بۆ گۆڕان دەبوایە لە وەفدەکە بەشداریبکات

د. شێرکۆ کرمانج
ئەمڕۆ وەفدێکی حزبەکانی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی چوون بۆ بەغدا بۆ قسەکردن لەسەر کۆمەڵێک پرسی هەڵپەسێردراو و چارەسەرنەکراو هاوبەش. هەواڵەکان وادەردەخەن کە گۆڕان‌و کۆمەڵ بەشداری وەفدەکە ناکەن. لێرە بە کورتی قسە لەسەر کۆمەڵێک هۆکار دەکەم کە بۆ دەبوا گۆڕان بەشداریبکات لە وەفدەکە. 
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە من پێموایە ئەگەر گۆڕان دەعوەتکراوە ئەوە دەبوایە بەشداریبکات لە وەفدەکەو گفتوگۆکان. دیارە دەبێت ئەوە بڵێم کە وەک لە میدیاکان باسدەکرێت ئەگەر دەعوەتەکە تەنیا و ڕاستەوخۆ بۆ ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی گۆڕان، چووبێت ئەوە پارتی مەبەستی بووە کە گۆڕان بەشدارینەکات چونکە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە پارتی وەک حزب مامەڵەی لەگەڵ گۆڕان نەکردوە، بەڵکو وەک کەسایەتیی مامەڵەی لەگەڵ ئارام کردوە، ئەگەرنا دەبوو دەعوەتنامەکە بۆ سەرکردایەتی گۆڕان لە گردەکە بچووبا. با ئەم پرسە وەلانێین‌و هەوڵدەین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە بۆ دەبوا گۆڕان بەشداریبکات.
یەکەم، ئەگەر گۆڕان لەبەر ئەوە بەشداری نەکردوە کە وەفدەکە وەفدێکی حزبییە، ئەوە لەڕاستیدا لە کوردستان هەر هەموو شتێک حزبییەو هەموو شتێک بە حزبییکراوەو حزبەکان دەسەڵاتی یەکلایکەرەوەن لە هەرێمدا نەک حکومەت‌و سەرۆکایەتی هەرێم، بۆیە ئەم حوجەتە حوجەتێکی بەهێزنییە.
دووەم، ئەگەر گۆڕان لەبەرئەوە بەشدارینەکردوە گوایە بارزانی سەرۆکی هەرێم نییەو شەرعیەتی نییەو ماوەی یاسایی بەسەرچووە، ئەوە من دەڵێم بارزانی بە حەیاتی سەرۆکی سەرتاسەریی هەرێم نەبووە، نە ئێستا‌و نە کاتی خۆیشی، ئەوکاتانەی کە شەرعیەتی هەبوو. بارزانی هەر سەرۆکی پارتی بووەو هەر وەک سەرۆکی پارتی مامەڵەی کردوە، خۆ ئەگەر سەرۆکی هەرێمیش بووبێت بە یاسایی ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەوە دەسەڵاتەکانی هیچ کاتێک لە دێگەڵەو شێراوە تێپەڕی نەکردوە. بۆیە یاوەریکردنی بارزانی هیچ شەرعیەتێکی یاسایی بە بارزانی نادات. 
سێیەم، بۆ لادانی هەر گومانێک گۆڕان دەیتوانی بەیاننامەیەک دەربکات‌و بڵێت ڕاستە ئێمە بەشێوەیەکی یاسایی بارزانیمان وەک سەرۆکی هەرێم قەبوڵ نییە بەڵام کاتێک حزبەکانی کوردستان بەیەک وەفد دەچن بۆ بەغدا بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسگەلێکی وەک موچەو قەیرانی ئابوری لە کوردستان‌و ڕزگارکردنی موسڵ، کە دڵنیام باسی بابەتی دیکەش دەکرێت، ئەوە لەبەر گرنگی پرسەکانی پەیوەندیان بە قوتی خەڵکەوە بەشداری وەفدەکەمان کرد.
چوارەم، ئەگەر پرسیارەکە ئەوە کە واچاکە لە ڕێی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەل بەغدا بکرێت، ئەوە دەڵێم، کە یەک دەزگای شەرعی لە کوردستان نییە. سەرۆکایەتی هەرێم هیچ شەرعیەتی نییە چونکە ماوەی سەرۆکەکەی تێپەڕیکردوە، ئەنجومەنی وەزیران هەر بەناو شەرعیەتی هەیە چونکە نیوەی وەزیرەکانی کارناکەن‌و ماوەی چەندین مانگە هیچ کۆبوونەوەی نەکردوە. بەگشتی هەموو دەزگاکانی هەرێم دەزگای حزبیین‌و شەرعیەتیان لە حزب وەرگرتوە نەک خەڵک‌و کۆمەڵگە، تەنانە کۆمەڵگەی مەدەنیش لە کوردستان کۆمەڵگەیەکی حزبییە.
پێنجەم، بەشداربوونی گۆڕان لە وەفدەکە لەوانەبوو ببێتە مایەی شکاندنی ئەو بەستەڵەکە سیاسییەی کە ئێستا لە هەرێم هەیە بەتایبەتی لەنێوان پارتی‌و گۆڕان، چونکە لە دواجار ئەم دوو لایەنە یان دەبێت پێکەوە دانیشن یان دەبێت ئیعلانی شەڕبکەن لە دژی یەکدی، کە هیوادارم هەر ئەوەی یەکەم بژاردەی هەردوولایان بێت.
شەشەم، بەشداریکردنی گۆڕان دەبوو بە مایەی ئەوەی کە گۆڕان ئاگاداربێت لەو گفتوگۆیانەی کە بەناوی هەرێمەوە لەگەڵ بەغدا دەکرێت‌. لەوەش گرنگتر گۆڕان دەیتوانی کەم تا زۆر لەوێ لە گفتوگۆکان قسەی خۆی بکات. دواجار ئەو بڕیارانەی کە دەدرێن ئیدی بەناوەی کوردەوە دەبێت بۆیە ئەگەر گۆڕان قسەیەکی هەیە دەبێت ئێستا بیکات نەک دوای پێکهاتنی بارزانی‌و عەبادی چونکە پاش پێکهاتن دادوفیغان‌و هاوار دادی نە گۆڕان نە هیچ کەسێکی دیکە نادات.
لەبەر ئەم هۆکارانە واچاکبوو کە گۆڕان بەشداری لە وەفدەکەو کۆبوونەوەکان بکات. 


29/09/2016



وتارەکانی تری نوسەر