کۆبوونەوەی نەوشیروان و بارزانی لە ماڵی جەلال تاڵەبانی

د. شێرکۆ کرمانج
ئەو قەیرانە سیاسیی‌و ئابورییانەی کە ئێستا بەرۆکی هەرێمی کوردستانیان گرتوە هۆکاری ئێجگار زۆرو گەورەیان لەپشتە، لە گەندەڵییەوە بگرە بۆ نەبوونی تواناو شارەزایی لە حوکمڕانی‌و دەوڵەتداریی‌و کارگێڕییەوە تادەگاتە مەیلەکانی خۆسەپاندن‌و تاکڕەویی لە دەسەڵاتدا. ئەمانە بەئیزافەی دەیان هۆکاری دیکە کە لەدەرەوەی چوارچێوەکانی ئەم کورتە بابەتەن کە دەیەوێت تەرکیزبکاتە سەر ڕێگەچارەیەک بۆچارەسەرکردنی قەیرانەکان بەڵکو بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستوییەی کە ئێستا سیاسەت‌و حوکمڕانی لە هەرێم تێیکەوتوە.
سەرەڕای بوونی ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە کێشەو قەیران بەڵام دەکرێت پرسی سەرۆکایەتی هەرێم‌و جۆری سیستەمی سیاسی (پەرلەمانیی یان سەرۆکایەتیی/نیمچە-سەرۆکایەتیی) لەگەڵ دانەنیشتنی مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا بە پرس‌و کێشەو هۆکاری هەرە گەورەی چەقبەستویی سیاسیی لە هەرێم دابنرێن. ئەم بابەتە هەوڵدەدات کە پێشنیاز بۆ هەر یەکێک لەو سێ پرسە دانێت.

کۆبوونەوەی بارزانی-نەوشیروان

لەبەرئەوەی بێ دانیشتن‌و گفتوگۆکردنی راستەوخۆی مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا زەحمەتە، ئەگەر نەڵێم ئەستەمە، هیچ هەنگاوێک بنرێت بەرەو شکاندنی بەستەڵەکی سیاسی لە هەرێم، بۆیە ڕێکخستنی دانیشتنێکی لوتکە چەکوچی شکێنی بەستەڵەکەکەیە. بۆ ئەم مەبەستە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بەتایبەتی کەسایەتی مام جەلال سەرەڕای نەساغییەکانی، دەتوانێت ڕۆڵی سەرەکی لەو کارە ببینێت. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕێزی مام جەلال هەم لەلای نەوشیروان مستەفا هەم لەلای مەسعود بارزانی. بۆیە واچاکە ئەم ئەرکە مێژووییە بە مام جەلال‌و یەکێتیی بسپێردرێت. دیارە هەنگاوێکی لەم جۆرە پێویستی بە لەخۆبردویی‌و سینگفراوانی‌و پراگماتیکبوونی هەم مەسعود بارزانی هەم نەوشیروان مستەفا یە. دانیشتنەکەی لوتکە لە ماڵی مام جەلال نەبێت لە سلێمانی یان مەکتەبی سیاسی یەکێتیی لە هەولێر ئەگەری سەرکەوتنی زۆر کەمە.

پرسی سیستەمی سیاسیی لە هەرێم

یەکێک لە هۆکارو سەرچاوە هەرە سەرەکییەکانی ئەو تەنگژە سیاسییەی کە ئێستا هەرێم تێیکەوتوە ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بوو لەسەر جۆری سیستەمی سیاسی تاوەکو بخرێتە ڕەشنوسی دەستوری هەرێم. بەکورتی، یەکێتیی‌و گۆڕان‌و کۆمەڵ‌و یەکگرتو داوای سەپاندنی سیستەمی پەرلەمانیان دەکرد، لەبەرابەردا پارتی داوای سیستەمی نیمچە-سەرۆکایەتی دەکرد. لەئاکامدا گفتوگۆکان‌و نوسینەوەی ڕەشنوسەکە بەبنبەست گەیشت. بۆ دەربازبوون لەم گرفتە واچاکە پرسی جۆری سیستەمی سیاسیی هەرێم لە ڕاپرسییەکدا یەکلایبکرێتەوە. لە ڕاپرسییەکە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێت دوو بژاردەیان بخرێتەپێش بۆ دەنگدان لەسەری: سیستەمی پەرلەمانیی یان سیستەمی نیمچە-سەرۆکایەتیی. گرنگی ئەمە لەوەدایە، یەکەم، هیچ لایەنێک ناتوانێت لایەنەکانی دیکە بەسەپاندنی جۆرێک لە جۆرەکانی سیستەمی سیاسی تاوانباربکات چونکە بڕیاردەرو یەکلاکەرەوە گەل بووە. ئەوەی گەلیش بڕیاری لەسەردەدات دەبێت هەموو لایەک پابەندبێت پێی. دووەم، یەکلاکردنەوەی ئەم پرسە ئاسانکارییەکی ئێجگار زۆر دەکات بۆ لیژنەی نوسینەوەی دەستور، چونکە ئیدی ئەو پرسەی کە ناکۆکی سەرەکی لەسەربوو گەل لە ڕاپرسیدا یەکلایی کردۆتەوە. بەکورتی پرسی جۆری سیستەمی سیاسی دەبێت لە گۆڕەپانی حزبەکان دەربهێنرێت‌و بخرێتە گۆڕەپانی گەل ئەگەرنا ئەم پرسە هەر بەچەقبەستویی یان بەهەڵپەساردراوی دەمێنێتەوەو کێشەکانی دیکە قوڵدەکاتەوەو قەیرانەکان لەسەر یەک کەڵەکەدەکات. 

پرسی سەرۆکایەتی هەرێم

ئەم پرسە دایکی بەشێکی زۆر لە قەیرانەکان‌و ململانێ سیاسییەکانە لە هەرێم. ئەگەر لە ڕووی سیاسییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت ئەوە دەبێت مەسعود بارزانی پۆستەکە چۆلبکات، کە لەوەناچێت ئەم پرسە بەڕێکارە یاسایی‌و دادگاییەکان مامەڵەی لەگەڵ بکرێت‌و چارەسەربکرێت. بۆیە واچاکە ڕێگەو ڕێکاری سیاسی بگیردرێتەبەر بۆ لابردنی ئەو کۆسپە لەپێش پڕۆسەی سیاسی لە هەرێم. واچاکە سەقفێکی زەمەنی دابنرێت بۆ مانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستەکەی کە لە ١٨ مانگ تێپەڕنەکات، بەلانیکەمی ئەم مەرجانەشەوە: 
یەکەم، هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم واژۆ لەسەر ڕێکەوتنی مانەوەی مەسعود بارزانی‌ بکەن.

دووەم، دەستبەکاربوونەوەی بێ قەیدوشەرتی پەرلەمانی کوردستان.

سێیەم، گەڕانەوەی بێ قەیدوشەرتی وەزیرەکانی گۆڕان بۆ ناو حکومەت.

چوارەم، ئەنجامدانی ڕاپرسی بۆ جۆری سیستەمی سیاسی لە هەرێم لە ماوەی سێ مانگ لە واژۆکردنی ڕێکەوتنەکە.
پێنجەم، نوسینەوەی دەستور بەگوێرەی ئەو جۆرە سیستەمە سیاسییەی کە خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ڕاپرسییەکەدا بڕیاری لەسەر دەدەن، بەمەرجێک لە سێ مانگ دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی ڕاپرسییەکە تێپەڕنەکات.

شەشەم، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تاوتوێی ڕەشنوسەکەی دەستوربکات‌. دوای ڕەزامەندی لەسەردان ڕەشنوسەکە بەزووترین کات بخرێتەپێش خەڵک بۆ دەنگدان لەسەری لە ڕاپرسییەکدا.

حەفتەم، ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان، بەمەرجێک لە سێ مانگ تێپەڕنەکات لە ڕاپرسییەکەی خەڵک لەسەر دەستور.

هەشتەم، هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەمان ئەگەر سیستەمی پەرلەمانی پەسەندکراوبوو، ئەگەرنا ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ  سەرۆکی هەرێم، بەمەرجێک لە شەش مانگ دوای پەسەندکردنی دەستور لە ڕاپرسی تێپەڕنەکات.

ئەمانە چەند پێشنیازێکن کە دەکرێت دەوڵەمەتربکرێت بۆ کارکردن لەسەریان بەڵام دەبێت ئەوە دووبارەبکەینەوە کە بەبێ کۆبوونەوەی لوتکە لەنێوان نەوشیروان مستەفا و مەسعود بارزانی لە ماڵی مام جەلال وەک سەرەتایەک‌و دیاریکردنی سیستەمی سیاسی هەرێم لەلایەن خەڵکی هەرێم‌ ناکرێت هەنگاو بنرێت بۆ نوسینەوەی دەستورو ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان‌. ئەمانەش نەکرێن بەدڵنیاییەوە چاوەڕێی دوولەتبوونی کوردستان بکەن پێش بەدەوڵەتبوونی، ئەوە ئەگەر هەر ببێ.  
 


04/06/2016



وتارەکانی تری نوسەر