ماکرۆن بڕوات دنیا بێ ڕابەر دەمینێتەوە بۆ؟

د. شێرکۆ کرمانج

یەکەم، دوای ھاتنە سەر کاری ترەمپ کە خۆدزینەوە ئەمریکای لە ڕابەرایەتیکردنی دنیای لیبرال دیموکراسی (بە ھەموو کەم و کورتیەکانیشیەوە) لێکەوتەوە. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکە نزیکبوونەوەی ترەمپ لە سیستەمە دیکتاتۆرو ئۆتۆریتاریەکانی وەک ڕوسیاو ھەنگاریاو پۆڵەندا ھاوکات ڕۆحی دەسەڵاتخوازی خودی ترەمپ و سیاسەتە ئابوریە ناسیونالیستیەکانی و دژایەتیکردنی بازاڕی ئازاد و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان ھێندەی دیکە پێگەی ترەمپ و ئەمریکای لە ڕابەرایەتیکردنی دنیای لیبرال دیموکرات لەرزۆک و لاواز کردوە.
دووەم، دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپاو قەتیسمانی ئەو وڵاتە لە قاوغی خۆی لەلایەک و بوونی سەرۆکوەزیرانێکی پێگەلاواز ھەم لە بەریتانیا ھەم لەناو پارتەکەی خۆی، پارتی موحافیزەکاران ئەوڕوپاو جیھانی بێ ڕابەر کردوە. ھاوکات پیربوون تێریزا مەی ھێندەی دیکە پێگەی خۆی و بەریتانیای لاوازکردوە بەمەش بەریتانیا ناتوانێ بە ڕۆڵی ڕابەرایەتی ھەستێت.
سێیەم، خانەنشینبوونی ئەنجێلا مێرکل، کە ساڵانێکی زۆر پێگەی ئەڵمانیای بەھێز لە ئەوڕوپا ڕاگرتبوو، ئەگەرەکانی لاوازبوونی ئەڵمانیا لە ڕابەرایەتیکردنی ئەوڕوپا بەدوای خۆیدا دێنێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەوە بەبیر خۆمان بێنینەوە کە پێگەی پارتەکەی مێرگل، CDU، لە پەرلەمانی ئەڵمانیا زۆر لە جاران لاوازترەو کەس نازانێ داخۆ جێگرەوەکەی دەتوانێ بۆشایی مێرگل پڕبکاتەوە یان نا.
لەو نێوەدا ماوەی ساڵێکە ماکرۆن وەک سەرۆکێکی نوێی فەڕەنسا لەدەرەوەی دامەزراوەو حیزبییە تەقلیدیەکانی فەڕەنسا ھەم خۆی وەک سەرۆکێکی نوێ نمایشکردوە ھەم واش دەرکەوتوە.
ماکڕۆن لەکاتێکدا ھاتۆتە سەر حوکم کە شەپۆڵی ڕاستڕەوەکان و پۆپۆلیزم لە ئەوڕوپاو لە فەڕەنسا لە گەشەدایە.
ئەو وادەردەکەوێت کە دەیەوێت بەرگێکی نوێ لە دەرەوەی ھێزە تەقلیدیەکان بە بەر ئەوڕوپای فرەکەلتورو لیبرال دیموکراسدا بکات. چاکتر بڵێم فرەکەلتوری و دیموکراسی فەڕەنساو ئەوڕوپا بپارێزێت. لەھەمانکاتیش بەرەنگاری شەپۆڵی ڕاسیسزم و پۆپۆلیزم و ئەنارشیزم و ئەنتی گڵۆبەلازەیشن ببێتەوەو سنورێک بۆ نیولیبرالیزمی ئابوریش دابنێت.
بەکورتی لاوازبوونی بەریتانیاو ئەمریکاو ئەڵمانیا بەتایبەتی لە وەرگرتنی کرداری یەکلاکەرەوە لە بەگژاچوونەوەی گەرمبوونی جیھان و جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی کیۆتۆو کۆبنھاگن و پاریس، پێگەی ماکرۆن و فەڕەنسا وەک ڕابەرێکی بێھاوتا لەسەر گۆڕەپانی پۆلەتیکی جیھانی بەرزکردبۆوە. دیارە ھەر لەڕاستیش ماکڕۆن وەک پارێزەرێکی ژینگە خۆی نیشاندەداو دەردەکەوت.
لەژێر تیشکی ئەم چەند کورتە ڕاستییانە مانەوەی ماکڕۆن وەک سەرۆکی فەڕەنساو ڕابەرێکی دنیای بێ ڕابەر ئەمڕۆ زۆر گرنگە.
ئەمە مانای ئەوە نیە کە ھەندێک لەو ڕەخنانەی ئێلەگ زەردەکان لە ماکرۆنی دەگرن ڕاست نین بەڵکو مەبەستەکە ئەوەیە کە مانەوەی ماکڕۆن بۆ ئەمڕۆی فەڕەنساو جیھان، تەنانەت بۆ فەراھەمکردنی داواکانی ئێلەگ زەردەکانی شانزێلێزێ زەرورەتێکە، بەتایبەتی لە غیابی ڕابەری دیکە لە ئەوڕوپا و جیھان.

10/12/2018



وتارەکانی تری نوسەر