پێشنیار بۆ رێکخەر و خانەی راپەراندن و جڤاتەکانی گۆڕان .
پێشنیاری یەکەم:
((با گۆڕان داوای لێبوردن بکات))
بەرێوەبەرانی گۆڕان مرۆڤن، مرۆڤیش هەڵە دەکات ، لەسەر ریفراندۆم و لە سەر
رێکەوتن لەگەڵ یەکێتی و لێکەوتەکانیی ، لەسەر درەنگ کشانەوە لەحکومەتی
هەرێم ، لەسەر ساغ دەرنەچونی هەندێ قیادی و وەزیر و پەرلەمانتاری ، لەسەر
هەر گلەیی و گازندەیەکی گۆڕانخوازان و دەنگدەران، لەسەر هەر هەڵەیەکیی بچوک
یا گەورە، لەسەر هەر سەرنجێک کە لەسەری دروستبوە ، پێویستە گۆڕان بە
فەرمیی داوای لێبوردن بکات .
راستە گۆڕان خۆی لەسەر شارێگای
گۆڕانکاری و بەرنامە سیاسیەکەی نەوشیروان مستەفا ، ماوەتەوە و هەڵەی گەورە و
ستراتیژی نەکردوە بەڵام مانای ئەوە نیە هەڵەی بچوکی نەکردبێت ، ئێ ناکرێ
هەڵە بە بێدەنگی یا پاساوی نابابەتی پینە بکرێ ، جوانترین هەڵوێستی دوای
هەڵە هێنانەوەی پۆزش و داوای لێبوردنە .
با گۆڕان ئەو نەریتە جوانە
سیاسیەش لەهەرێم بکاتە کلتور و با داهێنان بکات لەوەی ، هێزی سیاسی پێی
شەرم نەبێت داوای لێبوردن بکات لە دەنگدەرەکانیی لە کۆمەڵگەکەی .
ئاخر ئەم کۆمەلگەی باشورە، بەشی هەرە زۆری سیاسیەکانیی ، بەشێکی زۆری
پیاوانی دینی ، زۆرێک لە بازرگان و پارە دارەکانی کەم تاوان ماوە دەرحەقی
نەکەن و کەسیش جارێک نەیگوت هەڵەمان کرد بمانبورن.
یەکێتی و پارتی
لەسەر شەری ناوخۆ و بەکوشتدانی هەزاران رۆلەی کوردستان داوای لێبوردنیان
نەکرد، تەنانەت وتیان خەتای خەلک بوە ئێمە بێ تاوانین ، لەسەر ئاودیوکردنیی
ژێرخانی ئابوری هەرێم ، نەیانکرد،لەسەر بردنی داهاتی ناوخۆ و نەوت ،
لەسەر فرۆشتنی کەرکوک ، لەسەر بێکارکردنی گەنجان، لەسەر بەجەهەنەمکردنیی
نیشتیمان ، لەسەر سی و یەکی ئاب ، لەسەر ۱٦ ی ئۆکتۆبەر ، داوای لێبوردنیان
نەکرد ، لەسەر دزینی ئیرادە و دەنگی ئەو خەلکە نەک داوای لێبوردنیان نەکرد
دەڵێن هی خۆمانە ، بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەو هەڵانەی کە بەراورد بە
تاوانەکانی یەکێتی پارتی هەڵەی بچوک و نا ئەنقەست و هەندێ جار هونەری و
هەڵە تێگەیشتنن با رچەشکێن بێت و داوای لێبوردن لە دەنگدەر و هاوڵاتیانیی
کوردستان بکات ، پێی گەورە دەبێت.
گۆڕان دەتوانێت بە داوای لێبوردن و
گۆڕانکاری لەناوخۆیدا جارێکی تر ببێتەوە هێزە ئامادە و کاریگەر و یاخیەکەی
سەرەتا، چونکە هێشتا گلەیی لە گۆڕان لەو شوێنەوەیە کە خەڵک لێی بێهیوا
نەبوە ، ئێستا کە کەس گلەیی و گازندە و رەخنە لەیەکێتی و پارتی نیە ، لەبەر
ئەوەیە کە هیوایەکیان پێیان نەماوە .
ئاخر گۆڕان هەرچیەک بێت هێشتا
هیوایە لەناو بێهیوایدا، روناکیی ئەوسەری تونێلەکەیە ، ئەگەر خراپیش بێت
هێشتا باشترینیی ناو خراپەکانە.
بەهیوای ئەوەی بریاربەدەستانیی
گۆڕان ئەم پێشنیارە بە جدی وەک بەشێک لە نەریتی گۆڕانخوازی وەریبگرن ،
چونکە ئەوەی کۆمەڵگە و ژیان بە فعلی دەگۆرێت رسکاندن و رێزگرتنی بەها
مرۆییە بالاکانە و خولقاندنی دۆخێکیش لە کۆمەڵگەدا کە داوای لێبوردن و
داننان بەهەڵەی تێدا ببێتە کلتور ئەرکێکی نیشتیمانیی و ئینسانی پیرۆزە .