پەیامەکەی مەسعود بارزانی وشە بە وشە

د. شێرکۆ کرمانج

لە ٢٠ تشرینی دووەمی ٢٠١٦ دا مەسعود بارزانی بەناوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە پەیامێکی بۆ خەڵکی کوردستان نارد. لێرە هەوڵدەدەم وشە بە وشە هەڵوەستە لەسەر پەیامەکەی بارزانی بکەم.

یەکەم، پێناچێت ئەم پەیامە لەسەر ئەساسی پەیامی ئەو کەسانە نوسرابێت کە گوایە پەیوەندیان بە بارزانی‌ کردوەو پێیان گوتوە کە چارەسەری قەیرانەکانی هەرێم لای ئەوەو ئەو دەتوانێ گرفتەكان چارەسەر بكات چونکە ئەکادیمی‌و ڕوناکبیرانی ئەم هەرێمە ساڵانێکە هاواردەکەن کە چارەسەری قەیرانەکان لای ئەوە. کەواتە خێرە دوای زیاتر لە ساڵێک ئێستا بەهانای ئەو داوایانەوە هاتوە، بەهەرحاڵ هەر خراپ نییە. لەڕاستیدا هۆکاری پشت پەیامەکە پێش هەموو شتێک ناڕەزاییەکانی خەڵکی کوردستان بوو، بەخوێندەوارو نەخوێندەوارییە، لەدژی پەیامە گاڵتەجاڕییەکانی وتارەکەی بەعشیقە کە بە ئاشکرا سوکایەتی بە دەنگە ناڕازییەکانی کوردستان کردبوو. بارزانی بەم پەیامە دەیەوێت ناڕەزاییەکان تەشەنەنەکات، ئەمەش خراپ نییە.

دووەم، بارزانی ئەمجارەش وەک جارانی پێشوتر دەیەوێت بنکۆڵی دامەزراوە شەرعیەکانی هەرێمی کوردستان بکات‌و قسەکردن لەسەر چارەسەری گرفتەکانی کوردستان لە ژوورە کراوەکانی پەرلەمان بگوێزێتەوە بۆ ژوورە داخراو و دیوخانەکانی حزب. ئەگەر ئەمە مەبەستەکە نەبێت بۆ دەڵێت من داوام لە حزبەکان کرد. ئێ خۆ حزبەکان نوێنەری خەڵک نین‌. ڕاستە حزبەکان دامەزراوەی گشتین بەڵام نوێنەری ئەندامەکانیان نەک خەڵک. دواتر من تێناگەم بارزانی بۆ داوایان لێدەکات کە کۆببنەوە، بۆ کۆیان ناکاتەوە؟ بۆ هەوڵنادات بۆ لابردنی بیانوەکان؟ بۆ بەخۆی تەلەفۆن ناکات؟ بۆ بەخۆی سەردان ناکات؟ بۆ بەخۆی پرسەکە یەکلاناکاتەوە؟ ئەمانە کۆمەڵێک پرسیارن کە گومان دەخەنە سەر نیەتەکانی بارزانی‌. ئەگینا هەموو کەس دەزانێت ئەگەر بارزانی حەزبکات بەخۆی دەتوانێت کێشەکان کەمتربکاتەوە ئەگەر نەشڵێین چارەسەربکات.

سێیەم، بارزانی ڕاستدەکات کە دەڵێت چارەسەر ئەوەیە کە حزبەکان بکەونە سەر کارو پەرلەمان کارا بکەنەوە، بەڵام بارزانی ئاماژەی بەوەنەکردوە کە ئەوە مەرجە سەختەکانی ئەوە کە ناهێڵێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە. ئەوە بارزانییە کە تەنانەت لەم پەیامەشی پێداگری لەسەر لابردنی سەرۆکی پەرلەمان دەکات پێش کارا کردنەوەی پەرلەمان. ئاخر ئەمە بێجگە لەوەی کە لە ڕووی سیاسییەوە لەوانەیە گۆڕان قەبوڵی نەکات لە ڕووی یاسایی‌و شەرعیشەوە ناکرێت. ئاخر ناکرێت حزبەکان سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵوەشێننەوە. لەڕاستیدا ئەگەر ئەو پرسەش قەبوڵ بکرێت، کە بەڕای من ئاساییە، بەڵام دەبێت پەرلەمان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئێستای پەرلەمان، یوسف محەمەد، دابنیشێت‌و گفتوگۆو بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بدات. بارزانی دەبوایە داوای دانیشتنی پەرلەمانی بکردابوایە پێش ئەوەی قسە لەسەر گۆڕینی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکات.

چوارەم، بارزانی وەک جارانی پێشوتر خۆی لە ڕاستییەکان شاردۆتەوە. بەڕێز بارزانی، ئەوەی سەرچاوەی قەیرانەکان بوو سەرۆکی پەرلەمان نەبوو بەڵکو بڕیارەکانی تۆ بوو لە خۆنوساندنت بە کورسییە ماوەبەسەرچووەکەت لەگەڵ بڕیارەکەی تۆ لەمەڕ ئیفلیجکردنی پەرلەمان.

پێنجەم، بارزانی داوایەک‌و پێشنیازێکی زۆر ماقوڵی کردوە کە دەڵێت دەبێت حزبەکان لەسەر ئەوە ڕێکبکەون حکومەتێکی نوێ‌و سەرۆکێکی نوێ بۆ سەرۆکایەتی هەرێم هەڵبژێرن بەڵام دیسان بارزانی ئەوەی لەبیرچووە کە هەم حکومەت هەم سەرۆکێکی نوێ پێش حزب پێویستی بەکاراکردنەوەی پەرلەمانە. بارزانی دەبوا بێمەرج داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان بکات، دواتر وەک سەرۆکی پارتی، بارزانی‌و حزبەکەی دەیانتوانی لابردنی سەرۆکی پەرلەمان بکەن بە مەرج بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ‌و دیاریکردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ هەرێم.

شەشەم، بارزانی لە پەیامەکەی هیچ ئاماژەی بە میکانیزمەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکە نوێکە بۆ هەرێم نەکردوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆکە نوێکە تا هەڵبژاردنی داهاتوە، واتە سەرۆکە دانراوەکە هەڵبژێردراو نابێت لەلایەن خەڵکەوە بەڵکو دەبێت لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت. لەمەش بارزانی خۆ لە قەرەی پرسەکە نەداوە چونکە پێشمەرج بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لادانی سەرۆکایەتی پەرلەمان نییە بەڵکو کاراکردنەوەی پەرلەمانە، کە دەکرێت یەکێک لە ئەولەویەتەکانی هەڵوەشاندنەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان‌و حکومەتی هەرێم‌ بێت لەگەڵ دەستنیشانکردنی دەستەیەکی نوێ بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان‌و سەرۆکی هەرێم.

حەوتەم، بارزانی لەجیاتی ئەوەی کە پاساو بۆ قەیرانی ئابوری بێنێتەوە دەبوایە باس لە میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی قەیرانەکان بکات‌ لەگەڵ چۆنیەتی دابینکردنی مافە ڕەواکانی مامۆستایان‌و فەرمانبەران. بارزانی دەبوا هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی ڕاگەیاندبا لەبەر خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانیان ‌و بوونی گەندەڵی لە ترۆپکی حکومەتەکە، کە هۆکاری هەرە سەرەکی قەیرانەکانن.

هەشتەم، بارزانی خەڵک بەهەڵەدادەبا کاتێک هۆکاری قەیرانەکان دەگێڕێتەوە بۆ پەلاماردانی تیرۆریستان و شەڕی داعش‌و دابەزینی نرخی نەوت‌و بڕینی بودجەی هەرێم‌و میوانداریی سەدان هەزار ئاوارە. با دانە دانە هەڵوەستە لەو هۆکارانە بکەین کە بارزانی ئاماژەیپێکردون.

پەلاماردانی تیرۆریستان هۆکاری سەرەکی قەیرانەکان نییە بەڵکو بۆ پەردەپۆشی قەیرانی ئابوری بەکارهاتوە چونکە هێرشەکانی داعش بوو بەمایەی وەرگرتنی سەدان ملیۆن دۆلار پارەی کاش‌و چەک‌و تەقەمەنی بەخۆڕایی لە وڵاتانی دنیا بۆ یارمەتی پێشمەرگەو خەرجییەکانی شەڕ. حکومەتی هەرێم هیچ یەکینەیەکی نوێ پێشمەرگەی نەکردۆتەوە تا مەسرەفی پێشمەرگە زیادبکات، ئەو پێشمەرگانەی ئێستا پێشمەرگەن پێش شەڕی داعش هەر موچەخۆر بوون. حکومەتی هەرێم چەک‌و تەقەمەنی بۆ شەڕی داعش نەکڕیوە تا بڵێین مەسەرەفی بەڕێوەچوونی شەڕ زۆرە. خەرجییەکان بە بڕێکیش لە موچەی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دابیندەکرێن.

