لە ٢٣/١/٢٠١٢ دا بەڕێز رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان نامەیەکی ئاراستەی فراکسیۆنی گۆڕان کرد لە خولی سێی پەرلەمان کە من یەکێک بوم لە پەرلەمانتارەکانی، ئەو نامەیە کە لە دوای بەشداربونی تەنیا ٤ پەرلەمانتارمان لە ئیمزاکردنی پرۆژەیەک ئاڕاستەمان کرا کە داواکرابو خانوەکانی پەرلەمان بفرۆشرێتەوە بە پەرلەمانتاران بە نرخی سەرەتا و بە قیستی درێژخایەن! وەک وتم تەنیا ٤ کەس ئیمزایان کردبو و دواتر هەم ئەوا پەشیمان بونەوە و هەم پڕۆژەکەش سەری نەگرت،واتا ٢١ کەس دژی بوین، پێشتریش بۆ وەرگرتنی سەیارەکان تەنیا ٢ پەرلەمانتار وەریانگرت و ٢٣ پەرلەمانتار رەتمانکردەوە،کەچی نامەکەی بەرێزیان هەمومانی گرتەوە و تەڕ و وشکی پێکەوە سوتان بەڵام لە ئێستادا پیموابو هەندێک لە پەرەگرافەکانی نامەکەی کاک نەوشیروان کاتێتی دوبارە بکرێتەوە کە بۆ ئێستا گرنگی خۆی هەیە:
بەرێزیان لەسەرەتای نامەکەدا دەڵێت (بەر لەوەی ببنە پەرلەمانتار لەبەردەم رای گشتیدا سوێندتان خوارد کە پابەند بن بە پەیام و کارنامەی لیستی گۆڕانەوە، خەڵکی کوردستان لەسەر ئەساسی بەڵێنەکانی لیستی گۆڕان دەنگی بە ئێوە و ئێمەش دا). پاشان دەڵێت (من له ژیانی پێشمهرگایهتیمهوه تا ئێستا، شێره ژنه‌كان و پیاوه جوامێرهكانم به‌وه تاقی كردۆته‌وه كه له به‌رده‌م فریوی پاره و پۆستا خۆڕاگر بن و چۆك دانه‌ده‌ن، كاتێك خه‌ڵك پێیان هه‌ڵ ئه‌دا له خۆیان نه‌گۆڕێن و خه‌ڵك له خوار خۆیانه‌وه نه‌بینن،) لە بەشێکی تری نامەکەدا دەڵێت ( ئێستا دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌ك به‌سه‌رتانا تێپه‌ڕی، خۆشتان به‌ر له‌هه‌ر كه‌س باجهكهتان دا، ئه‌مه وێ لای هه‌مووتان رۆشن بێت كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاماده نییه باجی هه‌ڵه‌و ته‌ماحی هیچ كه‌سێك بدا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نوری چاویشم بێت، چونكه گه‌ر بمانخه‌نه گۆشه‌یه‌ك و موخهیهرمان بكه‌ن له نێوان سومعه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و له ده‌ستدانی متمانه‌ی سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی له پاڵ ده‌ركردنی چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێك، ئه‌وه بێ دودڵی دووه‌میان هه‌ڵئه‌بژێرین، به‌ڵام هێشتا نه‌چوه‌و بچێ و ئه‌كرێ له ماوه‌ی ئه‌م ساڵ و چه‌ند مانگه‌ی كه ماوتانه له په‌رله‌مان به‌خۆتانا بچنه‌وه ئه‌م كارانه بكه‌ن).
لێرەدا بەلامەوە گرنگە ئاماژە بەو کارانە بدەم کە بەڕێزیان فراکسیۆنی گۆڕانی راسپاردبو بە ئەنجامدانی و پێشتر فراکسیۆنەکە نەیکردبو چونکە بەشێک لەو کارانەی رایسپاردبوین لە مێژ بو ئەنجامماندابو وەک دابەشبونی فراکسیۆن بەسەر ٥ گروپ و پێشکەش نەکردنی پڕۆژە بە تاک و تەرا ،چونکە هەر بۆخۆی پرۆژە بە تاک و تەرا پێشکەش ناکرێت و لانی کەم ١٠ پەرلەمانتاری دەوێت!
