دەگەڕێنەوە بۆلای بەغدا موفلیسەکە ؟!

هۆشیار عەبدوڵا

(( نێچیرڤان بارزانی لە ناوەراستی ساڵی ۲٠۱٥ بۆ میدیاکان دوا و وتی ؛ بەغداد موفلیسە ، لەو کاتەوە حکومەتی عێراق توانیویەتی مانگانە موچەی فەرمانبەرەکانی بێ دواکەوتن بدات ، حکومەتەکەی نێچیرڤان بارزانیش سێ مانگ قەرزاری فەرمانبەرانە ، بەراست کێ موفلیسە ؟؟؟!!!!!))

بریاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق كە لە پشکی کوردە و برای بەریزمان مامۆستا ئەحمەدە لە فراکسێۆنی کۆمەڵ ، هۆشداری داوە کە ئەگەر بەو شیوەی ئێستا بێت و چارەیەک نەدۆزرێتەوە(( هەرێم نەوت سەربەخۆ بفرۆشێت بێ گەرانەوە بۆ بەغداد))  ئەوا لە موازەنەی ۲٠۱٦ دا چاوەرێی بودجەی لە %۱۷ نەبێت.
کاتێک باسی ئەوە دەکرێت بە تەمای مەبن هەر تەنها  مەسەلە پارەی بودجە نیە ، بەڵکو بەغداد چیتر دەرمانیش نانێرێت و بڕە خۆراکی مانگانە و پارەی گەنم و پێشمەرگەش نانێرێت .
ئێستا کاتیەتی چەند گفتوگۆیەکی ڕاشکاو و ڕەوا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم  و بە تایبەت لەگەڵ پارتی بکەین کە مەلەفی نەوت و سامانە سروشتیەکانی لایە.
ساڵی رابردو ئیتیفاقێک لەگەڵ حکومەتی عێراق کرا ( بڕێک نەوتی هەرێم بەرامبەر برێک پارە لە حکومەتی عێراقەوە )سەرەتا هەرێم  ئیلتیزام نەکرد و تا مانگی سێ ی سالێ ۲٠۱٥ ئەو بڕە نەوتەیان نە نارد کە ئیتیفاقیان لەسەر کردبو ، بۆ ئەوەش لە ناو تەلاری حکومەت رەخنەی زۆرمان لە حکومەت گرت و داواشمان کرد کە ئاشتی هەورامی لا بەرن، ئەوەبوو داوای ئەوە هەرێم ئیلتیزامی کرد و بەغداد ئیلتیزامی نەکرد ، حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵی ئەوەبوو بە یەکجاری خۆیان نەوت سەربەخۆ بفرۆشن و داوایان کرد ئێمە بەو شیوەیە دەتوانین موچە چارەسەر بکەین بۆیە دەبێ ئێمە وەک پەرلەمانتاری ئیتیحادی لامان ئاسایی بێت هەموو نەوتی هەرێم بێ گەرانەوە بۆ بەغداد بفرۆشن .
وەزیری سامانە سروشتیەکان  لە کۆبونەوەی حکومەت لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە بەغداد لە لە ناوەراستی ئەمساڵدا بە هەڵچون و تورەییەکی زۆرەوە دەیگوت  رێگە بدەن نەوتی خۆمان سەربەخۆ بفرۆشین تا سێ مانگی تر کێشەیەکمان نامێنێت وە سێ جار نەک جارێ کێشای بە مێزەکەی بەردەمیدا کە بەڵێ بەڵێ بەڵی دەتوانین بەڵام با سەربەخۆ نەوت بفرۆشین ، بە پشت بەستن بە بریارێکی پەرلەمان و رەزامەندی هەموان وتمان خوادەکات ئیوە دەتوانن موچە دابین بکەن فەرمون بیفرۆشن و ئێمە پشتیوانین و تەنانەت وتمان ئەگەر ئەتانەوێت هەر ناگەڕێینەوە بەغداد ، ئەوکاتە لەسەر ئەو ئەساسە قسەشمان کرد بۆ میدیاکان و متفائل بوین کە نەوتی خۆمان ئەفرۆشین و موچەی فەرمانبەران ئەدەین و نەجاتمان ئەبێت لەوەی موحتاجی بەغداد بین ،  بەڵام چی رویدا ؟! نەوتەکەشیان سەربەخۆ فرۆشت و موچەش لە دومانگ دواکەوتنەوە هەڵکشا بۆ سێ مانگ زیاتر ، بۆ ؟! پارەی نەوت کوا؟!  .
