د. شێرکۆ کرمانج
قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە زۆر ھەڵدەگرێت، بەڵام بەکورتی، تازە تەماشای بەرنامەی GPS م دەکرد لە CNN کە لەلایەن ئەکادیمی و ئەستوننوس فەرید زەکەریا پێشکەش دەکرێت. فەرید لە بەرنامەکە گفتوگۆی لەگەڵ Aaron Sorkin شانۆنوس و دەرھێنەری ئەمریکی دەکرد. ئەوان باسیان لە حاڵی ئەمریکا لەناوخۆ و دەرەوە دەکرد. ئارۆن وەک ڕەخنەگرێک و دیموکراتێک ڕەخنەی لە ترەمپ و کۆمارییەکان دەگرت و گوتی ئێمە دیموکراتەکان دەبێت ئەمریکا بگێڕینەوە بۆ ئەو ئەمریکایەی کە لە جیھاندا ڕێزی لێ دەگیرا. ئەو گوتی بابم لە شەڕی دووەمی جیھانی سەرباز بوو، وەک سەربازەکانی دیکە نەوەی خۆی بابم کەم باسی چیرۆکەکانی شەڕی بۆ ئێمە دەکرد بەڵام جارجار باسی ئەوەی دەکرد کە ئەوان کاتێک دەچووین بۆ ھەر گوندێک لە ئەوروپا خەڵکەکە بە گەرمی پێشوازیان دەکردین و دەیانگوت "سوپاس بۆ خوا ئەمریکیەکان لێرەن". مەبەستی ئارۆن ئەوەبوو کە ئەمریکییەکان ئەوکات وەک ڕزگارکەر دەبینران نەک داگیرکەر وەک نازی و فاشیستەکانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا...
ئارۆن گوتی دەبێت ئەمریکا بگێڕینەوە بۆ ئەو ڕۆژانە کە وەک ڕزگارکەر ببینرێت نەک داگیرکەر، کە ئێستا وا نیە...
داخۆ ئەمریکا دەتوانێت ببێتەوە بەو ھێزەی کە سوپاس بکرێت و وەک ڕزگارکەر ببینرێت ئەوە پرسیارێکی دیکەیە.
ئێمە وەک کورد لە سی ساڵی ڕابردو لانیکەم دووجار سوپاسی ئەمریکامان کردوە. یەکەمیان، کاتێک کە لە ١٩٩١ بە ھانامانەوە ھات و ناوچەی ئارامی دامەزراند کە ئەزمونی ھەرێمی لە باشور لێکەوتەوە. دووەمیان، کاتێک لە کۆبانێ بە ھانامانەوە ھات لە بەرەنگاربوونەوەی داعش کە ھۆکاری ھەرە سەرەکی نەشکانی کورد بوو لە کۆبانێ و دواتریش لە ڕزگارکردنی تەواوی ناوچە کوردیەکان کە دامەزراندنی ئەزمونی ڕۆژاڤای لێکەوتەوە.
داخۆ ئەمریکا لە پشتیوانی کورد بەردەوام دەبێت و دەبێتە ئەو ھێزەی کە وەک جاران سوپاس بکرێت نەک بەنەعلەت بکرێت ئەویش پرسیارێکە کە وەڵامەکەی ئاسان نیە...
یەک شت ڕونە کە تا ترەمپ لەسەر حوکم بێت ئەو ترسە ھەیە بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە ترەمپ پشت لە کورد دەکات بەڵکو مانای ئەوەیە کە زەحمەتە پێشبینی بڕیارەکانی ترەمپ بکرێت لەبەر کەسایەتی ترەمپ کە ئەنپریدیکتەبڵە، واتە قسەو بڕیارەکانی چاوەڕوان نەکراون. دەبێت ئەوەش بزانین کە چاوەڕوان نەکراوی بە ڕووە باشەکەشی ھەر چاوەڕوانکراوە.
ھاتنی دیموکراتەکانیش کە بە قسەی خۆیان دەیانەوێت ئەمریکا بکەنەوە بە ڕزگارکەر مەرج نیە لەبەرابەر کورد و پشتیوانی لێکردنی باشتر بێت چونکە بەگشتی ھەڵوێستی کۆمارییەکان بەرابەر بە تورکیا توندترە.
بەھەرحاڵ تەنیا زەمەن وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە.