بڕۆ

هۆشیار عەبدوڵا
گرنگترین پایە و بنەمای دیموکراسی دەستاودەست کردنی دەسەڵاتە، ئەگەر هەڵبژرادن و فرەیی دوو بنەمای سەرەکی بن ئەوا لە بنەمادا هەڵبژاردن و فرەیی بێ دەستاودەستکردنی دەسەڵات مانایان نیە ، کەواتە ئەوە تەنها و تەنها دەستاودەستکردنی دەسەلاتە بون و نەبونی دیموکراسی لە مەحەک ئەدات ..

پاش زیاتر لە دە ساڵ سەرۆکایەتی هەرێم لە لایەن بارزانیەوە، قسەی حیسابی و راشکاو و بێ ئەملاولا ئەوەیە  کە ئیدی لە ژێر هیچ پاساوێکدا نە بە یاسا و نە دەستور بارزانی نەتوانێت خولێکی تر یان نیو خولی تر بەردەوام بێت . 

وەک دەوترێت ئەگەر دەستور دابنرێت ئەوا حسابی ئەو دە ساڵە سفر دەبێتەوە وبارزانی هەشت ساڵی تر دەتوانێ سەرۆک بێت باشە کەسێک زیاتر لە بیست ساڵ لەسەر کورسیەک بێت،دەبێ چ مانایەک بۆ دیموکراسی هەرێم بمێنتەوە، لێرەوە ئەرکی هەموانە ئەوانەشی بارزانیان خۆشدەوێت کە داوابکەن بارزانی کورسیەکەی جێبهێڵیت و بەوەش تارادەیەکی باش مانا بۆ یاسا و دیموکراسی دەگەرێتەوە .

ئەوەی ئێستا سەرۆکایەتی پەرلەمان خەریکیەتی لە سەردانی حیزبەکان جیا لەوەی زاڵکردنەوەی ئیرادەی سیاسیەکانە بەسەر نوێنەرانی خەڵکدا بەڵام ئەگەر ئەنجامێكی دڵخوازی هەبێت هێشتا شوکرم ترسی من ئەوەیە ئەملاولاکە نە بۆ دەستور بێت و نە یاسا لێ بۆ ئەوە بێ چۆن جارێکی تر بارزانی بمێنێتەوە .

بە رای من دەبوو بارزانی زۆر رون و ڕاشکاو بێتە سەر خەت و بڵێت من پۆستەکە ئەدەمە کەسێكی تر،پاش زیاتر لە دە ساڵ ناکرێ چیتر سەرۆک بم، بەوە هەم خزمەتی خۆی و هەم حیزبەکەی و هەم ئەزمونی هەرێمی دەکرد .

پێم وایە دڵسۆزی لە ئێستادا  بۆ بارزانی ئەوەنیە بارزانی بە تاکە سەرکردە ناوزەد بکەین، دڵسۆزی بۆ پارتیش ئەوە نیە بڵێی سەرۆک هێڵی سورە،بەڵکو بۆ بارزانیش و پارتیش و هەرێمیش لە پێناو کورستانێکی دیموکراتدا دەبێ بە مەسعود مستەفا بارزانی بوترێت کورسیەکە جێبهێڵە و لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ، بڕۆ .

11/04/2015



وتارەکانی تری نوسەر