کۆبونەوە لەگەڵ پارتی (قسەیەک بۆ مێژوو)

هۆشیار عەبدوڵا
هەر لە سەرەتادا ئەو ڕاگەیەندراوەی بارزانی کە بە دەستپێشخەری لێکدرایەوە ، هێندەی ڕاستکردنەوەی ئەو قسانەی بون کە لە باشیک کردنی شتێکی تر نەبون، بەڵام کاتێک حزبەکان لە چۆڕە ئاوی وتەکانیدا کەوتنە مەلەکردن ، پارتی بۆ ڕەواندنەوەی ئەو فشارەی لە ئاستی دەرەوە و ناوەوە سەبارەت بە چارەسەری کێشە ناوخۆییەکان لەسەروی هەمویانەوە داخستنی پەرلەمان لەسەریەتی سودی لێبینی تا بیکاتە بەڵگەیەک و بە هەردوو ئاستەکە بڵێ ئەوەتا سەرقاڵی چارەکردنم .

پارتی گوێ بەپڕۆژەی هیچ لایەک نادات ، دۆخەکە بەم جۆرە ئەهێڵێتەوە تا هەڵبژاردنی داهاتوو کە کەمتر لە ساڵێکی ماوە و لە ئێستاوەشەوە بە بەرنامە خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەکات و ئەو کۆبونەوانەش جگە لە یاری کات کوشتن هیچی تر نین .

 دوو نمونە کۆمەک بەوە دەکەن ڕادەی جدیەتی پارتی بزانین، یەکیان کاتێک وەک یەکەم حزب چونە لای یەکگرتوو و ، هەر زوو یەکگرتوو بە نیگەرانیەوە ئیعلانیان کرد کە وەفدەکەی پارتی هیچ پڕۆژە و ڕوئیایەکی پێ نەبوە ، دوەمیان دوا کۆبونەوەی ئەنجومەنی وزیرانە کاتێک نیچیرڤان بارزانی لەسەر یاسای بودجە ڕوو لە وزیرەکەی کۆمەڵ پەیامی بۆ گوێچکەی ئەوانەی یەکێتی و یەکگرتوش نارد و وتی کێ حەز لە کشانەوە دەکات لە حکومەت با بکشێتەوە ، ناکرێ لە بەغداد یاسا دژمان دەربکەن و لە سلێمانی خۆپیشاندان دژمان بکەن و لە هەولێر لە حوکمەتدا لەگەڵمان بن ! 

 ئەو نەفەسە لە بێمنەتی پارتی ئەگەر جارێکیان ئەوەیە پارتی لەو حزب و وەزیرانە ڕا ئەبینێ ، دیوەکەی تری ئەوەیە کە پارتی درێژە بە دۆخی ئێستاکی وەک خۆی ئەدات تا ئەگاتە هەڵبژاردنی داهاتوو.

کاتێک باس لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەکرێت قسە زۆرن بکرێن بەڵام هەرە گرنگترینیان ئەوەیە پارە و قاسە پڕەکەی پارتی لە داهاتی نەوت ، خەیاڵ و خولیای تایبەتی بەو حزبە بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان  بەخشیوە.

لە هەر چوار حزبەکە هەن بەهاریان بۆ ئەو کۆبونەوانە هێناوەتە چۆکان ، بە هیوام وەک کاک جەلالی سام ئاغا ئەڵێ ( ئیشەڵا ئێمە هەڵەین و ئەوان ڕاستن)، لێ کە قسەکە وا دەرچوو و تەنها یاری کات کوشتن بوو ،ئەمجارەیان دانیپیابنێن و بڵێن وەک چۆن بەشداریمان لەحکومەت هەڵە بوو، ئەمجارەشیان قسەکانی بارزانی شایستەنەبون بە گەڕێکی تری دیشلەمەخواردنەوە.

16/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر