ئێستا چی؟

د. شێرکۆ کرمانج
دوای دوو ڕۆژ لە خۆپیشاندان ئەوەی بە زەقی دەردەکەوێت شکانی ئەو ترسەیە کە ساڵانێک بوو باڵی بەسەر کوردستاندا کێشابوو، بەتایبەتی لە دەڤەری زەرد. ئێستا دوای ترس شکان پرسیاری گرنگ ئەوە چیدیکە دەبێت بکرێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان. 

من پێموایە وەک سەرەتایەک زۆر گرنگە خۆپیشاندەران و ڕابەرەکانیان ئەم خاڵانە ڕەچاوبکەن: 
یەکەم، خۆپیشاندان بەردەوام بێت و ھەموو شارو شارۆچکەکان بگرێتەوە، دووەم، ئاشتی و ئارامی بپارێزرێت و کەلوپەل و سامانی گشتی دەستی بۆ نەبردرێت، سێیەم، ڕێکخەرو ڕابەر بێنە پێش و کەسانی دەرەوەی حیزبەکان بن، کۆمیتە و دەستەی ڕابەری دروستبکرێن، چوارەم، ھەمئاھەنگی لەنێوان شارەکان بکرێت، پێنجەم، دروشمەکان یەکبخرێن، داوای مافە مەدەنی و پیشەیی و سیاسییەکان بکرێن، شەشەم، کامپی ھەمیشەیی خۆپیشاندان دروستبکرێن و ببنە شوێنی خۆپیشاندان و کۆبوونەوەو ھاندانی خەڵک، حەوتەم، گەڕەکە ھەژارنشینەکان بکرێن بە سەنتەری خۆپیشاندانەکان، ھەشتەم، بەشداری ژنان ھێندەی دیکە زیادبکرێت، ئەمەش بەوە دەکرێت کە خۆپیشاندەران دایک و خوشک و ھاوسەرەکانیان لەگەڵ خۆیان ببەن، نۆیەم، خۆپیشاندەران بەرگری لەیەکدی بکەن لەھەر ھێرشێک کە دەکرێتە سەر ھاوڕێکانیان لەلایەن ھێزەکانی ئاسایش، دەیەم، ھەموو بەشداربوویەک داوا لە خزم و کەسوکاری بکات بەشداربێت، یازدە، نەھێڵن دەسەڵات ھیچ درزێک لەنێو و لەنێوان خۆپیشاندەران دروستبکات، دوازدە، کەسانی یەکەمی حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات بەردەوام بەشداری خۆپیشاندانەکان بکەن بەڵام جڵەوی خۆپیشاندان ھەر لەدەستی کەسە ناحیزبیەکان بێت، سێزدە، ئامانجە نزیکمەوداکان و درێژمەوداکان دیاریبکرێن، چواردەم، ھەوڵی سەرنجڕاکێشانی ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیس بدرێت ئەویش بە گوڵباران کردنیان بەبەردەوامی، پازدە، لەبەرکردنی جلی سپی لەلایەن ھەموو خۆپیشاندەران، شازدە، خۆپیشاندەر کەلوپەلی فریاکەوتنی پێبێت، حەبی ژانەسەر و برینپێچ، بەلای کەمەوە، حەڤدە، ھەرێم و ئەزمونەکەی موڵکی گەلی کوردستانە، خۆپیشاندان دژی حکومەت و دەستڕۆیشتوەکانی نێو جوت بنەماڵەو جوت حیزبەکەیە نەک ھەرێم و ئەزمونەکەی، ھەژدەم، لە دوای لابردنی پاشەکەوتی موچە یەکەم ئامانجی خۆپیشاندان واچاکە ھەڵوەشاندنەوەی ئەم حکومەتە بێت لەگەڵ پێکھێنانی حکومەتێکی نیشتیمانی چونکە نابێت قەبوڵبکرێت ئەم حکومەتە نیشتیمانفرۆش و شکستخواردوە ھەڵبژاردن بەڕێوەببات، نۆزدە، ڕێبەرانی خۆپیشاندەران نابێت قەبوڵبکەن حکومەتی بەغدا ئەم بارودۆخە بقۆزێتەوەو لەقازانجی خۆی بەکاریبێنێت، بیست، پاراستنی یەکڕیزیی خۆپیشاندەران گرنگترین زەمانەتی سەرکەوتنی خۆپیشاندانەکانە بۆیە دەبێت بپارێزرێت، بەشداربووان دیدو بۆچوونی جیایان ھەیە بەڵام ئەوەی کۆیاندەکاتەوە دوو شتە، مافە داراییەکان و ھەڵوەشاندنەوەی ئەم حکومەتە گەندەڵ و نیشتیمانفرۆش و شکستخواردوەیە. 

ئەمانە دەکرێن بکرێن بە سەرەتایەک بۆ نوسینی مانیفستۆی خۆپیشاندان.


26/03/2018



وتارەکانی تری نوسەر