شەڕ لەسەر شەڕی موسڵ!

هاوڕێ توانا مێرگەسەری


1-چی رویدا
دروست 6/10ی سێ‌ ساڵ لەمەوبەر، لەڕوداوێكی دراماتیكیدا، ئاسانتر لەئاسان، دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە(داعش) بەو گوزارشتەی خۆیان (بێ‌ زیان‌و گیان.. موسڵی ئیحتیلالكراویان فەتحكردەوە‌و كۆتاییان بەهەژمونی جەیشی سەفەوی هێنا).
دیسان بەگوزارشتی خۆیان.. خەلیفە ئەبوبكر بەغدادی (شێخی نادیار)، بەعەمامەو جلێكی رەش‌و پۆشتەی سیما خەلیفەو خەلافەت! بۆ یەكمجار لەیەكێ‌ لەمزگەوتەكانی شاری موسڵ، وتاری رۆژی هەینی خوێندەوەو موژدەی گێڕانەوەی خەلافەتی راگەیاندو داوای بەیعەتدانی لەسەرجەم موسوڵمانانی جیهان كرد!
سنوری شام-عیراقیان مەسحكردەوە.. لەیەكێ‌ لەبەیاننامەكانیانیشاندا ئەو نیازەیان ئاشكراكرد كە دیزانی "سایكس-بیكۆ"ی پیلانی كۆڵۆنیالیزم بۆ پارچە پارچەكردنی جیهانی ئیسلامی كۆتایهات! هەروا تەركیبەی خەلافەتیان ئاشكرا كردو خەیاڵ‌و خولیای فراوانخوازیان نەشاردەوە.

2-كاردانەوەكان
دوای ئەم روداوە، كە بەمانا روداوێكی راستەقینەبو، بەو وەسفەی ئالان بادیۆ، بۆ روداوی راستینەو درۆینە دەیكات، كاردانەوە نێودەوڵەتییەكان، ئیقلیمییەكان، تەنانەت نێوخۆییەكان، لەئاستێكی نزم‌و بەرزدا (لا حەولە وەلایان) ئەدا، بیرمە وەك بڵێی ئێستایە، باراك ئۆباما، ئاشكرا گوتی نازانم چی رو دەدات!
وەك بڵێت جارێ دەبێت تەپ‌و تۆزو غوبارەكە بنیشێت، ئینجا ئەمەریكا مامەڵە لەگەڵ دۆخێكی روندا دەكات، توركیا كە سپۆنسەرێكی ئاشكرای ئەوسا‌و ئێستای داعشە لەسوریا، بەوپەڕی توانا هاوكارو عەمباری چەك‌و چەكداركردنی گروپە جیهادیستەكانی دەكرد، فڕگەكان ئاوەڵابون بۆ جیهادیستەكانی رۆژئاوا.. تاكو بێن دۆخی سوریا خوێناویتر بكەن!
كورت‌و پوخت.. مەددی سوننی، رەسمی خۆشحاڵیییەكی بەدزی‌و شەرمنی هاتنی داعش دەكێشا بۆ موسڵ، لەناوخۆی عیراقدا سوننەی تەهمیشكراویش، كە چ بەعس‌و قەومییەكان‌و ئەنتی دەسەڵات‌و تەریك لەحكوم، چ بەشدارو پشكداران لەحكومەتی شیعی، نەیان توانی خەونی غلۆر بویەوەیەی خۆیان راگرن.. بۆیە پێشوازی لەهاتنی داعش كرا!
لای خۆشمان، هەبون كورتبینییان تا ئەو ئاستەبوو، كە وتاری نیوو مەتریان لەژێر ناوی (داعش هێلكەمان بۆ دەكات!) دەنوسی، دواجار كار لەكار ترازاو ئەفكارو ئەتواری داعش دەریخست كە سوننەكان دەستیان بو چ كارتێكی ئاگراوی برد، كە هەم خۆیان‌و هەم سەر زەمینیان گڕتێبەردا!

3-موسڵ دوا سەنگەری داعش
هەڵبەت كەوتنی موسڵ ئەوسا تەنها كەوتنێكی روتی سەربازیش نەبو، بەڵكو لێكەوتەی ئەو دۆخە سیاسی‌و ململانێ‌ ئیقلیمی‌و فیتنە مەزهەبییە بوو، كۆمەكی بەهێزێكی ‌وەك داعش كرد، هەمو لایەنەكان پێكڕا بەشداربون لەتەسلیمكردنی موسڵ، ئێستا هەمولایەك شەڕ لەسەر شەڕی موسڵ وەك دوا سەنگەر دەكەن.. توركیای دۆڕاو لەزەنگاوی شام.. لەزڕە خەونی گێڕانەوەی هەژمون هەیبەتی لەویلایەتی موسڵی ئەوسای عوسمانی.. بەنیازی ئیحتلالێكی روتە‌و لە(باشیك) بارگەو بنەی داكوتاوە!
حەشدی وەتەنی‌و حەشدی شیعی، هێشتا لەنۆستالیژیای شەڕی مان‌و نەمانی زەیدو حسێن دا دەگوزێن!
كوردیش وەك هەمیشە بێ‌ ستراتیژ‌و پلان.. خەیانەت لەمێژوی خۆی ناكات‌و و بەپێكهێنانی كۆمیتەیەك‌و دو بەڵێنی زارەكی‌و یەك موجاملەی زلهێزەكان.. جەنگاوەرێكی بەلاشی جەنگی ئەوانی ترە!

22/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر