چاکی مەکە باخراپ نەبێت

فەرەیدون کونجرینی

با نامەکەی شێخ مەحمود بۆ مەسعود بارزانی بخوێندرێتەوە"" تا سود لە ئەدای خەبات و جوامێری ودڵسۆزی سەرکردەیەك وەرگرێت و بەهەڵەی بابیدا نەچێتەوە " لەوەی کاتێك حکومەتی مەهابات راگەیەندرا لەکوێبوو؟ یان ئەو ساتەوەختەی لەسێدارەدرا لەکام ناوچە دەپارێزرا؟
بۆ دڵنیابون لەو بەناو کەسایەتیانەی سوکایەتی بە حەفید و ڕۆسنبیرانیەوە دەکەن و ناوجەو ناوچەگەرێتی دروستدەکەن ئاوڕێك لە دوای خۆیان و ڕابوردویان بدەنەوە تا بزانن چ بارمۆدایەک و گێژاوێکی ناوچەگەرێتی و تاکڕویان ئەنجامداوە.

شێخ مەحمودی حەفید کەسایەتیەکی هێندە بوێربوە لە دوای چلــەکانەوە هەوڵی لاسایی کردنەوەی بۆدراوە لاساییکاران بە خیانەتی ڕۆژ هەلات و باشور و حوکمی تاکڕەوی تا ناوەڕاستی حەفتاکان بەخۆیەوە بینیوە وە لەدوای جەنگی ناوخۆی ساڵی 96 هەمان سیستەمی تاک ڕەوی لەناوجەی باشوری کوردستان سەری هەڵداوەتەوە ئاستێکی هێندە دژواری خوڵقاندوە ناچارین ڕابوردویان هەڵدەینەوەو نەوەی نوێ تێبگەیەندرێت لەوەی خەباتی نەتەوەیی بۆ نیشتمانێکی سەربەخۆ چۆن و لەبەرچی چەقبەستوبوە.

نامەکەی شێخ مەحمود هێندە کاری گەرە لێهاتویی و دڵنیابونی سەرکردایەتی و ئامانج لە مافی چارەی خۆنوسینی هەڵگرتوەو سود بەخشە بۆ ناشارەزایانی ئێستا تا بەهەلەی ڕابوردوی بنەماڵەکەیاندا نەچن و بەهۆشخۆیاندا بێنەوە.
نامەی شێخ مەحمود بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی(کۆمەڵەی گەلان)عصبە الامم
پاریس ٢١ مارس ١٩٣١
بەڕێز جەنابی سەرۆک
شانازی ئەوەم هەیە ترس و شکاتی نەتەوەیەکتان پێ ڕاگەیەنم کە خودی خۆتان خستوتانەتە ژیر ئینتداب وپاراستنی خۆتانەوە و دەشگوترێ ئەوەی ئینتداب دەکات، پارێزەریشە. ئەم نەتەوەیە نەتەوەی کوردە کە من زۆر شانازی بەوەوە دەکەم بە یەکێک لەوان دەژمێرێم و ئیستا ئەم نەتەوەیە لە بەشی باشوری وڵاتی گەورەی کوردان کە بە عیراقەوە لکینراوە،نیشتە جێ یە.
من بەئەرکی خۆمی دەزانم سەرنجی بەڕێزتان بۆ ئەو خاڵە ڕاکێشم کە خاکی کوردستانی لکێنراو بە عیراقەوە، بەهیچ شیوەیەک وەک ((بین النهرین)) نەکەوتۆتە ژێر دەستی هیچ یەک لە هیزەکانی دەوڵەتە یەکگرتوەکان یان دەوڵەتە هاوپەیمانەکان. کوردەکان خۆیان لە ١٩١٨دا چەکیان هەڵگرت و هێزەکانی تورکیان ناچارکرد خاکەکەیان چۆڵ بکەن, سەربەخۆییان ڕاگەیاندن ودەوڵەتیکیان دروستکرد کە بەڕێوبەرایەتی وڵاتی بەناوی ((دەوڵەتی کوردستانی باشور)) گرتە دەست . لەو سەردەمەدا عێراق پشێوی تێکەوتبوو، هێشتا هێزەکانی یەکگرتوو(متحد) و هاوپەیمانی (متفقین) لە ناویدا جەنگیان دەکرد. پاشان بۆ بەدبەختی ئێمە خاکەکەمان بە عێراقەوە لکێنراو ، ئەوروپاش کە لافی ئەوەی لێ دەدا کە بۆ بەرگریکردن لە ماف ودادپەروەری چەکی هەڵگرتووە ، لە بەرامبەر ئەم ستەمە گەورەیەدا بێ دەنگ بوو. ستەمێک کە چارەنووس و داهاتووی نەتەوەیەک کە ئەگەر چی نەک بە ڕەسمی بەڵام بەکردەوە بووبوە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ، خۆی بەستەوە بە چارەنوسی نەتەوەیەکی دیەوە، کە نەژاد و داب ونەریت و مێژوو زمان و سیمایان لەیەک جیاوازە. گەر چی هێشتا جێی سوپاس بوو کە باری ئەم ستەمە گەورەیە بەو بەڵێنە کەم بوەوە کە ((کۆمەڵی گەلان )) سەبارەت بە بەخشینی خودموختاریەکی تەواو بە کوردستانی باشوری دابوو.

