فەرمون، با کابینەی هەشتی حکومەت هەڵبوەشێنینەوە

هۆشیار عەبدوڵا
کردارتان ئەوێ نەک تەنها قسە 
فەرمون ، با کابینەی هەشتی حکومەت هەڵبوەشێنینەوە .
هەرکات ئێمە ، ڕەخنە لە کارەکانی کابینەی هەشتی کودەتا بەسەردا کراودا ئەگرین ، بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی بەشدار و تا ئێستا تێوەگلاو لەم کابینەیە و بێهەڵوێست لە کودەتاکەی پارتی ، چ خۆیان و چ لایەنگرانیان بۆ کەمکردنەوەی  بایەخی جورئەتی قسەکردنی ئێمە و (نا و نەخێرەکانمان ) پێمان ئەڵێن ، (هەنگاوی عەمەلیمان ئەوێ) ( چیتر قسە سودی نیە) ، زۆر باشە قسەکەتان ئەسەلمێنین ،دەمێکە و لە کودەتاکەوە کاتی کردارە ، فەرمون با هەنگاوی عەمەلی بنێین و کابینەی هەشت هەڵبوەشێنینەوە .
لە دوای کودەتاکەی پارتیەوە بەسەر حکومەت و پەرلەماندا ، هەرزو لایەنە سیاسیەکان وتیان کێشەی پارتی و گۆڕانە و خۆیان لە هەڵوێستی نیشتیمانی بەرامبەر دو دامەزراوەی شەرعی پەرلەمان و حکومەت لادا و بەشێکیشیان چاویان لەسەر پۆستەکانی گۆڕان بو ، گریمان ئەوەمان سەلماند و وتمان کودەتاکە کێشەی نێوان ئێمە و پارتی بو ، ئەی بە چارەگ کردنی موچە و نەدانی ئەو بڕەش بە ڕێکوپێکی بۆ واینەکرد کارەکانی ئەم کابینەیە ڕابگرن؟! ئەی ئەوکاتەی ویکیلیکس بڵاویکردەوە کە بەشێکی کانە نەوتەکانی هەرێم فرۆشراون ! نەیدەهێنا بێنە دەنگ ؟!، باشە ئێستا و دوای رێکەوتنێکی تری  شومی بواری نەوت بۆ ماوەی بیست ساڵ لەگەڵ کۆمپانیایەیەکی ڕوسی جگە لە  پەنجا ساڵیەکەیان لەگەڵ تورکیا و کەڵەکە کردنی قەرزێکی زۆر لەسەر هەرێم ، و بێسەروشۆینکردنی داهاتی نەوت ، بەردەوامی موعاناتی خەڵک  کاتی نەهاتوە ئەو قەوارەیەی کە تەنها پارتی سودی لێبینوە هەڵیبوەشێنینەوە ؟! ئایا کاتی ئەوە نەهاتوە ، ئەو کابینەیە هەڵبوەشێتەوە کە نایەوێ  موچە بدا ، ئایا ناکرێ ، گۆڕان و بەشێکی یەکێتی و یەکگرتو و کۆمەڵ ، داوای پێکهێنانی کابینەیەکی نوێ بکەن و کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی حکومەتێکی نوێ کە قۆرغی دو گروپ نەبێت و پەرلەمان بە جدی چاودێری بکات ، بکەنە پێشمەرج و فەراغێکی ئەو تۆ دروست بکەن کە پارتی وا ئیحراج بکا چیتر نەڕوا بەناو حکومەتی هەرێمەوە هەر ڕۆژەو قەباحەتێک ئەنجامبدا ؟!
ئەگەر داوای هەڵوێستی کردارەکی لە ئێمە ئەکەن ، فەرمون ئێمە ئامادەین، با ئەو حکومەتە هەڵوەشێنینەوە کە پارتی هەردو مەلەفی نەوت وعلاقاتی پێ قۆرغکردوە ، ئەو کابینەیەی کە تەنها پارتی خۆی سوار و هەمو حزبەکانی تری بەشدار پیادەن . 
حەتمەن هەن ئەڵێن گریمان ئەو کابینەیەمان هەڵوەشاندەوە و پارتی ڕازی نەبو پەرلەمان کارا بکاتەوە یا ڕازی نەبو لەسەر بنەمای شەراکەتی ڕاستەقینە کابینەی نوێ دابمەزرێنێ ، وەڵامی ئەو بۆچونە ئەوەیە ئەو حکومەتە نەبونی هیچ لە ژیانی خەڵک ناگۆڕێ ، بەڵام مانەوەی ناوێکە کە پارتی بە هۆیەوە ئەجێندا جیا جیاکانی خۆی پێش ئەخا ، ئەوە جیا لەوەی ئەگەر لە حکومەتدا بە پارتی نەڵێن تا ئێرە و بەس وەک گۆڕان کە لە پەرلەماندا پێیگوتن ، کەی و لە کوێ ئەیڵێن؟! 
ئەوانەی کە داوای چارە و جوڵەی کردارەکی ئەکەن ، لە ئێستادا بەڕای ئێمە هەنگاوی گرنگ ڕاگرتنی ئەو کابینەیەیە کە پارتی وەک دیوەخانی خۆی سەیری ئەکا . 
 داوای هەڵوێستی کردارەکی لە ئێمە ئەکەن ، فەرمون با ئەو دەزگایەی ناوی کابینەی هەشتە وەزیفەی هەرە سەرەکی بۆتە ئەوەی نیشتمان و سەروەت و سامانی هەرێمی پێ هەڕاج ئەکرێ هەڵبوەشێنینەوە و پارتی ناچار بکەین دەست لەم قۆرغکاریەی حکومەت هەڵگرێ و نەڕوا لە دەرەوە و ناوەوە بڵێ من حکومەتم و حکومەت منم و ئەوانی تر مقەبا و تەختەن و نەزۆرن و نە کەم .
 بۆ کۆتایهێنان بەو مەهزەلەیەی ناونراوە حکومەت و پارتی خۆی پێگەورە و هەمو هێزەکانی تری پێبچوککردۆتەوە ، ئێمە ئامادەین ، کێیتر ئامادەیە؟!


05/06/2017



وتارەکانی تری نوسەر