لابردنی پاشەکەوتی مووچە!

د. به‌هادین ئه‌حمه‌د

دواتر ئەو حزبانەی بەشداری کابینەی ٨ی حکومەتی ڕابردوویان کردبوو لەپارتی و یەکێتییەوە تا گۆڕان و ئیسلامی کە قوڕیان بەسەر مووچەخۆراندا کرد، پاشەکەوتی مووچەیان لەڕۆژی ٨ی مارس پاش ٤ ساڵ لابرد!

ئێستا هەریەکەیان خۆی کردۆتە پاڵەوان و وەکو چاکە و پیاوەتی بەمامۆستایان و فەرمانبەرانی دەفرۆشنەوە، ڕاستی خێری خاڵە عادل عەبدولمەهدی بنووسێت ئەگینا بەنیازنەبوون چاکی بکەنەوە، ئێستاش تا وەری نەگرین ٤ ساڵ بەبەردەوامی و ۷ جار نەیژمێرین و سەر و بنی نەکەین باوەڕناکەین؟!، چونکە دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە خۆیان بێ متمانە و ناشیرینکرد و جەماوەریشیان بێ هیوا و هەناسە سارد و ڕەشبین کرد.

ئەمەیە ئەڵێ: شکست وەکو مناڵێکی زۆڵە کەس خۆی ناکات بەخاوەنی، بەڵام سەرکەوتن هەموو کەس خۆی تێیدا دەکات بەپاڵەوان؟!
لەڕاستییدا ئەو کار و بڕیارەیان نایاسایی و نائاسایی بوو، چونکە جۆرێک بوو لەفێڵ بەناوی پاشەکەوتی مووچەوە و لەهیچ وڵات و هەرێمێکدا بڕیار و ڕێنمایی جێگەی یاسا ناگرێتەوە و، کارەکەش بەوە تەواو نابێت، پێویستە قەرەبووی مووچە خۆران بکرێتەوە بە گێڕانەوەی سەرجەم مووچە فەوتاو و قرتاوەکانیان.

لەکۆتاییدا داواکارم دەسەڵاتدارانی هەرێم بەفەرمی داوای لێبووردن لەخەڵکی کوردستان بەگشتی و، فەرمانبەران و مامۆستایان بەتایبەتی بکەن . جارێکی تر هەڵەی هاوشێوە دەرحەق بەمووچەخۆران و خەڵکی بەش مەینەتی کوردستان دووبارە نەکەنەوە. ئەگینا حەقی ئەوەیە سەرجەم ئەندامانی پێشووی کابینەی حکومەت هەر لەسەرۆکی حکومەتەوە تا دوا وەزیریان لەبەردەم جەماوەردا لەدادگایەکی یاسایی و کارگێڕی دادپەروەرانەدا ڕابگیرێن و دادگای بکرێن و سزا بدرێن.

09/03/2019