سیاسەتمەدار و پیاوی دەوڵەت

رابون مەعروف


یەکێك لە نەخۆشیە کوشندەکانی بواری سیاسەت و دەوڵەت لە کوردستان نەبونی پیاو (یان خانم) ی دەوڵەتە. لەبەر کاریگەریە خراپەکانی ئەم پەتایە، کاتێك لە ٢٠١١ لە بەریتانیاوە گەڕامەوە کوردستان، خێرا موحازەرەیەکی تێر و تەسەلم لەسەر ئەو کێشەیە ئامادە کرد و بە هاوکاری میدیاکارانی گۆڕان لە هەولێر پێشکەشم کرد و کەناڵی کەی ئێن ئێن هەموی بڵاو کردەوە.


ئەگەرچی خەریکە لافاوی ئەوانەی کە بەخۆیان دەڵێن 'سیاسەتمەدار' وڵاتەکەمان رادەماڵێت، بەڵام قاتی و نەبونی پیاوی دەوڵەت گەلەکەمانی خستوەتە بەردەم داهاتویەکی رەش و مەترسیدارەوە. حەشاماتێکی زۆر لە کوردستان دەم لە سیاسەت دەکوتن، بەڵام ئەم گەل و وڵاتە وەك دەرمانی چاوئێشە پێویستی بە پیاوی دەوڵەتە. سەرەڕای ئەو راستیە، روبەڕوی دۆخێك بوینەتەوە کە بە پێچەوانەی 'سیاسەتمەدار' ەکانەوە، پیاوانی دەوڵەت، کە زۆر کەمن، خۆشەویست و جەماوەری نین، گوێیان لێناگیرێت و خراونەتە پەراوێزەوە.


سیاسەتمەدار و پیاوی دەوڵەت هەڵگری خەسڵەت و سروشتی جیاوازن. لە کاتێکدا سیاسەتمەدار زۆرجار هێز لە حیزبی سیاسی وەردەگرێت و پشت دەبەستێت بە ئەزمون و باکگراوندی کۆمەڵایەتی و مێژویی، پیاوی دەوڵەت بە کارسازی و کارامەیی و پسپۆڕی دەناسرێتەوە. دەکرێت پیاوانی دەوڵەت هیچ ئەزمونێکی حیزبیان نەبێت، بەڵام دید و پسپۆڕیەکانیان، ئەگەر بایەخیان پێبدرێت، گەورەترین خزمەت بە گەل و وڵات دەکەن. سەنتەری چالاکی سیاسەتمەدار پاراستنی پێگەی حیزب و جەماوەرەکەیەتی، بەڵام ئامانجی سەرەکی پیاوانی دەوڵەت جێخستن و زاڵکردنی کۆمەڵێك بەها و پرەنسیپە بەسەر ئاراستەی دەوڵەت و چالاکی دەزگاکانی.


بەپێچەوانەی سیاسەتمەدارانەوە کە زۆر جار پۆپۆلیستن و بە نرخی رۆژ دەجوڵێن و دیسکۆرسێك پەیڕەو دەکەن کە لای جەماوەر شیرین و ویستراو بێت، ئەگەرچی رەنگە زیانبەخشیش بێت، ژیری و دوربینی پیاوانی دەوڵەت دەخاتە دۆخێکەوە کە زیاتر لە خەمی چارەنوس و داهاتوی گەل و وڵاتەکەیان بن نەك رەزامەندی جەماوەری. سیاسیەکان دەکەونە دوی حەشامات و هەمیشە لەخەمی پاراستنی سەنگ و سۆزی جەماوەرین. بەڵام پیاوانی دەوڵەت ملکەچی هاتوهاوار و شین و شەپۆڕی حەشامات نابن و بەها و پرەنسیپەکان ئاراستەیان دەکەن. سیاسیەکان سەرقاڵ و گیرۆدەی بابەت و پێویستیە رۆژانەییەکانی خەڵكن، بەڵام پیاوانی دەوڵەت لە خەمی بابەتە ستراتیجی و چارەنوسسازەکانن. بۆیە کاتێك هۆشیاری کۆمەڵگا لاوازە و بەها نۆبڵ و نەبیلەکان باو نین، پیاوانی دەوڵەت روبەڕوی سەرکۆنەی حەشامات دەبنەوە و تێزەکانیان پشتگوێ دەخرێن و دەخرێنە لاوە.


خەمی پاراستنی سەنگ و پێگەی حیزب زۆر جار 'سیاسەتمەدار' دەکاتە گیرۆدەی حەشامات و خولیا و خەونە بچوکەکانیان. ئەمەش دۆخێك پێکدێنێت، کە حەشامات جڵەوی سیاسەتمەدار دەگرێتە دەست و بەگوێرەی خواستی خۆی ئاراستەی دەکات. پرۆسەی سیاسی دەکەوێتە دەست حەشامات و لەبری حیکمەت و ژیری، کۆڕ و کۆبونەوە جەماوەریەکان چارەنوسی وڵات دیاری دەکەن. بەپێچەوانەی سیاسەتمەدارەوە، ناوەندی بیرکردنەوەوەی پیاوانی دەوڵەت چارەنوس و داهاتوی وڵاتە نەك حیزب و بزوتنەوەی سیاسی. بۆیە ئەگەر تەنهاش بمێننەوە، دەستبەرداری بەها و پرەنسیپەکانیان نابن.


دیقەتێکی زۆری ناوێ تا دەرکی ئەو راستیە بکەین کە کوردستان گیرۆدەی دەستی ئەو 'سیاسەتمەداران' ە یە کە هەمیشە وڵات و بەها باڵاکانیان کردوەتە قوربانی خولیا و خەونی رۆژانە و سەنگ و پێگەی حیزبەکانیان. لەراستیدا دەکرێت 'سیاسەتمەدار' خاوەن هەمان کارزانی و کارامەیی پیاوی دەوڵەت بێت، بەڵام جێگەی داخە کە زۆرینەی رەهای نوخبەی سیاسی کورد، جگە لە بەرژەوەندی تایبەتی، پابەندی هیچ بەهاو پرەنسیپێك نین کە ئاراستەی سیاسیان دیاری بکات. گومانی تێدا نیە، سەرکەوتنی پرۆسەی سیاسی و رزگاری ئەم وڵاتە لە شەوەزەنگی ستەمکاری، لە گرەوی سەرهەڵدان و گەشە کردنی توێژێك پیاوی دەوڵەتی کارزان و کارامەیە کە سەرکردایەتی وڵات و پرۆسەی سیاسی بگرنە دەست و لە 'سیاسەتمەدار' ە شکستخواردوەکان رزگاری بکەن.


02/12/2015



وتارەکانی تری نوسەر