د. شێرکۆ کرمانج
چەند سەرنجێکی کورت لەسەر دەقی خوتبەکەی عهلی ئهرباش، بەڕێوەبەری ئەوقافی توركیا، کە یهكهم خوتبهی له ڕۆژی هەینی 24-7-2020 لە ئایا سۆفیا، بە ئامادەبوونی ئەردۆگان، خوێندهوه.
یەکەم، عەلی ئەرباش بە شمشێرهوه هاته سهر مینبهر، کە گوایە شمشێرەکەی محەمەد غازی داگیرکەری قوستەنتەنیەیە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەو کردارەی ئەمڕۆ ئەنجامدراو ئەوەی کاتیی خۆی لە ١٤٥٣ دوای داگیرکردنی قوستەنتەنیە لەلایەن موسڵمانەکانەوە ئەنجامدرا، کە بەمزگەوتکردنی ئایە سۆفیای لێکەوتەوە، هەردووکیان لە ڕێگەی هێزەوە ئەنجامدراون. بە واتەیەکی دیکە بەمزگەوتکردنو بەمزگەوتکردنەوەی لەڕێگەی شمشێرەوە بووە.
دووەم، ئایا سۆفیا مزگەوت نەبوو تا بکرێتەوە بە مزگەوت بەڵکو کەڵیسایەکی کرستیانە یۆنانییەکان بوو کرا بە مزگەوت، دواتر ئەتاتورک کردی بە مۆزەخانە، ئێستا دیسان کرا بە مزگەوت، نەک کرایەوە بە مزگەوت، هەر کەسێک بڵێت کرایەوە بە مزگەوت مەبەست لە قسەکانی چەواشەکارییو هەڵگێڕانەوەی راستییەکانە.
سێیەم، کڕینی ئایە سۆفیا درۆیەکی شاخدارە لە زۆر ڕووەوە بەڵام سادەترینیان ئەوەیە، ئەی ئایە سۆفیا ئەگەر بۆ فرۆشتن بوو بۆ پێش داگیرکردنی موسڵمانان نەیانکڕی؟ لە ژێرداگیرکارییدا هیچ یاسایەک، هیچ کردارێک، هیچ هەڵویستێکی داگیرکەر بەسەر داگیرکراودا شەرعیەتی نیە، تاکە شەرعیەت کە هەبێت داگیرکارییە کە خۆی لە خۆیدا بێ بنەمایە.
چوارەم، خوتبە خوێنەکەی ئایە سۆفیا دەڵێت "فهتح دهستدرێژی نییه"، ئەم گوتەیە هیچ مانایەکی نیە. هەموو داگیرکەران وشەی بریقەدار بۆ کارە داگیرکەرییەکانیان دادەڕێژن. ئەردۆگان کاتێک هێرش دەکاتە سەر عەفرین ناوی لێدەنێت "گەڵای زەیتون"، کاتێک سەرێ کانی داگیردەکات ناوی لێدەنێت "کانی ئاشتیی". فەتح داگیرکارییەکی عەیار بیستو چوارە لەژێر هەر ناوێک بکرێت، ئیسلام بیکات یان ناسیونالیستەکان، ڕۆژهەڵات بیکات یان ڕۆژئاوا. ئەوڕوپییەکان هەموو دنیایان بەناوی ئیستیعمار، واتە ئاوەدانکردنەوە، داگیرکرد.
پێنجەم، خوتبە خوێنەکەی ئایە سۆفیا دەڵێت "له شارستانییهتی ئێمهدا (مهبهست لێی شارستانییهتی ئیسلامییه)، مزگهوت شوێنی یهكبوونو پێكهوهبوونو برایهتیو ئیمانمانه"، ئەم قسەیە هیچ ئەسڵو ئەساسی نە لە ڕووی تیوری نە لە پراکتیدا نیە. مێژووی موسڵمانە عوسمانییەکان لەناو دەوڵەتی عوسمانیو لە دەرەوەی دەوڵەتەک پڕیەتی لە خوێنڕشتنو داگیرکاریی تا دەگاتە جینۆساید، ئەوەی لاپەڕەکانی مێژوو هەڵداتەوە پێویستی بە گەڕان نابێت بۆ دەرکەوتنی ئەو ڕاستیانە چونکە زەق زەق لەچاوی دەچەقن.
شەشەم، دوو سێ حەفتە پێش ئێستا لە بابەتێکدا، کە لە کۆمێنتی یەکەم دامناوە، نوسیم کە هۆکاری هەرە سەرەکی لە بەمزگەوتکردنی ئایە سۆفیا شەڕی ئەردۆگانە لەگەڵ ئەتاتورک لەسەر ئەوەی کە کامیان گرنگترن، کامیان دەبێت جێ بەوی دیکە چۆڵبکات، شوناسی کامیان دەبێت بەبەر تورکیای ئەمڕۆدا بکرێت، شوناسێکی عەلمانی-ناسیونالیستی-ئەتاتورکی یان شوناسێکی ئیسلامی-ناسیونالیستی-ئەردۆگانی؟ دوێنێ کە خوتبە خوێنەکەی ئایە سۆفیا گوتی "ئهوانهی دهستكاری وهقف دهكهن دهڕوخێنو لهدواتردا بهر نهفرهت دهكهون" کە مهبهستی ئهتاتورك بوو، ڕێک تێگەیشتنەکەی من دەسەلمێنێت.
بۆیە بەمزگەوتکردنی ئایە سۆفیا بێجگە لە گەمەیەکی سیاسیی ئەردۆگان لە بەرگی دینییدا هیچی دیکە نیە.