د. شێرکۆ کرمانج
سوربوونی حەیدەرعەبادیو عێراقییەکان لەسەر دەرپەڕاندنی دەسەڵاتی کوردستانیان و هێزی پێشمەرگە لە ناوچە دابڕاوەکان بۆ پشت ئەو سنورانەی کە لە ١٩٩١ کێشاویەتی ئەو پرسیارە دێنێتەگۆڕی کە داخۆ دەبێت سەرچاوەی مکوڕبوونی عەبادی لەسەر ئەم سنورە چی بێت. ئەم بابەتە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئەو هۆکارانەی کە وای لە سەدام حوسێن کرد کە سنورەکە بکێشێت هەمان هۆکاری سوربوونی عەبادین. ئەم بابەتە هەوڵێکە بۆ دیاریکردنی ئەو هۆکارانە ئەویش بە وردبوونەوە لە سنورە کێشراوەکە لەلایەن سەدام. بۆ وەڵامدانەوەش دەگەڕێینەوە بۆ مێژوو.
هێرشەکانی حکومەتی عێراق بۆ سەر شارو شارۆچکەکانی کوردستان لە ئازاری ١٩٩١ لەگەڵ ترسی خەڵک لە دووبارەبوونەوەی ئەنفال وای لە کوردەکان کرد کە بە کۆمەڵ زێدی خۆیان بەجێبێڵنو بەرەو دۆڵو شاخەکان لە نزیک سنورەکانی ئێرانو تورکیا کۆچبکەن. لەئەنجامی ئەو دەردەسەرییەی کە ملیۆنان منداڵو ژنو پیرو پەککەوتە لە دۆڵو شاخە ساردوسوڕەکاندا ڕووبەڕووی بوونەوە، هەروەها، ئەو ڕوماڵە چڕەی کە لەلایەن میدیای ڕۆژئاواوە لە خەڵکە ئاوارەکە کرا، فشارێکی گەورە لەسەر حکومەتەکانی ڕۆژئاوا دروستبوو کە ناچاربوون بەهانای ئاوارەو پەنابەرە کوردەکان بێن. بەهاناوەهاتنی ڕۆژئاواییەکان دروستکردنی ناوچەی ئارامو سەپاندنی ناوچەی دژە-فڕینی لەسەروی هێڵی تەریبی ٣٦ ی لێکەوتەوە.
سەرەڕای ئەوەی کە حکومەتی سەدام دژایەتیکردنی خۆی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەربڕی بەڵام لەبەرئەوەی: یەکەم، عێراق تازە لە شەڕی کوێت بەدۆڕاوییو بەشپڕێوی دەرچووبوو. دووەم، عێراق هێشتان سەرقاڵبوو بە دامرکاندنەوەی پاشماوەی ڕاپەڕینەکەی شیعەکان لە باشور. سێیەم، عێراق لە هاوکێشە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان هێشتان پێگەی زۆر لاوازبوو. بۆیە هاتوهاوارەکانی نە بەرگوێی کەس کەوتن نەتوانیشی پەرچەکردارێک لەخۆنیشاندا. بۆئەوەی خەڵکە ئاوارەکە وەک فەلەستینییەکان پەڕاگەندەی وڵاتان نەبنو هەلێک بڕەخسێ بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان سەرکردایەتی سیاسی کورد لە نیسانی ١٩٩١ دا بڕیاریدا کە دانوسان لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات.
دانوسانەکان تا ناوەڕاستی ١٩٩١ بەردەوام بوون بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو تەنگژانەی حکومەتی مەرکەزی لەو ئانوساتانەدا ڕووبەڕووی ببۆوە، لەوانە: پەراوێزخراوەیی نێودەوڵەتیی، کێشەو گرفتە ئابورییو کۆمەڵایەتییەکانو ئابڵوقەی ئابورییو نائارامی باری ئەمنی لە باشور کەچی ئامادەی سازان نەبوو لەگەڵ کوردەکان.
حکومەتەکەی سەدام پێداگری لەسەر هەمان ئەو سنورانە دەکرد کە کاتی خۆی لە ١٩٧٤ تاکلایەنانە بۆ ناوچە ئۆتۆنۆمییەکەی دیاریکردبوون. لەبەرابەردا کوردەکان سوربوون لەسەرئەوەی کە فاکتە مێژووییو جوگرافییەکان بکرێن بە بنەما بۆ دیاریکردنی ناوانی ناوچە ئۆتۆنۆمییە پێشنیازکراوەکە. وەک گاڵتەپێکردنێک بە ئەندامانی وەفدە دانوسانکارەکەی کوردان، تاریق عەزیز، یەکێک لە نوێنەرانی حکومەتەکەی سەدام لە دانوسانەکاندا، بە کوردەکانی گوتبوو کاتی خۆی ئەندەلوس (ئیسپانیا) بەشێک بوو لە خاکی عەرەب بەڵام هیچ عەرەبێک ئێستا داوای ناکات. لەوەدەچێت مەبەستی تاریق عەزیز لەم گێڕانەوەیە ئەوە بووبێت کە کوردەکان ڕازیبکات کە دەبێت ئەوان دەستبەرداری مافە مێژووییەکانیان بنو کەرکوکو ناوچە کێشەلەسەرەکان لەبیربکەن وەک چۆن عەرەبەکان 'ئەندەلوس'یان لەبیرکرد.
لە ئاداری ١٩٩١ دا، لەچاوپێکەوتنێکدا سەدام بەیانیکرد کە مکوڕبوونی کوردەکان "لەسەر لکاندنی کەرکوک بە ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستان ئاماژەیەکە بۆ ئارەزویان لە جیابوونەوە". ئەم ململانێیە لەسەر خاک ئەوە نیشاندەدا کە دیاریکردنی سنوری کوردستان جەوهەری کێشەی کوردستانیان لە عێراق پێکدێنێت، لە سەدام بۆ عەبادی، دواتریش.
بەهەرحاڵ، دانوسانەکان تا ناوەڕاستی تەموز درێژەیان کێشا. لە تەموزی ١٩٩١ دا، خۆپیشاندان شارەکانی سلێمانیو هەولێرو چەند شارۆچکەیەکی دیکەی گرتەوە. خەڵکە ناڕازییەکە، کە زیاتر هێزە چەپەکانی کوردستان وەگەڕیانخستبوون، لەوانە: ئاڵای شۆڕش، هەستەی کرێکارانی سۆشیالیست، ڕەوتی کۆمۆنیستو بزوتنەوەی شوراکان، داوای دەرچونی هێزەکانی سەدامیان دەکردو وەک "داگیرکەر" ناویاندەبرد. ڕقو ناڕەزایی خەڵکو درێژبوونەوەی خۆپیشاندانەکان پێکدادانی چەکداریی لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی حکومەتو ئەو هێزانەی پێشمەرگەی لێکەوتەوە کە لەگەڵ درێژەی پڕۆسەی دانوسانەکان هاتبوونە ناو شارەکان. فشاری جەماوەریو لاوازی هێزە ئەمنییو سەربازییەکانی حکومەت لەگەڵ بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان بوون بەمایەی کێشانەوەی هێزەکانی حکومەت لە تشرینی یەکەمی ١٩٩١ دا، کە کێشانەوەی دامودەزگا دەوڵەتییەکانیشی بەدوایخۆیدا هێنا.
دوای کێشانەوەی دامودەزگاکانو سوپا، سەدام دەیگوت ئێمە سوپامان کێشاوەتەوە بەڵام پاش ماوەیەکی دیکە دەبینن کوردەکان چۆن بۆ سوپاکەیان دەگرینو داوای یارمەتیان لێ دەکەن. ئەو جەختی لەسەر ئەوەش دەکردەوە کە "دوو یان سێ عێراق بوونی نییە... گەلیش یەک گەلە نەک دوو،" کەچی سەرەڕای بوونی توانای سەربازیو نیشاندانی هیوای گێڕانەوەی کوردستان بۆ باوەشی عێراق لەلایەن سەدام، دەوڵەتی عێراقی لە ١٩٩١ تا ٢٠٠٣ هیچ ڕێوشوێنێکی نەگرتەبەر بۆ دووبارە-گێڕانەوەی دەسەڵات بۆ ناوچە کوردییەکان.
هەندێک ئەکادیمیو توێژەر هێرشنەکردنە سەر کوردستانو داگیرنەکردنەوەی دەگێڕنەوە بۆ چەند هۆکارێک. لەوانە، یەکەم، بوونی ناوچەی دژە-فڕین کە جوڵەو چالاکییەکانو توانای مناوەرەی هێزە ئاسمانییەکانی عێراقی پەکخستبوو و هێزە زەمینییەکانی عێراقی دەخستە مەترسییەوە ئەگەر هەوڵی داگیرکردنەوەی کوردستانیان بدابا. دووەم، ئاساییکردنەوەو کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی باشورو ناوەڕاست بۆ سەدام لەپێشتربوون چونکە نائارامییەکانی ئەوێ ترسی ڕاستەوخۆتری لەسەر ڕژێمەکەی بەعس هەبوو. سێیەم، ڕژێمەکەی سەدام چاوەڕێی کاریگەرییەکانی ئابڵوقە ئابورییەکان بوو لەسەر کوردستان چونکە پێیوابوو کە دواجار کوردەکان بەرگەی ئابڵوقەکان ناگرنو ملدەدەنو خۆیان دەگەڕێنەوە بن باڵی دەوڵەت. چوارەم، گوایە ڕژێمی عێراق نەیدەویست لەو بارودۆخە سەختەی کە خۆی پێیداتێپەڕدەبوو داهات بۆ کوردستان لە خەزێنەی دەوڵەتەوە دابینبکات، بەڵکو دەیویست ئەو پارەیەی کە بۆ کوردستان تەرخاندەکرا بنێرێت بۆ ئەو ناوچانەی کە لە ڕاپەڕینەکانی ١٩٩١ دا دڵسۆزییان بۆ ڕژێم نواند، وەک ناوچە سوننییەکان.
سەرەڕای بوونی ڕاستیی لە زۆربەی ئەو دیدو تێگەیشتنو شرۆڤانە، بەڵام وردبوونەوە لەو سنورانەی کە سەدام دوای کێشانەوەی دامودەزگاکانی لە ناوچە کوردییەکان بۆ هەرێمی کوردستان کێشای، هاوکات، بەڕەچاوکردنی ئەوەی کە حکومەتی مەرکەزی توانای سەربازیی داگیرکردنەوەی کوردستانی هەبوو وەک لە داگیرکردنەوەی هەولێر لە ئابی ١٩٩٦ دا دەرکەوت، بۆمان دەردەکەوێت کە ڕژێمی عێراقی نیازو پلانێکی ستراتیجی لەپشت کێشانەوەو هێرشنەکردنە سەر کوردستانی هەبوو.
کاتێک سەدام هێزو دامودەزگاکانی خۆی کێشایەوە ئەوە ئەو سنورێکی نوێی بۆ ناوچە کوردییەکان کێشا ئەویش بە بڕینی ئەو ناوچانەی کە لەو دواییانە نەوتیان تێدا دۆزرابۆوە وەک مەخمورو دیبەگە لەگەڵ چاڵەنەوتەکانی خورماڵە، کە درێژکراوەی چاڵەنەوتەکانی 'ئاڤانە'یەو وەک بابەگوڕگوڕ لە گەورە-چاڵەنەوتەکانی ناوچەکەن. خورماڵەو دیبەگەو مەخمور پێشتر بەشێک بوون لەو ناوچە ئۆتۆنۆمییەی کە حکومەتی عێراقی تاکلایەنانە لە ١٩٧٤ دا ڕایگەیاندبوو کەچی لە کێشانی سنورە نوێکەی سەدام لە ١٩٩١ دا لە ناوچە ئۆتۆنۆمەکە دابڕێنران. چەند ناوچەیەکی دیکەش کە پێشتر بەشێک نەبوون لە ناوچە ئۆتۆنۆمیەکەی ١٩٧٤ دا، وەک ئاکرێو کفریو کەلار، لەگەڵ سنورکێشانەوەکەی ئەمجارە خرانە سەر ئەو ناوچانەی کە دواتر وەک هەرێمی کوردستان ناسران (تەماشای نەخشەکە بکە).
سنورە نوێکە زۆر وریایانەو ستراتیجیانە کێشرابوون. مەبەست لێی بێبەشکردنی ناوچە کوردییەکان بوو لە سەرچاوە سروشتییەکان، بەتایبەتی نەوتو گاز. لەکێشانی سنورەکان دیدە سەربازییو تۆپۆگرافییەکانیش ڕەچاوکرابوون.
لەڕووی سەربازیی ستراتیجیەوە، سنورەکان بەدرێژایی، یان لە نزیک، زنجیرە بەرزاییەکانی بانی مەقانو زورگەزراوو چیای زەرد کێشراون بۆئەوەی کە وەک پشتێنەیەک بۆ بەرگریکردن لە عێراق بەکاربێن لە ئەگەری ڕوودانی ململانێ یان پێکدادان لەنێوان عێراقو هەرێمی کوردستان.
لەڕووی ئابورییەوە، لە هێڵی سنورەکە بەئاشکرا دیارە کە مەبەستی سەرەکی سەدام پچڕاندنی ناوچە دەوڵەمەند بەنەوتەکان بوو پێش هەر شتێکی دیکە. ئەو ئارگیومێنتانەی کە باس لە بوونی ناوچەی دژە-فڕین دەکەن ئەو ڕاستییەیان نادیدە گرتوە کە نیوەی زیاتری ئەو ناوچانەی کە حکومەت لێیکشایەوە لە خواروی هێڵی تەریبی ٣٦ ـە کە دژە-فڕین هەر نەیدەگرتەوە، وەک کفری، کەلار، بەشێک لە پارێزگای هەولێرو زۆربەی پارێزگای سلێمانی (تەماشای نەخشەکە بکە).
بۆیە ئەو تێگەیشتنەی کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە سەدام لەبەر ناوچەی دژە-فڕین یان لاوازی توانای سەربازیی کوردستانی داگیرنەکردوە ئارگیومێنتێکی لاوازە.
نەگەڕانەوەی حکومەت دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێکی دیکە، لەوانە: یەکەم، کەمتوانایی یان بێتوانایی حکومەتی مەرکەزی لە کۆنتڕۆڵکردنی سیاسیانەی ناوچە کوردییەکان نەک سەربازییانە؛ دووەم، ئەو ناوچانەی کە حکومەت لێیانکشایەوە بایەخێکی ئابورییو ستراتیجیی ئەوتۆی بۆ دەوڵەت نەبوو.
سەدام هەموو شێوازو ئامرازێکی بەکارهێنا هەر لە چۆڵکردنو ڕاگوێزانو تەعریبەوە بگرە تادەگاتە کیمیابارانو کۆمەڵکوژی دژی کورد کەچی بەپێی تێگەیشتنی خۆیو هاوڕێکانی لە بەعس هەر سودی نەبوو. بۆیە لەوەدەچێت لەسەرەتای نەوەتەکانەوە سەرکردەکانی بەعس بەو قەناعەتە گەیشتبن کە دوای زیاتر لە بیست ساڵ حوکمڕانی نەیاتوانیبێت وەک پێویست بەشێک لە ناوچە کوردییەکان، هەرێمی ئێستا، بخەنە ژێردەستی خۆیانو خەڵکەکەی ئاوێزانی دیدە نەتەوەییە-عەرەبییەکانیان بکەن، بۆیە پێیانوابووە کە دابڕینی یەکجارەکی ئەو ناوچانە بەمەبەستی لەکۆڵکردنەوەی سەرئێشەیەک کە لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقییەوە بە لکاندنی کوردستان بۆ دەوڵەتی عێراق دروستبووە، چاکترە. لەئەنجامدا بڕینی بەشێک لەو ناوچە کوردییانەی کە بایەخی ئابورییو ستراتیجییان نەبوو وەک چاکترین چارەسەر دەهاتەبەرچاو و جێبەجێشکرا. بەکورتی مەبەست لە سنورە نوێکە کێشانی سنورێکی نوێ بوو بۆ باکوری عێراق.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە ئەو سنورەی حکومەتەکەی سەدام بۆ ناوچە کوردییەکانی کێشا دوای ڕوخانی ڕژێمیش لەلایەن حکومەتەکانی دوای سەدام، مەبەست مالیکی و عەبادی یە، هەمان ئەو سنورانە وەک سنوری هەرێمی کوردستان قەبوڵکران. ئەمە نیشانەی بوونی کۆدەنگییەکە لەلایەن عەرەبە-عێراقییەکانەوە لەسەر سنورو خاکی کوردستان. ئەمەش ئەو خاڵەیە کە سەدام و عەبادی وەک دوو سەرکردەی عێراق کۆدەکاتەوە، ئەوە ئەگەر نەڵێین هەموو عەرەبە عێراقییەکان.
تێبینی، بۆ گەڕانەوە بۆ سەرچاوەکانی ئەم بابەتە تکایە تەماشای لاپەڕەکانی ٤٣٢ تا ٤٤٠ بکە لە کتێبی شوناسی عێراق: ململانێ نەتەوەیی و مەزهەبییەکان لە نوسینی شێرکۆ کرمانج.