دابەزینی نرخی نەوت، ئەوەندەی دزینی داهاتی نەوت‌و ئاکامە خراپەکانی پڕۆژەو سیاسەتە شکستخواردوەکانی نەوت مایەی قەیرانەکانن ئەوەندە دابەزینی نەوت هۆکاری قەیرانەکان نییە. ڕاستە دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری هەبوو بەڵام داهاتی ئێستای هەرێم بە ناردنی نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا زۆر زیاترە لەو کاتەی کە بودجە لە بەغداوە دەهات. ئەی خێرە ئەوکات پارەکە بەشی دەکردو ئێستا بەش ناکات. ئاخر ئەگەر دزەکان‌ دەستنیشان نەکرێن، کە بارزانی یەک بە یەکیان دەناسێ، ناکرێت قەیرانەکان چارەسەر بکرێن. ئاخر ئەگەر بارزانی سزای سیاسییە-بازرگانەکان بە نەوت نەدا ناتوانێت موچەی فەرمانبەرو مامۆستایان بدات. ئێستاش موچەی ئەندامانی حزبەکەی بارزانی‌و ئەندامەکانی یەکێتیی مەدە ئەو داهاتەی ئێستا بەشی نەک هەر موچە دەکات بەڵکو بەشی سەدان پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەی کوردستانیش دەکات.

بڕینی بودجە، نەک مالیکی کە وەک کەسێکی گەندەڵ‌و تایفی‌ ناسراوە هەر کەسێکی دیکە حاکمی عێراق بێت بودجەی هەرێمێک نادات کە بە ڕۆژی ڕوناک دزی لێبکات‌. دواتر ئەوە حکومەتەکەی تۆ بوو بارزانی کە شکستیهێنا لە سیاسەتی نەوتی سەربەخۆی نەک بڕینی بودجە چونکە وەک گوتم داهاتی ئێستای هەرێم زۆر زیاترە لەو کاتەی کە بودجە لە بەغداوە دەهات. واتە مەسەلەکە چەندایەتی داهاتەکان نییە بەڵکو کێ ئەو داهاتە بەڕێوەدەبات‌و کێ دیشارێتەوە.

هاتنی ئاوارەکان، ئەو قسەیە هیچ ئەسڵ‌و ئەساسی نییە کە ئاوارەکان باری قورسن بەسەر دارایی هەرێمەوە لەبەرئەوەی کە ئاوارەکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان‌و وڵاتانی کەنداو و ڕێکخراوە خێرخوازییەکانی ناوخۆ و دەرەوە یارمەتی دەدرێن بە دەزگای خێرخوازی بارزانی‌و دامەزراوەی ڕوانگەی خێرخوازی. ئاوارەکان زۆربەیان موچەخۆری حکومەتی بەغدان یان گەورە دەوڵەمەندەکانی باشورو ناوەڕاستی عێراقن کە پارەیەکی ئێجگار زۆریان خستۆتە بازاڕەکانی کوردستانەوە. لەڕاستیدا ئەوان نەبان بازاڕی کوردستان هێندەی دیکە دادەتەپی. کارەبا و ئاوی لێدەرچێت باوەڕناکەم ئاوارەکان لە هیچ ڕوویەکی دیکەوە زەرەریان بە هەرێمی کوردستان گەیاندبێت.

نۆیەم، بارزانی نەیتوانیوە لە گرێکۆرەی دژایەتیکردن‌و بەکەمزانینی ڕکابەرەکانی دەربچێت. بە وەسفکردنی سلێمانی کە کەوتبێتەژێر ئیرهابی فیکری جارێکی دیکە بارزانی دەیەوێت ڕاستییەکان بشێوێنێت چونکە ئەوە سلێمانی نییە کە کەوتۆتەژێر ئیرهابی فکری بەڵکو ئەوە هەولێرە کە لەلایەن حزبەکەی تۆو ئەندامەکانی کەوتۆتە ژێر ئیرهابی فکری‌و هەموو فەزاکانی ئازادی لە خەڵکی ئەو شارە داخراوە. شوێنێک کە ئینسانی کورد لە کوردستان هەناسەیەکی ئازادی‌و دوو لە ئیرهابی فکری لێ هەڵکێشێت ئەوە سلێمانییە نەک هەولێر، ئەو شارەی کە تۆ حاکمی بەسەریدا.

لەکۆتایی، سەرەڕای هەموو ئەو سەرنج‌و تێبینی‌و ڕەخنانە لە پەیامەکەی بارزانی بەڵام لەبەرئەوەی کە بارزانی بۆ یەکەمینجار داوای دانانی سەرۆکێکی نوێی کردوە بۆ هەرێم من پێموایە کە واچاکە بەدڵێکی فراوانەوە وەربگیرێت‌و هەوڵبدرێت وەک هەنگاوێک بۆ دەربازبوون لەو بەستەڵەکە سیاسییە تەماشابکرێت.


21/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر