ئایا ئاساییە بارزانی ببێتەوە سەرۆك؟

رابون مەعروف


مانگی ئابی داهاتو، ویلایەتی سەرۆکایەتی بەڕێز مەسعود بارزانی کۆتایی دێت. بەگوێرەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم (ژمارە ١ ی ساڵی ٢٠٠٥) بارزانی ناتوانێت بۆ خولێکیتر خۆی کاندید بکاتەوە. بەڵام پارتی دیموکرات خواستی ئەوەی هەیە کە بارزانی بۆ جارێکیتر ببێتەوە بە سەرۆك و ئەمەش هەرێمی کوردستانی خستۆتە بەردەم قەیرانێکی راستەقینەوە.

بابەتی سێبارە سەرۆکایەتی بارزانی هەم پرسێکی سیاسیە و هەم دیموکراتی و هەم یاسایی!

پرسێکی سیاسیە چونکە؛

بە گوێرەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆك بە دەنگدانی گشتی هەڵدەبژێردرێت. بەڵام ئێستا زۆرینەی پەرلەمان و هێزە سیاسیەکان خوازیارن یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بەجۆرێك ئامادە بکرێتەوە کە سەرۆك لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت. بەپێچەوانەی ئەم ئاراستەیە، پارتی پێداگیری لەسەر هەڵبژاردنی گشتی دەکات بۆ دیاریکردنی سەرۆك. ئەمەش پەرلەمان و هێزە سیاسیەکانی کردوەتە دو بەشەوە!

پرسێکی دیموکراتیە چونکە؛

خواستی پارتی بۆ کاندیدکردنەوەی بارزانی بۆ خولێکیتری سەرۆکایەتی، پێچەوانەی یاسا و عورفی باوی دیموکراسیە. سێبارە سەرۆکایەتی بارزانی ئاماژەیەکی ئاشکرایە بۆ شڵۆقی پرۆسەی سیاسی و بێهێزی دیموکراسی لە هەرێم.

پرسێکی یاساییە چونکە؛

سێبارە کاندیدکردنەوەی بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی پێچەوانەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمە. هەر رێکارێك لە پەرلەمانی کوردستان بۆ کردنەوەی رێگا بۆ خولی سێهەمی بارزانی، ئاماژەیە بۆ پاسیڤی دامەزراوەکانی هەرێم و نەبونی حوکمی یاسا.

لە ژێر رۆشنایی ئەو سێ پێشەکیەی سەرەوە، دەگەین بە ئەنجامێك کە؛ هەڵوێست و شێوازی پارتی لەگەڵ ئەم پرسەدا، لە روی سیاسیەوە بەرپرسانە نیە و لە روی پرەنسیپەوە دیموکراتی نیە و هەروەها لە روی یاساییەوە گرفتئامێز و نائاساییە.

سەرەڕای ئەو راستیانە، فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و هێزەسیاسیەکان مامەڵە لەگەڵ دیفاکتۆی سیاسی هەرێم دەکەن و خوازیارن کە ئەو پرسە بکەن بە دەروازەیەك بۆ چاککاری سیاسی و دیموکراتی و یاسایی. بەڵام؛

لە کاتێکدا پارتی خواستی سێبارە کاندیدکردنەوەی بارزانی هەیە، لە ئاستی ئەو پرسە بێباکانە هەڵسوکەوت دەکات و وەك پێویست هاوکاری پەرلەمان و هێزە سیاسیەکان ناکات تا پرسی سەرۆکایەتی هەرێم بکرێت بە دەروازەی چاککاری نەك قەیران و گێژەڵوکەی سیاسی و کۆمەڵایەتی!


02/06/2015



وتارەکانی تری نوسەر