستێکی گەورەی تووشی ئەردۆغانو حیزبەکەی کرد. لە هەمان کاتدا سەرکەوتنەکانی پەیەدە
لە رۆژاواو دەست پێکردنی هاوکاریی ئەمریکا بۆ پەیەدە، مەترسییەکی گەورەی خستە دڵی تورکیاوە،
بەجۆرێک ئەردۆغان تووشی هیستریای کورد بوو، کۆتایی بە پرۆسەی چارەسەری یاخود "پرۆسەی ئاشتی” هێناو لەوە بەدواوە دژایەتیکردنی
هەموو بەرەوپێش چوونێکی سیاسیی کورد بووە سەرلەوحەی ئامانجەکانی. هەتا ئیدارەی ئۆباما
لەسەرکار بوو، هەوڵێکی زۆری دا ئەمەریکا رازی بکات دەست لە هاوکاریی پەیەدە هەڵگرێتو
رێگەی تورکیا بدات هێزی سەربازی بنێرێتە باکووری سووریا بۆ شەڕی پەیەدە، بەڵام سەری
نەگرت. بەهۆی ئەم کێشەیەوە، پەیوەندی نێوان تورکیاو ئەمەریکا گەیشتە ئاستێک لە خراپی،
کە لە مێژووی ئەو دوو وڵاتەدا کەم وێنە بووە. تا ئەو رادەیەی لە کۆتا رۆژەکانی ئۆبامادا،
ئەردۆغانی ئەندامی ناتۆ تەنازولێکی گەورەی بۆ رووسیا کرد، بە رەسمی داوای لیبوردنی
لە ڤلادیمیر پونت کرد لەسەر خستنە خوارەوەی فڕۆکە رووسییەکە، لە ئەنجامیشدا سەربەخۆ
لەگەڵ رووسیادا رێکەوتو چرای سەوزی لێ وەرگرت بۆ ئەوەی سوپای تورکیاو هێزە سورییەکانی
هاوپەیمانی خۆی ئاودیوی سنووری سوریا بکاتو رێگە لە پەیەدە بگرێت کانتۆنەکانی کۆبانیو
عەفرین بەیەک بگەیەنن. لەباکوریش هەڵمەتێکی سەربازیی خوێناویی بۆ شارەکانی باکوور دەستپێکرد،
بە سەدان ئەندام پەرلەمانو سەرکردەی سیاسیی کوردی لە زیندان توند کرد، بەو خەیاڵەی
کۆتایی بە پەکەکەو جووڵانەوەی کورد بێنێت.
لێردا دەبێ ئاماژە بۆ ئەوەئش بکەین، عەبدولقادر سەلڤی کە رۆژنامەنوسێکی
ناسراوی سەر بە ئەردۆغانەو بەوە ناسراوە پەیوەندی نزیکی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی حکومەتەکەی
ئەردۆغاندا هەیە، هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەرسیۆنی "قەڵغانی فورات”ەوە، لە وتارێکیدا
کە لە رۆژنامەی حورییەت-دا بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوە کرد ئەم ئۆپەراسیۆنە هەر بە سووریاوە
ناوەستێو بەشی دووەمی لە بەهاردا لە "باکووری عێراق!” جێبەجێ دەکرێت. با ئەوەشمان
لەبیر بێت کە لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ، بەردەوام بەرپرسە باڵاکانی تورکیا دەیانوت "رێگە
نادەین قەندیلێکی تر لە شنگال دروست بێت”. ئەمەش باشترین سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە
"قەڵغانی فورات” لە بنەڕەتدا بۆ دژایەتی پەکەکەو کورد داڕێژراوە نەک شەڕی داعش یان
هاوکاری "سوپای سووریای ئازاد”.
ئەردۆغان هیوای بەوە بوو لەگەڵ هاتنە سەرکاری ئیدارەی ترامپدا سیاسەتی
ئەمەریکا بگۆڕێتو لە سووریادا لەبری پەیەدە، هاوکاریی تورکیا بکات لە گرتنی شاری
(رەققە)دا. بۆیە بەپێی هەواڵەکانی میدیای تورکی، بە پەلە پلانێک (یاخود راستترە بڵێم
پیلانێک) ئامادەکراو لە کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆک ئەرکانی تورکیاو ئەمەریکادا
لە بنکەی ئاسمانیی ئینجەلرلیک (١٧ی شوباتی رابردوو) پێشکەشی ئیدارەی ترامپ کرا. بەپێی
ئەم "پیلانە!” سوپای تورکیاو سوپای ئازادی سووریا (کە بریتین لەو هێزە ئیسلامییە توندڕەوانەی
سەر بە تورکیان) بە پشتیوانی ئەمەریکاو هاوپەیمانان، رەققە لەدەستی داعش دەردێنن. بۆ
ئەم مەبەستە تورکیا دوو رێڕەوی پێشنیار دەکرد: یەکەمیان لە شارۆچکەی (باب)ەوە بۆ مونبیجو
پاشان رەققە. بۆیە تا ئەمڕۆش ئەردۆغان دەڵێت "شارۆچکەی باب کۆتایی رێگە نیەو لەوێوە
بەرەو مونبیجو رەققە دەچین”. یاخود بە رێگەی کۆبانیو گرێ سپیدا بەرەو رەققە. لە هەردوو
بژاردەکەشدا مەبەستیان لێدانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیو پەیەدە بوو. هەر بەپێی
میدیای تورکی، تورکیا ئامادەبوو، ئامادەیە پێشمەرگەکانی رۆژاوا (واتە ئەو هێزانەی سەر
بە پارتینو ئەمڕۆ دروستکەری هەواڵە گەرمەکەی شنگال بوون) لەم ئۆپەراسێۆنەدا بەشدار
بن. واتە پلانەکەی تورکیا تەنها یەک مەرجی هەبوو: بە هەموو شتێک رازین، بەو مەرجەی
پەیەدەو یەپەگە دوور بخرێنەوەو پەراوێز بخرێن. کاتێکیش سەرۆک ترامپ رایگەیاند پێنتاگۆنی راسپاردووە لە ماوەی ٣٠ رۆژدا پلانێک
بۆ سووریا ئامادە بکات، ئەردۆغان کەوتە جموجۆڵێکی بەرفراوان بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی
بۆ پیلانەکەی، هەر ئەمەش مەبەستی سەرەکیی سەردانەکەی بوو بۆ بەحرەینو قەتەرو سعوودیە.
بەڵام لێدوانی جەنەراڵ ستێفان تاوسند کە رۆژی ٢ی ئەم مانگە رایگەیاند
کوردەکانی سووریا بەشدار دەبن لە ئازادکردنی رەققەدا، بەجۆرێک لە جۆرەکان جێگەی بێهیواییەکی
گەورە بوو بۆ تورکیا. بۆیە کێشەکەی شەنگال بەتایبەت پاش سەردانەکەی بارزانی بۆ ئەنکەرە،
لەم سیاقەدا مانای خۆی وەردەگرێت: ئەگەر ئەمەریکا بەنیازە پشت بە پەیەدە- پەکەکە ببەستێ،
با بزانێت ئێمە دەستەوسان نابینو دەتوانین کێشە بۆ پەیەدەو پلانەکەی ئەمەریکاش دروست
بکەین، دیارە بە هاوکاری پارتی کە وەکو لەسەرەوە باسمان کرد، پەکەکە بە رکەبەرو هێزێکی
مەترسیدار لەسەرخۆی دەزانێت. بۆیە دەشێت ئەو هەواڵانە راست بن کە دەڵێن سەفارەتو کۆنسوڵخانەی
ئەمەریکا لەسەر خەتن بۆ راگرتنی شەڕەکە، چونکە رەنگە ئەم شەڕە نەک هەر بۆ سووریا، بەڵکو
کێشە بۆ شەڕی داعش لە عێراقیش دروات بکات. هەرچی تورکیایشە، دوور نیە ئەگەر بەتەواوی
بێهیوا بێت لەوەی ئەمەریکا دەست لە رۆژاوا هەڵگرێت، راستەوخۆ سوپاکەیشی بێنێتە سەر
شنگالو ئەوەندەی تر دۆخەکە ئاڵۆز بکات، واتە جێبەجێ کردنی ئەو سیناریۆیەی عەبدولقادر
سەلڤی لەمێژە باسی کردووە. ئەمەش دەشێت هەرێمەکەمان بەرەو گێژاوێک بەرێت کە کەس نەزانێت
لە چ کەنارێکدا ئارام دەگرێت. چونکە بێگومان لە هەلومەرجێکی ئاوادا دەشێت دەوڵەتی عێراقو
ئێرانیش کاردانەوەیان هەبێتو، خۆیان راستەوخۆ یان لە رێگەی هێزە هاوپەیمانەکانیانەوە
ئەوەندەی تر دۆخەکە ئاڵۆز بکەن.
بەکورتی، دروستکردنی ئەم قەیرانە لەم رۆژەدا کە ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزو
پڕ لەمەترسیدا تێدەپەڕێت، جگە لە گەورەکردنی مەترسییەکانو موجازەفەیەکی راستەقینە
بە داهاتووی خەڵکی کوردستان، هیچی دیکەی لێ چاوەڕێ ناکرێت. وەکو زۆر کەسیش گوتوویانە،
هەموومان لەم دۆخدا دەدۆڕێینو تەنها دوژمنەکانمان دەیبەنەوە. بەڵام ئایا حیزبەکانی
ئێمە دەربەست دێن، یاخود رق لەخۆ بوونو بێگانەپەرستی بەجۆرێ کوێری کردوون، جگە لە
بەرلووتی خۆیان هیچی تر نابینن؟