بەڵێ‌م لەگەڵ ئەوەشدا کە چەندان ساڵ بەسەر ئەو بەڵێنەدا تێدەپەڕێ کەچی نەک هەر بەڵێنەکە جێبەجێ نەکراوە بەڵکو بەپێچەوانەوە ژیانی خۆمان و ژن و مناڵ و باوکانمان لە ژێر هەڕەشەی ئاگری تۆپ و فرۆکە بۆمبهاوێژەکان وڕەشاشە دایە، بەو تاوانەی ئامادەنین ببین بە عەرەب و چاو لە ڕێی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەین کە پێمان دراوە.

دەوڵەتی عێراقی هیچ دوودڵ نەبووە لەوەی شاری سلێمانی – پایتەختی کوردستانی باشور- بۆمباران بکات و کوردەکانی ئەم شارەی کوشتوە بەتاوانی ئەوەی ئامادە نەبوون بەشداری لە هەڵبژاردنێکدا بکەن کە ئەو دەیەوێت بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی سەبارەت بە بڕیاریک ئەنجامی بدات کە هەموو مافە ڕەواکانی کوردان پێشێل دەکاو کۆشکی ئومێد و ئارەزویان بۆ ئایندە ، دەڕمێنێ.
ئێمە بڕوامان وایە ئەم تۆپ وگوللانەی بەسەر قوربانیانی کوردی دانیشتوی کوردستانی باشوردا دەبارێ ، لە بنەڕەتدا هێرشێکیشە دەکرێتە سەر حەیاو ئابڕووی ((کۆمەڵی گەلان)). چونکە کوردەکان لەژێر ئینتدابی ئەو (کۆمەڵە) یەدان ، واتە لەژێر پاریزگاری ئەودان.

ئەگەر هێزەکانی دوڵەتی عەرەبی عێراقی پشتیان بە فڕۆکە و سوپاکانی دەوڵەتی ئینگلیز نەدەبەست کە ((کۆمەڵی گەلان)) ئینتدابی ئەم سەرزەمینەی بە ئەوان سپاردوتابەناوی ((کۆمەڵەی گەلانەوە )) بەڕیوەی بەرن ، ئەوا میژوو دوبارە دەبۆوەو هیرشکردن بۆ بەغدا و داگیرکردنی بۆ کوردەکان وەک کاری رۆژانە ئاسان دەبوو.ئیمە ئامادەین و هەمیشەش ئامادە دەبین لەبەرامبەر عەرەبەکاندا، بەرگری لە وڵاتەکەمان بکەین. بەڵام لەبەر ئەوەی نامانەوێت توشی ڕوبەروبونەوەیەکی چەکداری ببن لەگەڵ دەوڵەتی ئینگلیزدا کە بەناوی ئەو (کۆمەڵە) بەڕیزەوە هەنگاو دەنێ، ئەوا وامان بەباش زانی بۆ شکاتکردن ڕوبکەینە ((کۆمەڵەی گەلان )) و داوای جێبەجێکردنی ماف و دادپەروەری بین.
بێگومان بەداواکاری ئەوەی وڵاتی ئێمە بە عیراقەوە بلکێنرێ و هەوڵدان بۆ ڕازیکردنمان بۆ قبوڵکردنی ئەم لکاندنە بەزۆری چەک، بەهیچ شێوەیەک ئەو ئاشتی و ئاسایشەی کە (کۆمەڵی گەلان ) دەیەوێت لەم بەشەی دنیادا بەرپای بکات،دابین ناکرێت.تا ئەوکاتەی چارەنوسی وڵاتی کورد بەدەستی ڕۆڵەکانی خۆی نەسپێرێ و تا ئەودەمەی دەوڵەتیکی کوردی بەڕیوەبەرایەتی بەشی کوردنشینی ئەم ناوچەیە نەگرێتە دەست، ئومیدێک بە ئاشتی وئاسایش لەم ناوچەیەدا نیە. کورد کە خاوەن میژویەکی هەزار ساڵەن و هەمیشە لە قۆناغە جیاوازەکانی میژودا زانیویانە و توانیویانە بەرگری لە ژیان و وڵات و مێژوو دەزگا نەتەوەییەکانی خۆیان بکەن، ئێستە بڕیاریان داوە بۆ بەرگریکردنی چەکدارانە لە خۆیان تا دواکەس بمرن، بەڵام مل بۆ کۆیلەیەتی عەرەبەکانی عیراق ، کەچ نەکەن. ئێمەی کورد دەمانەوێت لەگەڵ هەموو گەل ونەتەوەکاندا دۆست بین و بەرامبەر بەهیچ گەلێکیش رقمان لە دڵدا نیە. بەڵام لە کاتیکدا کە سەربەخۆیی تەنانەت بەهەندی گەلی سەرەتایی ئەفریقا وەک لیبریا دەدرێت و لەگەلی وەک ئێمە زەوت دەکرێت کە توانیوێتی بەشەرەف وئازایەتی و قارەمانیتی و غەریزەی پاڵەوانی وهۆش وزیرەکی خۆی پایەیەکی مەزن لە میژووی گەلاندا بەدەست بهێنێ، ئیدی ئەمە ستەمێکە کە ناتوانین لێی بێدەنگ بین. بەتایبەتی کە پێش ماوەیەک دەوڵەتی عێراق کە توشی نەخۆشی دەمارگیری توند ڕەوی نەژادی بووە، هەوڵ ئەدا بە پشتیوانی دەوڵەتی ئینگلیز وبەهۆی خوێناویترین هەنگاوی جەنگیەوە ، بەرگریکردنمان تێک بشکێنێ.

خوێن وئاگر هەرگیز نەیتوانیوەو ناتوانن ڕاستیە میژوییەکان بگۆڕن و سەدان هەزار کوردی وەک سەلاحەدین وکەریم خانی زەند بکەن بەعەرەب. نەتەوەی من و خودی خۆشم بەهیچ شێوەیەک دەمارگیری ئاینزایی (مزهبی) مان نیەو تینوی خوێنڕێژی نین و ئەگەر چەکیشمان هەڵگرتووە تەنها لەبەر ئەوەیە کە ناچاریان کردوین و بەسەریاندا سەپاندوین.

ئێمە خواستی دەسەڵاتگرتن بەسەر هیچ نەتەوەو هیچ وڵاتیکماندا نیەو نامانەوێ ئاغاو سەرداری هیچ کەسێک بین. بەڵام ئەوەش قبوڵناکەین کە خەڵکانی دی بەسەرماندا زاڵ بن یان جگە لە خۆمان سەردار وئاغایەکمان هەبێت. ئەمەش خۆی ئامانج و ئایداڵیکە کە چەندان هەزار کەس لەکاتی ئەم جەنگی دوایدا، لە پێناوی دا گیانی خۆیان فیداکرد.ئەمە جگە لەوەی ئەمە مافێکە کە خودی ((کۆمەڵی گەلان )) هەر لەم ڕۆژانەی دوایدا ، بۆی سەلماندوین ڕیگەم بدەن بە دڵنیاییەوە پێتان ڕابگەیەنم ئەم دۆخی شۆڕشگێڕیەی کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەدنیەتی دەسەڵاتدارانی عێراق ، کۆتای پێ نایەت ئەوکاتەنەبێت کە هەموو مافەڕەواکانی کورد بەڕەسمی بناسرێ ولەبەرچاو بگیرێ.
ئەوەی ئێمە دەمانەوێت داننانە بە سەربەخۆیی وڵاتەکەماندا... واتە (( دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی باشور )) داو بڕین ولەناوچونی هەموو پەیوەندیەک بەدەوڵەتی عەرەبی عێراقەوە. جگە لەمەش پەیمانی تازەی نیوان ئینگلیز وعێراق کە کۆتایی بە ئینتدابی ئینگلیزی بەسەر عێراقدا دێنێ، ئەو ڕاستیە دەردەخات کە ئەو ڕێگە چارەیەی پێشنیارمان کردووە بە تەواوی لۆژیکیەو هیچ ڕێگەیەکی دەربازبونی لێ نیە.
کۆمەڵی گەلان دەبێ گەر بەسەرنجدان لەکرۆکی ڕوداوەکانیش بووە، بگەڕێتەوە بۆ بڕیارەکەی خۆی کە ١٩٢٥ داوێتی.
لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزمدا
شێخ مەحمود بە نوێنەرایەتی
دانیشتوانی کوردستانی باشور

سەرچاوە
کتێبی شێخ محمودی قارەمان و دەوڵەتەکەی خوارووی کوردستان بەرگی دووەم لەنووسینی محمد رسوڵ هاوار.
سەرچاوە : کتێبی سەردەمی قەڵەم و موراجەعات (۱۹۲۸-۱۹۳۱) لاپەڕە ۱٨۰ ـ۱٨۳ نووسینی نەوشیروان مستەفا امین.


03/07/2016



وتارەکانی تری نوسەر