کۆتایی تراژیدیی پاڵەوانەکان

هۆشیار عەبدوڵا


ئەو دەموچاوانەی ناوە ناوە دێنەدەرەوە و تف لە ڕابردوی خۆیان ئەکەن و ئەکەون بەسەر دەستوقاچی نەیارەکانی دوێنێیاندا  ، هەر تەنها کۆتایی چیرۆکی تراژیدیی خۆیان نومایان ناکەن و بەس ، بەڵکو سەرەتای کۆتا نمایشی ئەو گروپەیە کە تا دوێنێ وەک پاڵەوان و ئەمڕۆ وەک دۆڕاوێکی گەورە لەبەردەم کۆمەڵگەی کوردستانیدا دەرئەکەون . 

کۆتایی مێژویەک کە تیایدا چەند کەسێک هەمو خەباتی شاخ ، گیانفیدایی هەزاران ، قوربانی خەڵک و تەنانەت هاوڕێکانی خۆیان داگیرکرد تا لەشار بەهۆیەوە بونە پاڵەوان و سەردار ، کەسانێک لە ڕاپەرینەوە تا ئێستا بەدکاریەک نەماوە نەیکەن ، تا کار گەیشتە ئەوەی هەڕاجکردنی خۆیان و مێژوەکەیان بکەنە نیشتیمانپەروەری ، بازرگانیمان لێبکەنە خەبات ، ترسنۆکی و دەستگرتن بە کڵاوی بەرژەوەندیەکانیان وەک ئازایەتی ئیدیعا بکەن ، لەبری ئەوەی ڕویان نەیەت بێنە دەرەوە ، شاشەکانیان دەمهەڵانە پڕ کردوە لە قسەی پوچ . 

کۆمەڵگەی کوردستانی ئێستا لە هەمو کات زیاتر ئەبێ بزانێت بۆچی خاوەنی ئێستایەکی وێرانە ، ئەبێ بزانێ بەدەست چ کاستێکەوە دەرگیر بوە کە خاونی سەرەتایترین مۆڕاڵی سیاسیی نیە و کوردستان و نیشتیمان و خەڵکەکەی هەمو وەک کاڵایەک بۆ بازرگانی ئەبینێ و ڕۆژگارێک ئامادەیە جەنەڕاڵی شەری ناوخۆ بێت دژی نەیارەکەی  و ڕۆژگارێکیش بۆ هەمان هێزی نەیاری دوێنێی ببێتە مورتەزەقە. 

ئیدی ئەگەر ئەو داڕمانە سیاسیە نەبێتە شۆک و ڕاچەنینێکی گەورە بۆ کۆمەڵگە ، ئەگەر ئەو لێبونەوە سیاسی و ئەخلاقیە نەبێتە هۆی دەستپێکی سەرەتایەکی نوێ  ، ئەگەر هاونیشتیمانیانی هەرێم پێداچونەوی قوڵ بۆ مەفهومی خەبات و شاخ و حزب و سەرکردە و چی و چیی نەکەن ، فعلەن هەموان موستەحەقیی ئەوەین ، کۆمەڵێک کەس لۆگۆ و بەرپرس و پێشڕەو و دێو بن لەم هەرێمەدا ، کە ئاسانترین کار لایان ماکیاژکردنی نەیارەکانی دوێنێ و شێواندنی مێژویەکە کە بە هەمو پێوەرێک خۆیان پاڵەوانیی بون . 


16/05/2017



وتارەکانی تری نوسەر