ئەمانەتەکەی نەوشیروان مستەفا وا ناپارێزرێ !

هۆشیار عەبدوڵا
((هەرگیز لە باسکردنیی کێشەکانیی گۆڕان مەترسن،لە داپۆشین و شاردنەوەیان ترستان هەبێت))
نەوشیروان مستەفا تێکۆشا بۆ ئەوەی هاونیشتیمانیانی هەرێم ،نیشتیمانێکیان هەبێت کە چەندین بنەمایی سەرەکیی تێدا بێت کە بریتین لە ؛
# گۆڕینیی سیستمیی سیاسیی هەرێم بۆ سیستمی پەرلەمانیی و رێگرتن لە حوکمیی ویراسیی و عائیلیی.
# شەفافیەت و رونیی لە ژیانیی سیاسیی و ئیداریی و بەگژداچونەوەی هەمو جۆرەکانیی گەندەڵیی .
# دەستاودەستکردنیی ئاشتیانەی دەسەڵات و کۆتایی هێنان بە شەرعیەتیی شاخ و هێنانە پێشەوەی جیلێکی نوێ بۆ خەباتیی مەدەنیی شار .
# کارکردن بۆ فەراهم هێنانی دادگەری کۆمەڵایەتیی و خۆشگوزەرانیی و ئاوەدانیی و وەک یەکی لەبەردەم یاسادا.
ئێمە لەسەر ئەو شارێگایە بەردەوامین بەڵام؛
دەزانین کە لە مردنیی کاک نەوشیروانەوە پیلان و دوژمنکاری بۆ لە گۆڕنانی گۆڕان هەیە ، تەزویرەکە لوتکەی پیلانی ئەو دوژمنکاریە بو ، ئێستاش بە هەمو شیوەیەک هەوڵ ئەدەن گۆڕان سەرقاڵ و دەرگیری گرفتی ناوخۆیی بکەن.
هەڵبەتە ئەوە بەو مانایە نیە کە گۆران وەک هەر رێکخراوێکی سیاسی گرفتی نەبێت ، بەلام ئەو بزوتنەوەیە رێکخەر و خانەی راپەراندن و جڤاتەکان و دامەزراوەکانی هەیە ، دەبێت رو لەئەوان داوا بکرێ کێشەکان چین؟ چۆنن؟ چارەسەر چیە ؟ بخرێنە رو زۆر بە بێمنەتی و شەفافیی.
من لایەنگری ئەوەم کێشەکانیی گۆڕان لە دیبەیتی تەلەفزێۆنیا بخرێنە ڕو ، لەو چوارچێوەیەش وەختی خۆی لە بەرامبەر ئەوەی ئەوکاتیش هەبون لە نەوشیروان مستەفا رازی نەبون لە بەرنامەی روبەرو لە خۆیم پرسیی کێشەکانتان چین؟ ئەویش وەڵامیی دامەوە نەیگوت ئەوە پرسیی ناوخۆییە و نابێ باسبکرێ .
گۆڕانخوازان دەبێت ؛ فشار بخەنە سەر رێکخەری گشتیی و خانەی راپەراندن و جڤاتەکان وەک دامەزراوەکانیی سەکردایەتیی پلانیان هەبێت بۆ روبەروبونەوەی ئەو پیلانانەی لەسەر گۆڕانە ئەوەش پێش هەمو شت بە ئازایەتیی و بەرچاورونی و شەفافیەت دەکرێ .
گۆڕان حزبێک نیە تا یەکێک و دوان ، خێزانێک گروپێک و چەند کەسێک خاوەنیی بن ، گۆڕان خەونی گۆڕانکاریە لەم نیشتیمانەدا و دەبێت هەموان خاوەنیی بن .
قسەیەکی زۆر پوخت لە سەر بە بنەماڵەیکردنیی گۆڕان:
بە دیدی من گۆڕان هەڵبوەشێتەوە باشترە لەوەی نزیکبکەویتەوە لە حوکمی بنەماڵەیی و هیچ بنەمایەکیی مەزوعیش نیە بۆ ئەوەی گۆڕان بتوانێ هەنگاوی لەو شێوەیە هەڵگرێ چونکە نەوشیروان مستەفا نە خێڵ و نە عەشرەتی هەیە و نە خزم و کەسوکاری خۆشیی تا لە ژیاندا بو هێناوەتە پێشەوە ، تەنانەت موهتەم نەبو بەوەی تا لە ژیاندایە مناڵەکانی ژن بێنن ، مرد و نەوەیەکی خۆی نەبینی ، لە کاتێکا هەن کورەکانیان لە چیا و نما مناڵترن و ئێستا چوار و پێنج مناڵیان خستۆتەوە ، بەڵام با یەک پرسیاری زۆر سادە بکەین ؛
ئێستا گۆڕان رێکخەری هەیە یا نیەتی؟ خانەی راپەراندنی هەیە یا نیەتی؟ جڤاتی هەیە یا نیەتی؟ یا ئەبێت ئەوانە زۆر لاواز بن کە وا بکات کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا بتوانن قۆرغی بریارەکان بکەن یا مەسەلەکە زیادەڕۆییە و بۆ شکاندنی بزوتنەوەکە و ماکیاژکردنیی بە بنەماڵەیی بونی حزبی ترە کە ئێستا زۆر بێچەندوچۆن پارتیان لە بنەماڵەیی بون تێپەراندوە و دەیانەوێ بڵێن هەمو وەک یەک واین.
من بەو رادەیەی دژی بۆنیی بە بەبنەمالەیکردنم بەو رادەیەش دژی ئەوەم هەبن پێیان وابێت بۆ هەمو کەس هەیە خەمی مەشروعەکەی کاک نەوشیروانیان بێت بەڵام لە کورەکانی حەرام بێت ، بێگومان ئەوانیش بە ئاست وخوێندەواری و خۆیان دەبێ وەک هەڵسوراو وەک دڵسۆزی بزوتنەوەکە ئامادەییان هەبێت بەڵام بەفەلسەفەی پشتیوان و تەواوکار نەک قۆرغکار .
لە نەخۆشکەوتنیی کاک نەوشیروانەوە تا وەفاتیی و تا ئەم لەحزەیەش رێکخەری گشتیی و خانەی راپەراندن و جڤات خاوەنیی دەسەڵاتیی سەرەکیی بون ، هەر خەلەل و کێشە و لاوازیەک هەبێت ئەوان لێی بەرپرسن و هەر کارێکی باشیش کرا بێت ئەوان خاوەندارێتی دەکەن.
کاتیەتیی بێ تۆران و پرتە و بۆڵە و دورکەوتنەوە،هەمو لە جڤاتدا کۆببنەوە و هەر گرفت وکیشەیەک هەیە چارەسەری بکەن، هەموان لە رەخنە ئازادن، هەموان لە خستنەروی بیرورای جیا بۆ پێشخستنیی بزوتنەوەکە ئازادن بەڵام کەس ئازاد نیە گۆڕان بەدەردی حزبە تەقلیدیەکانیی تر بەرێت .
کاتیشیەتیی برادەرانیی سەرەوە تایبەت رێکخەر و خانەی راپەراندن هەڵەی جێبەجێنەکردنیی نامە و وەسیەتەکەی کاک نەوشیروان لە پێکهێنانی خانەی راپەراندن راستبکەنەوە و گۆڕانێک لە پێکهاتەکەیدا بکەن،چونکە بە فیعلیی ئەم بزوتنەوەیە بە ئەزمون هیمەتیی هەردو نەوەکە بەرێوە دەچێت نەک یەکێکیان، لە بارێکیا نەبونی داینامیکیەت و جوڵە لە خانە و رێکخەردا هۆکارەکەی غیابی نەوە نوێکەیە کە لەسەردەمی نەوشیروان مستەفا خۆیدا سەقفی گرانی بزوتنەوەکەی لە زۆرینەی لاکانەوە لەسەر شانی ئەوان بو.
هەڵبەتە کەس پێش ئێمە بە وتار و بە گوفتار رەخنەی لە ئەدائیی ریكخەر و خانەش نەگرتوە بەڵام ئەوەی ئێستا رو ئەدات هەر بەتەنها رەخنە نیە بەلکو رەخنە جدیەکانیش قۆستراونەتەوە بۆ موهاتەرات و موئامەرەیەکیی گەورە لە دژی گۆڕان.
لێرەوە ، تۆ ، جا هەرکەسێکی.. ریکخەری گشتی یا ئەندامی خانەی ، یا جڤاتی ، یا هەڵسوڕاو یا دەنگدەری گۆڕانی ؛ ئەگەر دڵسۆزیت بۆ گۆڕان و دڵت بەو ئەمانەتە دەسوتێت کە نەوشیروان مستەفا بۆ کۆمەلگەکەی جێهێشتوە نەک کوڕەکانیی و دوان و سیان ، بڕۆ لەناو دامەزراوەکاندا رەخنەکانت بگرە ، یا وەرە بە ئاشکرا لە میدیاکاندا بۆچونەجیاکانت بخەرە رو تا گفتوگۆی بونیاتنەر سەرپێبکەوێ،ئەمانە بکە بەڵام وریابە بێئاگایانە مەکەوەرە داوی پیلانی دەزگا جاسوسیەکان بۆ لەناوبردنیی گۆڕان.
شکست پێ هێنانی گۆڕان ، شکستیی هەموانە ، شکستیی ئەوانەیە کە خەونیان بۆ گۆرانکاری هەیە،ئەوانەی کەهەڵگری ئەو ئەمانەتەن مرۆڤن، مرۆڤ هەمیشە هەڵەکار و سەرەرۆیە بۆیە دەشێ هەڵەی یەکێک و دوان چارەسەر بکرێ ، بەڵام شکست هێنان بە ئومێدی گۆڕانکاری چارەسەری ئاسان نیە و تاوانە.
کەسیش نەڵێ گۆڕان قەت شکست ناهێنێ و نازانم چی ، پێغەمبەران لە گەیاندنیی پەیامەکانیان شکستیان هێناوە ئێمە چین ، بێگومان هەمو پرۆژەیەکی سیاسیی گریمانەی شکستیی هەیە ، بەڵام گۆڕان لەبەر ئەوەی پرۆژەی گۆڕینە نەک پرۆژەی بازرگانیی و پارە پەیداکردن بە شکست هێنانی رەنگە باری شانی هەڵگرانی پەیامەکە سوک بێت بەڵام کۆمەڵگە و خەونی گۆڕانکاری چەندین فرسەخ دێتە دواوە.
من بە یەک مەسافە دورم لە رێکخەر و ئەندامانی خانە،رای پێشوەختیشم لەسەر هیچ کاکێکی تۆرا و یا رازی نیە بەڵام دژی ئەوەم راکان نەخرێنە ڕو ، دژی ئەوەم تۆران جیگەی ململانێ و پرتە و بۆڵە جێگەی رونیی لە داواکاریەکان بگرێتەوە.
ساڵی۲٠۱٠ تەنها یەک رۆژ تۆرام و عاجز بوم لە کەی ئێن ئێن و رۆیشتمەوە ماڵەوە ، نازانم بۆچیی و چۆن کاک نەوشیروان پێی زانیی ، بۆ رۆژی دواتر لەو ژورە بچوکەی کە ئێستا علاقاتیی کەی ئێن ئێنە، بە ئامادەبونیی رێبینی ئەحمەد هەردی کاک نەوشیروان سەرزەنشتی توندی کردم ، وتی ئەم بزوتنەوەیە هی ئێوەومانانە من حەز دەکەم هەمو رۆژێ شەرێک بکەن بەس قەت نەتۆرێن و جێینەهێڵن .
دەی با رۆژێ سەد شەر بکەین لە ناوخۆماندا بەس قەت نە تۆرێین و جێینەهێڵین،چونکە گۆڕان هیی هەموانە نەک کەسیک و دوان و سیان ، گۆڕان موڵکی کۆمەڵگەیە نەک خێزانێک ، گۆڕان پرۆژە سیاسیەکەی نەوشیروان مستەفایە و ئەو پڕۆژەیەش هیی مێژوی ئێستا و ئایندەیە و بەکەس قۆرغناکرێ و هەر کەسیش بیەوێت بەلارێیدا بەرێت و قۆرغی بکات بێبەرێ دەبێت لەو مێژوە و لە خودی نەوشیروان مستەفاش.
ڕو لە تێکرای گۆڕانخوازان پێش هەموان ئەم بەندەی پڕقسورە ئەڵێم؛ ئەگەر وریا نەبین و زمانی رەخنە نەخەینە گەڕ وپێداچونەوە و گۆڕینی ریشەیی لە ناوخۆی بزوتنەوەکەدا نەکەین،خۆمان لەفکری کۆنی شکستخوارد و چەقبەستو نەتەکێنین و فکرێکی ئینسانیی ، نیشتیمانی بالای دور لەهەمو دەمارگیریەک تەبەنی نەکەین ئەوا هەرگیز ئەمانەتەکەی نەوشیروان مستەفامان پێ ناپاریزرێت.



06/07/2018



وتارەکانی تری نوسەر