د. شێرکۆ کرمانج
کاریگەریی حیزبی شیوعی لەسەر ئامێزانی نیشتیمانیی لە عێراق؟
هۆکارەکانی پشت بە کوردییبوونی حیزبی شوعی؟
ئەمانەو چەند پرسێکی دیکە لە چەند ڕۆژی داهاتو بە زنجیرە قسەیان لەسەر دەکەم
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە حیزبی شیوعی لە چلەکانو پەنجاکانو شەستەکانی سەدەی ڕابردو گەورەترینو کاریگەرترین پارتی سیاسی بوو لە گۆڕەپانی عێراق بە کوردستانیشەوە. ئەمڕۆش لە ساحەی تەحریرو تەواوی شارەکانی باشوری عێراق ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە جوڵانی خەڵکو خۆپیشاندانەکان، بۆیە ئاوڕێک لە مێژووی ئەم حیزبە بۆ ئێستا زۆر گرنگە، ئەگەریش خێرا بێت.
کوشتوبڕو زیندانیکردنو سەرنگومکردنی شیوعییەکان لە ١٩٦٣ لەسەر دەستی بەعسییەکانو حەرەس قەومییەکانو پۆلیسی عێراقی، حیزبی شیوعی تاڕادەیەکی زۆر لاوازکرد. شیوعییەکان وەک هێزێکی گەورەو کاریگەر لەسەر شەقامەکان خزێنرانە ژێرزەمینەکانو سەر شاخو داخەکانی کوردستان. هەرێمی کوردستانی حیزبی شیوعی تاکە ڕێکخراوی حیزبەکە بوو کە کەمتر بەر هەڵمەتەکانی بەعسییەکان کەوتبوو. لەڕاستیدا هەرێمی کوردستانی حیزبی شیوعی لە لقێکی بچوکی حیزبەکە، کە لە ١٩٤٥ دامەزرا بوو، تا کۆتایی شەستەکان گەشەی کردبوو بۆ هەرێمێکی تاڕادەیەک سەربەخۆ لەنێو حیزب. ئەم گەورەبوونەی هەرێمی کوردستانی حیزبی شیوعی لەگەڵ دەربازبوونی کادیرە کوردەکان لە هەڵمەتەکانی ١٩٦٣ دا دوو هۆکاری سەرەکیی زاڵیی کوردەکان بوو لەسەر حیزبەکە لە حەفتاکانو هەشتاکاندا.
کاتێک سەرکردایەتی کورد لە ١٩٧٠ دا دەستی بە دانوسان کرد لەگەڵ حکومەتی عێراقیو دواتریش بەیاننامەی ١١ ی ئازاری لەگەڵدا ئیمزاکرد، کە پێشنیازی ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی لە کوردستان کردبوو ئەوکات حیزبی شیوعی بەشێک بوو لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە شاخەکانی کوردستان. لەئەنجامدا، حیزبی شیوعیش لەلای خۆیەوە دەستی بە گفتوگۆو دانوسان لەگەڵ حیزبی بەعس کرد.
سەرەڕای ئەوەی کە حیزبی شیوعی لەو ئانوساتەدا بڕیاری وەلانانی بەکارهێنانی هێزو توندوتیژی لە دژی حکومەتو بەعس دابوو، کەچی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق لایەنگرانو ئەندامانی حیزبی شیوعییان کردبوو بە نیشانی خۆیان، بەتایبەتی لە بەغدا. بەعسییەکان زۆر بەوریایانە ئەم کارەیان دەکردو سەرکردەو کادیرە باڵاکانی حیزبی شیوعیان خستبووە دەرەوەی بازنەی هەڵمەتەکانیان لە دژی شیوعییەکان، ئەمەش بووە مایەی ئەوەی کە کاردانەوەیەکی کەم لەلایەن حیزبی شیوعییەوە بەدیبکرێت. ئەوەی بەعسییەکان مەبەستیان بوو لێدانی بنکەی حیزبی شیوعی بوو. بەدەر لەم هەڵمەتانەی بەعس، بەگشتی لە سەرەتای حەفتاکان، حیزبی شیوعی ئەو ڕەونەقەی جارانی نەمابوو، کاریگەریشی لەسەر جوڵانی شەقام زۆر کەمببۆوە، کەچی هێشتا هێزێکی بەرچاوبوو لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا، بە کوردستانیشەوە.
لەسەرەتای ١٩٧٢ حکومەتی عێراقی پەیماننامەی دۆستایەتیو هاوکاری (معاهدە الصداقە والتعاون) لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت ئیمزاکرد. نزیکبوونەوەی یەکێتی سۆڤیەتو عێراق کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر نزیکبوونەوەی حیزبی شیوعیو حیزبی بەعس، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەهێزیی پەیوەندی نێوان حیزبی شیوعی سۆڤیەتیو حیزبی شیوعی عێراقیو کاریگەری ئەوەی یەکەم بەسەر ئەوەی دووەمدا. پەیماننامەکە تەکانێکیدا بە گفتوگۆکانی بەعسییەکانو شیوعییەکان، لەئەنجامدا هەردوولا لە ١٩٧٣ لەسەر دامەزراندنی بەرەی نیشتیمانییو نەتەوەیی پێشکەوتوخواز (الجبهە الوگنیە والقومیە التقدمیە) پێکهاتن.
ساڵێک دوای پێکهێنانی بەرەکە شەڕ لە کوردستان لەنێوان کوردەکانو حکومەتی عێراقی بەخەستی دەستیپێکردەوە. حیزبی شیوعی ئەمجارە نەک نەچووە ڕیزی کوردەکانەوە بەڵکو ئەندامەکانی شانبەشانی حکومەتو بەعسییەکانو سوپای عێراق لەدژی جەنگاوەرە کوردەکان دەجەنگان. جێگەی ئاماژەیە کە لەوکاتەی شەڕ لە کوردستان لە ئازاری ١٩٧٤ دەستیپێکردەوە سەرکردایەتی کورد داوای لە خەڵکو سەربازو پۆلیسەکانی نێو دامودەزگاکانی حکومەت کرد کە پەیوەندی بە "شۆڕش"ـەوە بکەن. هەزاران کەس بە پیر داواکەوە چون، کەچی شیوعییەکان بەگژ جەنگاوەرە کوردەکانەوە چون. وەک خۆیان دواتر دانیانپێنا، ئەوان هەڵەیەکی کوشەندەیان کرد چونکە "بەتەواوی خۆیان لە گەلی کورد گۆشەگیرکرد" (نوری ٢٠٠١: ٤٣١).
دوای سەرکەوتنی سوپای عێراق بەسەر جەنگاوەرە کوردەکان، حکومەتی عێراقی بەچڕیی دەستیکرد بە هەڵمەتەکانی تەعریبو چۆڵکردنو ڕاگواستن. ئەندامانی حیزبی شیوعی لە دانیشتنە تایبەتەکانیاندا ناڕەزایی خۆیان لەو سیاسەتە دەمارگیریانەی حکومەت دەردەبڕی، بەڵام بەفەرمیو بەئاشکرا ڕەخنەیان لە حکومەتو حیزبی بەعسی هاوپەیمانیان لە بەرەدا نەدەگرت. ئەم بێدەنگییە مەترسیدارە لەگەڵ بەشداریی شیوعییەکان لە شەڕ لە دژی کوردەکان لە ١٩٧٤-١٩٧٥ بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی لەسەر پشتیوانیو ئەندامبوون لە حیزبی شیوعی لەنێو کوردەکان هەبوو. هەڵوێستو کارو کردەوەکانی حیزبی شیوعی لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا بوون بەمایەی هەڵگەڕانەوەی کوردەکان لە حیزبی شیوعی، ئەمەش بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی حیزبەکەدا، بەتایبەتی ئەگەر ئەوە بەبیرخۆمان بێنینەوە کە هەرێمی کوردستانی حیزبی شیوعی تا ئەوکاتانە وەک تاکە کۆڵەگەی بەهێزی جەماوەری حیزبەکە مابۆوە. بەکورتییەکەی ئەم کردەوانەی شیوعییەکان ئەم کۆڵەگەیەشی بێهێزکرد.
١٩٧٨ دا، بەعسییەکان شیوعییەکانیان بە شکاندنی مەرجەکانی بەرەی نیشتیمانییو نەتەوەیی پێشکەوتوخواز تاوانبارکرد. یەکێک لە مەرجەکانی ڕێکەوتنەکە ئەوە بوو کە حیزبی بەعس تاکە ڕێکخراوی سیاسیی دەبێت کە مافی ئەندامگیرییو دروستکردنی خانەی حیزبی لەڕیزەکانی سوپادا هەبێت. لە ڕاستییدا، حیزبی شیوعی بەناچاری ئەم مەرجەی قەبوڵکردبوو. ئەمەش، وەک سەرچاوەکانی بەعس ئاماژەیپێدەکەن، مافی بێڕکابەریی دابوو بە بەعس کە "ڕۆڵی سەرکردایەتی" (الدور القیادی) لەنێو حکومەتو سوپاو جەماوەر ببینێت (حزب البعپ ١٩٧٧: ٧٨؛ ١٩٨٣: ٦٤-٦٥). هەڵمەتی تەنگهەڵچنین بە شیوعییەکان تا کۆتایی ١٩٧٩ بەردەوام بوو کە لە ئاکامدا بوونی شیوعییەکان لە گۆڕەپانی سیاسەتکردنی بەئاشکرا سڕایەوە. تەماحی بەعسییەکان لە حوکمکردن بە تەنیا هۆکاری هەرە سەرەکی بوو بۆ وەدەرنانی شیوعییەکان لە بەرەو لە فەزای سیاسی ئاشکرا. دەکرێت ترسی بەعسییەکان لە کودەتایەک هاوشێوەی ئەوەی شیوعییەکان لە ئەفغانستان لە ١٩٧٨ دا کردیان وەک هۆکارێکی دیکە ببینرێت.
بەهەرحاڵ، تاسەرەتای ١٩٨٠، ئەوەی مابۆوە لە شیوعییەکان بۆ خۆپاراستنو بەرەنگاربوونەوەی ڕژێم ڕوویان لە شاخەکانی کوردستان کردو پەیوەندییان بەو بزوتنەوەیەوە کرد کە تازەجارێکی دیکە لە کوردستان سەریهەڵدابۆوە. هەندێکیش لە سەرکردەو کادیرە پێشکەوتوەکانی حیزبی شیوعی پەنایان بۆ وڵاتە سۆشیالیستەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات بردو ئەوێیان کردە پەناگە. بەگشتی، شیوعیەکان پەرتەوازە ببوون، ئەو هێزو سەنگەی کە لە پەنجاکانو شەستەکاندا هەیانبوو لەسەر شەقامی عێراقی ڕۆژبەڕۆژ کەمتردەبۆوە.
ئەو ئەندامو هەوادارانەی حیزبی شیوعی کە چوون بۆ شاخەکانی کوردستان خۆیان لە فەزایەکی پڕکێشمەکێشو پڕململانێ لەنێو لایەنو گروپە سیاسییە کوردییەکان دیوە کە لە ناوچە ڕزگارکراوەکان دووچاری شەڕی نێوخۆ ببوون. یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانو پارتی دیموکراتی کوردستان دوو لایەنی سەرەکی ململانێکانیان پێکدەهێنا، حیزبی شیوعی بەگشتی لایەنگری لەلایەنێک لە دژی ئەوی دیکە دەکرد. ئەم تێوەگلانەی حیزبی شیوعی لە شەڕی نێوخۆ، ئارەزومەندانە بووبێت یان بەناچاری، زۆر خراپ بەسەر حیزبی شیوعیدا شکایەوەو باجێکی گەورەی مەعنەویو مرۆیی لە شەڕەکاندا.
لە ئایاری ١٩٨٣ دا، بارەگاکانی حیزبی شیوعی لە قڕناقەو پشتئاشان کەوتنە بەر هێرشی هێزەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ئاکامدا حیزبی شیوعی زیاتر لە ٦٠ کادیری پێشکەوتوی لەدەستداو ئەوانەی قوتاریشبوون هێندەی دیکە شپرزەبوونو کاریگەرییەکانیشی تائێستاشی لەگەڵدابێت لەسەر حیزبەکە ماوە (وەک چاودێریکەرێکی ڕووداوەکان نوسەر لەوئانوساتدا ڕۆژانە بەدواداچوونی بۆ پێشهاتەکان لەڕێگەی ڕادیۆ نهێنییەکانی لایەنە پەیوەندارەکانو لایەنگرانی یەکێتییو حیزبی شیوعیو لایەنەکانی دیکە دەکرد. بۆ دیدی حیزبی شیوعی لەسەر ڕووداوەکان تەماشای ( کەریم احمد ٢٠٠٦: ٢٣٥-٢٤٢) بکە، بۆ ڕوانگەی یەکێتییش بڕوانە (نەوشیروان مستەفا ئەمین ١٩٩٧: ٢٧٩-٢٩٩)).
ئەو گورزەی ئەمجارە حیزبی شیوعی لەسەر دەستی ناسیونالیستە کوردەکان خواردی کوشندە بوو. لەگەڵئەوەی کە حیزبی شیوعی لە گۆڕەپانی سیاسی بزرنەبوو، بەڵام کاریگەریی ئێجگار زۆر بوو لەسەری. بەکورتی، حیزبی شیوعی لە مێژوودا سێ گورزی کوشندەی خوارد، دووانیان لەسەر دەستی بەعسییەکان لە ١٩٦٣ و ١٩٧٨ دا، سێیەمیشیان لەسەر دەستی ناسیونالیستە کوردەکانی یەکێتیی بوو. هەرسێک بەسەریەکەوە لەپاڵ هەڵە ستراتیجییەکانی حیزبی شیوعی، لەوانە:
یەکەم، بەرگرینەکردنیان لە قاسم وەک پێویست لە ئانوساتی کودەتاکەی ٨ی شوباتی ١٩٦٣.
دووەم، پێکهاتنیان لەگەڵ بەعس لە ١٩٧٣ دا سەرەڕای ئەو هەموو مەرجانەی بەعس کە بەسەریدا سەپاندبوون.
سێیەم، دژایەتیکردنی بزوتنەوەی کوردایەتی لە ١٩٧٤-١٩٧٥ دا.
چوارەم، لەتبوونی حیزبی شیوعی بەسەر دوو بەشدا لە ١٩٦٧.
پێنجەم، دژایەتیکردنی دین لەجیاتی ڕەخنەگرتن لە کاریگەرییە سیاسییو کۆمەڵایەتییو سایکۆلۆجییەکانی دین کە فەتوا گرنگەکەی 'موحسین حەکیم'ی گەورە مەرجەعی شیعەکانی لێکەوتەوە.
شەشەم، تێوەگلانی لە شەڕی نێوخۆی کوردەکان.
هەموو ئەم ڕووداو و پێشهاتو کاروکردەوەو سیاسەتانە حیزبی شیوعی کرد بەیەکێک لە حیزبە هەر لاوازەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق.
بۆ وردەکاری زیاتر واچاکە کتێبی شوناسی عێراق لە نوسینی بەندە بخوێنیتەوە کە لە دەزگای سەردەم دەس بۆ بە لاوازبوونی حیزبی شیوعی عێراق لێکترازا؟
…..
بەشی دووەم
دوای ئەو گورزەی لە پشتئاشانو قڕناقە بەر حیزبی شیوعی کەوت گرفتێکی نوێ لەنێو ڕیزەکانی حیزبی شیوعی سەریهەڵدا کە هێڵەکانی کەوتبوونە سەر هێڵە نەتەوەییەکان، کوردییو عەرەبیی. بۆنمونە، شیوعییە عەرەبەکان دژایەتی ئێرانو مەیلیان بەلای عێراقدا بوو لەپەیوەند بەو شەڕەی لەنێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا هەڵگیرسابوو، کەچی شیوعییە کوردەکان زیاتر بێلایەنیان لەخۆنیشاندەدا. ئەم گرژیو ململانێ ناوخۆیانە سەرباری کێشە کەڵەکەبووەکانی دیکەی سەر حیزبی شیوعی جیابوونەوەو دەرچوونی ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی لێکەوتەوە کە هێندەی دیکە پێگەی کوردەکانی لە سەرکردایەتی حیزبەکە بەهێزترو قایمتر کرد.
لە ١٩٩٣ دا، هەرێمی کوردستانی حیزبی شیوعی جیابوونەوەی خۆی لە حیزبی شیوعی عێراقی بە دامەزراندنی حیزبی شیوعی کوردستان ڕاگەیاند. شیوعییە کوردەکان هەموویان نەچونە ڕیزەکانی حیزبە نوێکە بەڵکو ژمارەیەکی بەرچاو لە کادیرەکانیان پەیوەندیان بە لایەنە ناسیونالیستە کوردییەکان، لەوانە پارتی دیموکراتی کوردستانو پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یان سێبەرەکانیان، کرد.
داکشانو پاشەکشەکانی حیزبی شیوعی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی لاوازبوونی کامپی نیشتیمانپەروەریی بوو لە عێراق. دابەشبوونی حیزبی شیوعی لەسەر هێڵە نەتەوەییەکان بووە مایەی بزربوونی ئەو پلاتفۆرمەی کە لانیکەم کوردو عەرەبە شیوعییەکانی لەسەردا هاوخەباتو هاوبیرو هاوچارەنوسو یەکگرتو کردبوو. لەئاکامیشدا، عێراق سەرەکیترین پلاتفۆرمی ئامێزانی نیشتیمانیی لەدەستدا.
دەکرێت بپرسین داخۆ دوای نزیک لە نیو سەدە لە هاوبیریو هاوخەباتیو هاوچارەنوسی کوردو عەرەبە (بەگشتی شیعەکان) شیوعییەکان دەبێت ئەو هۆکارانە چی بووبن کە بوون بە مایەی لاوازبوونو دواتریش لەتبوونی حیزبی شیوعی لەسەر بنەمای نەتەوەیی. ناکرێت هۆکارەکان لە گورزە کوشەندەکانی بەعسو ناسیونالیستە کوردەکانو هەڵە ستراتیجییەکانی شیوعییەکانو فەتواکەی حەکیم کورتبکرێنەوە (ئەو هۆکارانەی لە بەشی یەکەمی ئەم بابەتە هەڵوەستەیان لەسەرکرا). بێجگە لەو هۆکارانە ئەمانە دەکرێت بە هۆکاری دیکە دابنرێن:
یەکەم، پتەوییو بەزیندویی مانەوەو گەشەکردنی شوناسی کوردبوونو کوردستانیبوون لەپاڵئەم هۆکارانە هۆکارێکی دیکەی سەرەکییە، کە بوو بە مایەی بێهێزبوونو شاخەشاخە بوونی حیزبی شیوعی لەسەر هێڵە نەتەوەییەکان.
دووەم، بیرۆکەو چەمکەکانی عێراقیبوون کە لەلایەن هەندێک لە عەرەبە عێراقییەکانو کوردە شیوعییەکان پشتیوانی لێدەکراو بەرزڕادەگیرا لەکۆتاییدا نەیتوانی بەسەر هەستە ناسیونالیستییە کوردییەکاندا زاڵبێتو گۆڕەپانی پێچۆڵبکات. ئەوەی جێگەی سەرنجە، ڕاست پێچەوانەکەی هاتەدی. بەواتایەکی دیکە، دروستبوونی دەوڵەتی عێراقیو ئەو پڕۆسەیەی ئامێزانی نیشتیمانیی کە بەدوایخۆیدا هێنای نەیانتوانی شوناسی نەتەوەیی کوردیی کاڵبکەنەوە، یان تێیپەڕێنن. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بیرۆکە ئایدیۆلۆجییەکان بەبەراورد لەگەڵ هەستو ئایدیۆلۆجییە نەتەوەییەکان بەرگرییان کەمترە (Volkan 2003: 49–76). ئەگەرەکانی دەستبەرداربوون لە ئایدیۆلۆجیا، بۆنمونە کۆمۆنیزم، زۆر زیاترە لە دەستبەرداربوون لە شوناسی نەتەوەیی، بۆنمونە کوردبوون یان عەرەببوون. بەهەمانشێوە، بەرژەوەندییە ئابورییەکان دەکرێت سازشیان لەسەر بکرێت بەڵام شوناسی نەتەوەیی کەمتر قابیلی سازشکردنە. دیارە ئەوە بەو مانایە نییە کە شوناسی نەتەوەیی ئەزەلییە بەڵکو بەو مانایەیە کە توانای مانەوەو خۆڕاگری لە ئایدیۆلۆجیا بەهێزترەو کەمتریش سازشی لەسەر دەکرێت. شوناس تەنیا لەڕێگەی دانپێنانەوە دەخەمڵێتو هەر دانپێنانیشە کە لەوانەیە ببێتە مایەی بەتاڵکردنەوەی.
بەهەرحاڵ، ئەوەی لێرە مەبەستە ئەوەیە کە ئامێزانی نیشتیمانیی لەنێوان دوو گروپی نەتەوەیی لە وڵاتێکدا لە ئامادەگیی هەستێکی بەهێزی نەتەوەییو خەونو ئامانجە نەتەوەییەکان، وەک کەیسی کوردەکان لە عێراق لەخۆینیشاندا، زۆر سەختەو پێچەوانەی هەستو نەستو پڕۆسەی ئامێزانیشە. جەوهەرو دەرکەوتەکانی ئەو ئارگیومێنتە پشتیوانی لە تێگەیشتنەکانی ئیتنۆسیمبولیی (ethno-symbolic) ئەنتنی سمیس دەکات کە پێداگری لەسەر بوونی گروپێکی ئیتنیی/نەتەوەیی بۆ دروستبوونی نەتەوە یان دەوڵەت-نەتەوە دەکات. دوورکەوتنەوەی کوردەکان لە حیزبی شیوعیو چەمکو بیرۆکە عێراقچییەکانو پێکهێنانو دامەزراندنی گروپو ڕێکخراوی چەپی کوردیی، وەک کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان کە باڵێکی سەرەکی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستانی پێکدەهێنا، تاڕادەیەکی چاک پشتگیری لەو ئارگیومێنتو تێگەیشتنانە دەکەن.
بەکورتی، وەک پێشتر ئاماژەیپێکرا حیزبی شیوعی تاکە حیزبی عێراقی بوو کە توانیبێتی کوردو عەرەب لەڕیزەکانی خۆیدا ڕێکبخات، ئەمەش حیزبەکەی کرد بە پلاتفۆرمێک بۆ ئامێزانی نیشتیمانیی. لە ١٩٦٣ دا، حیزبی بەعس گورزێکی کوشندەی لە حیزبی شیوعی دا کەچی حیزبەکە بەشڕیش بێت ڕزگاریبوو. لە کۆتایی حەفتاکاندا حیزبی بەعس دەستێکی دیکەیان لە حیزبی شیوعی وەشاند بەمەبەستی کوشتنی، کە تاڕادەیەک سەرکەوتوبوو. ئەم دوو لێدانەی بەعس زیاتر عەرەبە شیوعییەکانی گرتبۆوە بۆیە لە حەفتاکان بەدواوە حیزبی شیوعی وەک حیزبێکی کوردی نەک عێراقی دەردەکەوتو ببووە بەشێک لە بزوتنەوەی کوردایەتی. کاتێک حیزبی شیوعی چوو بۆ شاخەکانی کوردستان لەوێدا بینی کە کوردەکان ڕێکخراوی چەپی خۆیان هەیەو کوردە چەپڕەوەکانی لە دەوردا کۆبوونەتەوە ئیدی فەزای کارکردنی حیزبی شیوعی هێندەی دیکە تەسکبۆوە. کاتێکیش لە شاخەکان گیرسایەوە یەکسەر لەو شەڕە گلا کە لەنێوان گروپە کوردییەکان بەرپاببوو. لە شاخ ناسیونالیستە کوردەکان گورزێکی کوشەندەیان لە حیزبی شیوعی دا کە ئیدی حیزبەکەی لەپەلوپۆخست. ئیفلیجبوونی، یان ئیفلیجکردنی، حیزبی شیوعی ئەگەرەکانی پێش ئامێزانی کوردەکانو عەرەبەکانی لە ڕیزی یەک حیزبو یەک نیشتیماندا کردە بڵقی سەر ئاو.
واچاکە بەشی یەکەمی ئەم بابەتە بخوێنیتەوە بۆ باشتر تێگەیشتن لە گفتوگۆکانو ئارگیومێنتەکان. بۆ تەواو تێگەیشتنیش واچاکە کتێبی شوناسی عێراق کە لە دەزگای سەردەم دەستدەکەوێت بخوێنیتەوە.تدەکەوێت.