د. شێرکۆ کرمانج
یەکەم، من پاڵپشتی بێ قەیدو شەرتی خۆپیشاندەرانی دهۆک دەکەم. ئەوان داوای نەک مافی ڕەوای خۆیان دەکەن بەڵکو داوای سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ دەکەن کە مافی ژیانە، ئەم حکومەتەی، ئەوانەی پێش ئەویش، لانیکەم لە ٢٠١٤ ـەوە تا ئێستا نەیانتوانیوە ژیانو بوونی هاوڵاتیان زەمانەت بکەنو قوتیان دابین بکەن.
دووەم، ئەو پاساوەی کە دەسەڵات دەیهێنێتەوە کە گوایە خۆپیشاندانەکە ڕێگەپێدراونەبووە بێ ماناترین پاساو و قەوانێکی سواوە بۆ ڕێگریکردن لە خۆپیشاندانو گرتنی خۆپیشاندەران. حکومەت دەبێت لێپێچینەوە لە پۆلیسو دەزگا ئەمنییەکان بکات کە بۆ ڕێگەیان بە خۆپیشاندەران نەداوە نەک خۆپیشاندەر بگرێت.
سێیەم، دەسەڵاتو میدیا درۆزنە بێ ڕکابەرەکانی دەسەڵات هەر زوو ماکی ئیسلامییبوون لە خۆپیشاندەران دەدات. جارێ گریمان ئەوە یەکگرتوی لە پشتە، ئێ خۆ یەکگرتو هێزێکی ڕێگەپێدراوە لە هەرێم و بەشێکە لە ئۆپۆزسیۆنی شەرعی لە پەرلەمانی هەرێم، بۆیە یەکگرتوو وەک هەر هێزێکی دیکەی کوردستان مافی خۆیەتی کە جادە بجوڵێنێو ڕابەرایەتی خەڵک بکات.
چوارەم، تاوانبارکردنی خۆپیشاندەران بەوەی کە دەستێکی دەرەکی لە پشتە بێجگە لەوەی کە قەوانێکی سواوی دیکەیە بگرە بێ ماناترین تۆمەتبارکردنە چونکە هەر دوو هێزە سەرەکییەکەی دەسەڵات دوو هێزی دەرکی لە پشتانە، تورکیاو ئێران. ئەو هێزە دەرەکییەی کە میدیای دەسەڵات باسی دەکات خۆ ناکرێت لەو دوو دەوڵەتە دەرچێت چونکە خۆ ناکرێت خۆپیشاندانێک لە هەرێم بکرێتو یەکگرتو ڕابەرایەتی بکاتو ئەمریکای لە پشتی بێت یان ئەوڕوپا.
پێنجەم، تۆمەتبارکردنی خۆپیشاندەران بە تێکدەر قێزەونترینو بێ ماناترین شتە کە دەسەڵاتو حکومەتی هەرێم خەڵکی هەرێمی پێ تۆمەتبار بکات چونکە تێکدەر ئەوە نیە کە داوای مافی خۆی دەکات بەڵکو ئەوەیە کە مافی خەڵک زەوت دەکات. بێجگە لەمە ئاسایش هەر دوێنێ شەو پێش خۆپیشاندانەکە خەڵکیان دەستگیرکردوە لە دهۆک، ئەوەی نیشانەی ئەوەیە کە پێشئەوەی ئێمە بزانین ئەوانە تێکدەرن یان نا ئاسایش بڕیاری پێشوەختەی خۆی داوە لە تۆمەتبارکردنی خۆپیشاندەران.
شەشەم، ئەم دەسەڵاتە لە جیاتی داننان بە شکستە یەک لە دوای یەکەکانی دێت خەڵکی شارێک بە تێکدەر دادەنێت کە ساڵانێکە وەک قەڵای پۆڵاینی خۆی وێنای کردوەو دەکات.
حەوتەم، بێ دەنگی بکەرە گەورەکانی هەرێم، ئەوەی هەندێک کەس بە تۆپە گەورەکان ناویان دەبات هەرێم، جێگای سەرسوڕمانە چونکە ئەوان هەموویان پشتیوانی خۆیان لە خۆپیشاندەرەکانی عێراق دەربڕی، دەبوایە ئەمڕۆ دەنگیان کردبا.