بەڵام ئەو کارانەی کە نەمانکردبو بەرێزیان ئاماژەیان پێکردبو بۆ ئەو کاتە و ئێستاش گرنگی زۆریان هەیە وەک لە خاڵی ٢و ٣ نامەکەدا هاتوە:
(فراكسیۆنه‌كه‌تان پرۆژه یاسایه‌ك پێشكه‌ش بكا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مان و هه‌موو ئه‌و ئیمتیازاتانه‌ی وه‌ك ئۆتۆمۆبێل و شوقه‌و ڤێلا ئه‌درێت ئه‌ندام په‌رله‌مان، به‌نیسبه‌تێك كه موچه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مان نزیكبكه‌وێته‌وه له به‌رزترین ئاستی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رێكی حكومی، مه‌به‌ستم ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی حكومه‌ت نییه كه ده‌ره‌جه‌ی تایبه‌تیان هه‌یە).
)فراكسیۆنه‌كه‌تان پرۆژه یاسایه‌ك پێشكه‌ش بكا بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خانه‌نشینی ئه‌ندام په‌رله‌مان، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌مو ئه‌و یاسایانه‌ی كه ئه‌ندام په‌رله‌مان به‌ر له ته‌مه‌نی تقاعدی خدمه‌ی مه‌ده‌نی خانه‌نشین ئه‌كا، پرۆژه یاساكه زه‌مانه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مان بكا بۆ وه‌زیفه‌ی به‌ر له ئه‌ندام په‌رله‌مانێتی، ئه‌وه‌شی كه وه‌زیفه‌ی نه‌بو بۆ ماوه‌ی ساڵێك موچه‌ی بدرێتێ وه‌ك زه‌مانه‌تێك تا كارێك ئه‌دۆزێته‌وه، ئه‌م پرۆژه یاسایه له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكه، چونكه ئه‌ندام په‌رله‌مان هان ئه‌دا كاری باش بكا بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر متمانه‌ی خه‌ڵك وه‌رگرێته‌وه و ببێته‌وه به ئه‌ندام په‌رله‌مان).
ئێمە ئەوەی توانیمان بۆ رەتکردنەوەی وەرگرتنی سەیارە کردمان بێئەوەی لە بزوتنەوەکەوە وترابێت وەریمەگرن و دواتر دەستخۆشیمان لێ‌کرا. هەرچی کەمکردنەوە یان نەهێشتنی خانەنشینی و موچەی پەرلەمانتارانە، پڕۆژەمان بۆ پێشکەشکرد بەڵام لەو کاتەدا و لەو خولە کە ئێمە کەمینەیەکی نەویستراوبوین لە لایەن سەرۆکایەتیەوە پرۆژەکەمان نەگەیشتە ئەنجام.
رێکخەری گشتی لە کۆتایی نامەکەدا بە نوێنەرایەتی بزوتنەوەی گۆڕان نامەکەی ئاڕاستە کردوە.
ئەم نامەیە لەو کاتە و لە ئێستاشدا بە دو شێوازی جیاواز جێگەی پرسیارە بۆ من:
لەوکاتەدا زۆر جێی پرسیار و سەرسورمانم بو ،بۆ نامەیەکی وا توند ئاراستەمان بکرێت لە کاتێکدا زۆرینەی زۆرمان ئەو ئیمتیازاتانەمان رەتکردبۆوە بە تەنیا لەبەر ئەوەی بە جۆرێک لە گەندەڵیمان دەزانی و بێ ئەوەی ڕۆژێک پێمان وترابێت ئەمە وەربگرن یان وەریمەگرن ،واتە ویژدانی خۆمان حەکەم بو،حیکمەت چی بو کەوا لەبەردەم رای گشتی بە تەماعکار وێنا کراین!. بۆ لێپرسینەوەمان لەسەر شتێک لە گەڵا کرا کە نەکرابو؟
ئەوەی ئێستاش بۆتە جێی پرسیار و سەرسورمانێکی گەورەترم ،بۆ هەمان بزوتنەوە بەرامبەر هەمان ئەو ئیمتازاتانە لە هەرێم و بەغداش،تەنیا لە نێوان ٢ ساڵدا ٢ پڕانسیپ و ئاڕاستەی زۆر جیاوازی هەیە؟! بۆ پەرلەمانتارێک رسوادەکرێت لەسەر داواکردنی کڕینی خان‌و بە قیست بەڵام بۆ کۆمەڵێکی تر کڕینی سەیارە بە قیست ئەبێتە دەستکەوت؟!لە کاتێکدا هەردو حاڵەتەکە نەگونجاوە و هەریەکەیان بە رێژەیەکی جیاواز گەندەڵی پێکدێنێت ، ئایا پەیام و کارنامەی لیستی گۆڕان هەمان شت نیە یان پێوانە بۆ تاقیکردنەوەی شێرەژنەکان و پیاوە جوامێرەکان جیاوازن؟
بێدەنگی بزوتنەوەی گۆڕان لەبەرامبەر ئیمتیازاتی پەرلەمانتارانی لە هەولێر و بەغدا چیمان پێئەڵێت؟ئایا پرەنسیپەکانی گۆڕان بۆ دەستنیشانکردنی گەندەڵی سنوری جوگرافی هەیە و ئەوەی لە بەغدا ئەگوزەرێ ناچێتە خانەی گەندەڵیەوە؟چونە ژێر باری ئیمتیازات لە بەغدا ، ئەگەر بۆ ئەوانەی تا دوێنێ شیوەنیان ئەکرد بۆ تێوەنەگلان لە گەندەڵی و ئەمڕۆ خۆیان غەرق بون تێیدا ئاسایی بێت ،بۆ بۆ بزوتنەوەکە بۆتە جێی بێدەنگی ، ئەبێت لێپرسینەوە لە وەرگرتنی ئەو ئیمتیازاتانە کرابێت یان بەغدا حسابی شاری کوێرانی بۆ ئەکرێت؟
بە دڵنیایەوە ئەوەی ئەم پرسیارانە ئەوروژێنێت چاوەڕوانی من و هەزاران هاوڵاتی ئەم هەرێمە بو کە سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی گۆڕان لە هەولێر هەنگاوەکانی ٢ ساڵ لەمەو پێشی فراکسیۆنەکەیان پەرە پێبدابە و ڕێگایان لە تەخشان و پەخشانی ماڵی گشتی بگرتایە لە ڕێی پێنەدانی ئەو ئیمتیازاتە بێ بنەمایانە بۆ پەرلەمانتاران و هەمو پلە تایبەتەکانی تریش نەک ئەوەی بگەڕێن بە دوای پاساو بۆ بە قانونیکردنی بەخشینەوەی ئیمتیازات .
چاوەروان بوین لە بەغدا ئەگەر دەستپێشخەریش نەبونایە لە رێگرتن لەو ئیمتیازاتە نائاساییانەی تا ئێستا هەیە ،لانی کەم بۆخۆیان قبوڵیان نەبوایە نەک چاوەرێی عەبادی و ئەم و ئەو بن ئیمتیازاتەکان کەمبکەنەوە، ئەوەی پێشتر پارتی و یەکێتی ئەیانکرد دورینی قانون بو بۆ تێپەڕاندنی بەرژەوەندیەکانیان کە ئێمە بە نوێنەرایەتی بزوتنەوەی گۆڕان و بە هەمو توانامانەوە دژی ئەوەستاینەوە و بە دڵنیایشەوە ئەبێت چونە دەسەڵاتی گۆڕان هەر بۆ ئەوە بێت نەک بەشداریکردن لە دوریندا، ئەگەر نا ئەم جارەیان باجی چۆک دادان لە بەرامبەر ئیمتیازاتدا هەمو بزوتنەوەکە ئەیدات نەک تەنیا پەرلەمانتاران و خاوەن پۆستەکانی گۆڕان لە هەرێم بن یان لە بەغدا.