ئەو پارانەی لەنۆ مانگی رابردودا چووتە بانكی كوردستان‌و دیارنەماوە

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح
ئەگەر پارەی تانكەرو ناوخۆ (سفر)یش بێت،هێشتا یەك ملیارو 654 ملیۆن دۆلاری بۆریش نەماوە

موچه‌ی چوارمانگه‌

ئا: عەلی حەمە ساڵح

لە ناوەڕاستی مانگی 5ی 2016داین، فەرمانبەران سێ‌ نیوە موچەو بەشێكی سێ‌ چارەكە موچەی وەرگرتووە، واتە: فەرمانبەر هەیە بەدرێژاری ئەم ساڵ تەنیا یەك موچەی تەواو وەرگرتووە، بۆ؟

داهاتی نەوت لە ساڵی 2015دا
-بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان،داهاتی شەش مانگی كۆتایی 2015 لە رێگای بۆری(3.949.687) سێ‌ ملیارو نۆسەد وچل و نۆ ملیۆن و شەش سەد و هەشتاو حەفت هەزار دۆلارە.
-داهاتی بەرێوبەراتی بەرهەمە نەوتییەكان و تانكەر لە شەش مانگی كۆتایی ساڵی 2015دا بڕی 908 ملیۆن دۆلارە، بەرێوبەرایەتی بەرهەمە نەوتییەكان لە هەر سێ‌ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان بەپێی ئەم ژمارە جسابانە پارەكەیان چووتە بانكی كوردستانی ئەهلی لە هەولێر.
سلێمانی 3113309
دهۆك 4263521
هەولێر 5001565
نەوت و كانزای كۆیە 5001566
لەم خشتەدا رونكردنەوە دراوە لەبارەی داهاتی نەوت و خەرجی موچە لە شەش مانگی كۆتایی پار ساڵدا.
جۆری داهات بڕەكەی 
داهاتی بۆری 3.949.687
داهاتی بەرهەمە نەوتیەكان 908.000 
كۆی گشتی 4.857 چوار ملیار و هەشت سەد و پەنجاو حەف ملیۆن دۆلار.

ئەوەی دراوەتە موچە 2.800 دوو ملیارو هەشت سەد ملیۆن دۆلار

جیاوازی، كە دیارنییە 2 ملیارو 57 ملیۆن دۆلار

واتە: داهاتی نەوت بە گشتی لەشەش مانگی كۆتایی ساڵی 2015دا 4 ملیارو 857 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام تەنیا 2 ملیارو 800 ملیۆن دۆلار دراوە بە موچە، بەمەش تەنیا لەو دوو مانگەدا 2 ملیارو 57 ملیۆن دۆلار خوراوە.

داهاتی سێ‌ مانگی یەكەمی ئەم ساڵ 
داهاتی بۆری
بەپێی بەڵگەنامەی فەرمی وەزارەتی فەرمی سامانە سروشتییەكان، داهاتی بۆری بەم شێوەیە:
مانگی یەك، داهاتی نەوت لە رێگای بۆرییەوە بڕەكەی 650 ملیۆن دۆلاربووەو 75 ملیۆن دۆلار دراوە بە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوت.
مانگی دوو، داهاتی نەوت لە رێگای بۆرییەوە بڕەكەی 303 ملیۆن دۆلاربووەو 71 ملیۆن دۆلاری دراوە بە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوت.
مانگی سێ‌، داهاتی نەوت لە رێگای بۆرییەوە 557 ملیۆن دۆلار بووە، 36 ملیۆن دۆلار دراوە بە كۆمپانیاكانی بەرهەممهێنەری نەوت.
كۆی داهاتی وەدەستهاتوو بەپێی ژمارەی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان( 1،528) یەك ملیارو پێنج سەدو بیست و هەشت ملیۆن دۆلارە، لەو بڕە 182 سەد و هەشتاو دوو ملیۆن دۆلاری دراوە بە كۆمپانیا بیانییەكان، دەمێنێتەوە1.346 یەك ملیار سێ‌ سەد و چل و شەش ملیۆن دۆلار.
بەڵام لەو سێ‌ مانگەدا، تەنیا دوو موچە خەرجكراوە، بەپێی سیستمی پاشكەوت كە ( 850 ) هەشت سەدو پەنجا ملیۆن دۆلارە، بەمەش (496) ملیۆن دۆلار خوراوە.
واتە: ئەگەر داهاتی تانكەرو بەرهەمە نەوتییەكان (سفر) دۆلاریش بێت، ئەوا تەنیا داهاتی بۆری لە سێ‌ مانگی یەكەمی ئەم ساڵدا 496 ملیۆن دۆلاری زیاترە لە و پارەی داویانە بە موچە.
ئەگەر داهاتی تانكەرو بەرهەمە نەوتییەكان وەك مانگەكانی پێشووتر بێت، نزیكەی (175) ملیۆن دۆلار بۆ هەر مانگێك، ئەوا كۆی ئەو پارانەی لەم سێ‌ مانگەدا نادیارە دەكاتە (1.021)

ئەنجام: 
یەكەم:كۆی ئەو داهاتانەی نەوت(بۆری وتانكەر و پاڵاوتنی ناوخۆ) ، كە لە شەش مانگی كۆتایی 2015 و سێ‌ مانگی یەكەمی ئەم ساڵ، وەدەستهاتووەو نەدراوە بە موچە بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەكان(3.078 ) سێ‌ ملیارو حەفتاو هەشت ملیۆن دۆلارە.
ئەگەر هەموو داهاتی تانكەرو بەرهەمە نەوتییەكانیش خورابێت و تەنیا داهاتی بۆری بۆ موچە خەرجكرابێت، لە نۆ مانگی رابردوودا بڕی(1.645) یەك ملیارو شەش سەدو چل و پێنج ملیۆن دۆلاری موچەی خەڵك لە لایەن بەرپرسانی باڵاوە خوراوە.
دووەم: كۆی ئەم پارانە چووەتە بانكی كوردستانی نێودەوڵەتی(لە ساڵی 2007)ەوە داهاتی نەوتی تێدەچێت و مەحسوبە لەسەر پارتی، ئەم بانكە بەتێكڕا هەر 100 دۆلاری بە 117 هەزار دینار گۆڕِاوەتەوەو قەزانجەكەی نزیكەی 300 ملیۆن دۆلار بووە.
سێیەم: بەرپرسی یەكەم لە دیارنەبوون و بردنی ئەم پارە زۆرەی نەوت سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە، دوای ئەوان هەموو ئەو وەزیرانەیە كە لەم كابینەدا بەشدارن و تاوەكو ئێستا ئامادەنەبوون لە هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجوەمەنی وەزیراندا پرسیاری ئەم پارە زۆرانە بكەن، تەنانەت بەشێكیان دوو مانگ داوای بینینی سەرۆكی حكومەت دەكەن وناتوانن بیبینن، چ جای ئەوەی بتوانن رەخنەی لێبگرن و پرسیاری پارەی نەوت و بانكی كوردستانی لێبكەن.
هەموو ئەو حیزبە سیاسیانەن كە بەڵێنی گەورەیان بەخەڵكداو ئێستا بێدەنگن بەرپرس و تاوانبارن، سەرجەم پەرلەمانتاران و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و مامۆستایانی ئاینی بەرپرسن، كە بێدەنگییەكی ترسناكیان بەرامبەر ئەم هەموو دزی و زووڵمە هەڵبژاردووە.



22/05/2016



وتارەکانی تری نوسەر