هەڵبەتە ئاشتی هەورامی لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە بەغداد و پەرلەمانتارانی کوردیش ئەو وەعدەی دابوو ئەو قسانەی کردبوو ، ئەو کات تەنانەت لەگەڵ میدیا کارانیش کۆبونەوەیان سازکرد ، لە خۆڕایی و بێ سەبەب نەبوو کە سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان کە لە فراکسێۆنی سەوزە ناچار بوو وەک درۆزنترین پیاو لە مێژوی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد ئاشتی هەورامی ناوبەرێت ، جیا لەو بەڵێنانە هەڵبەتە ژمارە و حساباتی تریشی هەلەیە بە وتەی بەرێز عزەت سابیر کە راستەخۆ لە شاشەی روداو بە رایگشتی کوردستانی وت کە ئاشتی هەورامی درۆیکردوە .
خەلکی کوردستان ، فەرمانبەرانی هەرێم ،ئەکید حکومەتی هەرێمیش دەزانێت کە سەرەرای ئەو هەموو کێشەیەی عێراق هەیەتی لە کێشەی ئەمنی و ئیداری و دارایی و سیاسی بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق نەیهێشتوە موچەی یەک مانگی فەرمانبەرەکانی دوا بکەوێت .
ئێستا هەرێم نەوتی خۆی دەفرۆشێت و بە لێدوانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان رۆژانەی ۷٠٠هەزار بەرمیلیان لەسەر خۆیان کردۆتەماڵ .
نەوت سەربەخۆ دەفرۆشین و موچەمان پێ نادرێت ؟! ئەی چار چیە ؟
بە بەغداد بڵێین نەوتی خۆشمان دەفرۆشین و دەبێ ئێوەش بودجەی لە سەدا حەڤدەمان بدەنێ ؟!
عیبادی و هەموو سەرۆک کوتلەکانی عیراق راشکاوانە وتویانە ناکرێ ئێوە نەوتی خۆتان بفرۆشن و ئێمەش لە نەوتی بەسرە پارەی هەرێم بدەین .
جاریک لە کۆبونەوەی لەگەل سەرۆک کوتلە کوردیەکان عیبادی وتی من بیرم لەوە کردەوە هەرچۆنێک بێت پارەی ئێوە بدەم بێ لەبەرچاوگرتنی نەوتی هەرێم بەڵام بۆم دەرکەوت دور نیە سەربکێشیت بۆ ئەوەی ناوچەکانی تری عێراق ناردنە دەرەوەی نەوت رابگرن و لێم قبوڵ نەکەن و عیراق سقوت بکات وەک دەوڵەت بۆیە نەمتوانی ئەوە بکەم .
خۆزگە ئەمانتوانی سەرکەوتوانە و شەفاف و بێدزی و فزی نەوتی خۆمان تەسەروف پێوە بکەین و خۆمان لە هەموو باسک بادانێکی بەغداد قوتار دەکرد بەڵام دەرکەوت بەم عەقلیەتەی ئێستای حکومەتی هەرێم ناکرێت
یاسای بودجەی ساڵی ۲٠۱٦ دێتە پەرلەمان ، هەرێم سەربەخۆ نەوت دەفرۆشێت و نە داهات دیارە  و نە موچە هەیە ؟! بەغدادیش دەلێ هەموو نەوتی خۆت بۆ خۆت بفرۆشە بەس لە سەدا حەڤدەکەت ئەبڕم ؟!
ئێستا ئیدی دەبێ هەموو خەلکی کوردستان هەمو فەرمانبەران بزانن وەڵامی نێچیرڤان بارزانی و وەزیری سامانە سروشتیەکان کە هەردوکیان پارتین چیە بۆ وەڵامی ئەوپرسیارانەی کە بۆ بودجەی حکومەتی عێراق بۆ ساڵی  ۲٠۱٦ دەکرێن ؟!
بودجەی هەرێم لە بەغداوە فرۆشتنی نەوت بێ پرسی بەغداد بریویەتی نەک قسەی ئەم و ئەو وەک پارتی ئیدیعای دەکات .
هەمو تاکێكی کوردیش تەمەننای ئەوە دەکات کورد خۆی خاوەنی نەوتی خۆی بێت و پێویستی نە بە بەغداد بێت نە توران بەڵام کاتێک نەوت دەفرۆشیت و موچەت پێ نادرێت ..
کاتێک خۆت بە بەغداد دەڵێیت بەغداد موفلیسە و ئەو بە موفلیسیش دەتوانێ موچە بدات و تۆ سێ مانگ جارێک پێت نادرێت ، زەحمەت نەبێ بفەرمو بۆ بەغداد و لە عبادی بپرسە تۆ کە موفلیسیت و دەتوانی موچە بدەیت رێوشوێنێکیش بۆ من دابنێ .
قسە پوختەکە ئەوەیە کە لەسەدا ۱۷ بڕدرا نەڵێن دیسان فڵان و فیسار چونەتە لای عیبادی تا بیبرێت بەڵکو ئێستا ڕون رونە کە ئەو مەلەفە نێچیرڤان بارزانی و ئاشتی هەورامی لێی بەرپرسن نەک کەسی دیکە ، ئەو مەلەفە پارتی لێی بەرپرسە نەک حیزبی دیکە .
با بزانین هاتنی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدادە موفلیسەکە چی لێ سەوز دەبێت .


20/10/2015



وتارەکانی تری نوسەر