ئه‌فسانه‌ی هه‌رێمی یه‌کگرتو
رابون مەعروف
به‌هانه‌یه‌ك بۆ دژایه‌تیکردنی رێکه‌وتنه سیاسیه‌که‌ی نێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌کێتی نیشتیمانی ده‌خرێته رو که گوایه؛ مه‌ترسی بۆ یه‌کپارچه‌یی خاکی هه‌رێم دروست ده‌کات! لێره‌وه پێموایه ئێستا کاتێکی گونجاوه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و ئایدیایه‌ی که هه‌رێم وه‌ك یه‌که‌یه‌کی سیاسی یه‌کپارچه پێشکه‌ش ده‌کات.
دوای راپه‌ڕینی ئازار و ده‌رپه‌ڕاندنی ده‌زگاکانی حکومه‌تی به‌عس له به‌شێکی خاکی کوردستان- عێراق، بزوتنه‌وه سیاسیه‌کانی هه‌رێم شکستیان خوارد له دامه‌زراندنی ده‌زگا و دامه‌زراوه‌کانی ده‌وڵه‌ت به رێکاره دیموکراتیه‌کان. شکستی دیموکراسی به‌خێرایی گه‌یشت به جه‌نگی چه‌ند ساڵه‌ی نێوان یه‌کێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکرات، به‌ڵام هیچ لایه‌کی جه‌نگه‌که نه‌یتوانی به‌ته‌نها به‌سه‌ر هه‌مو هه‌رێمدا زاڵ‌بێت و هه‌ژمونی خۆی به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت تا به‌هێز و فشاری چه‌کدار هه‌رێم یه‌کبخات.
جه‌نگی ناوخۆ له‌سه‌ر ئاستی جوگرافی و سیاسی هه‌رێمی کرد به دو به‌ش: زۆنی زه‌رد و زۆنی سه‌وز. دو زۆن که سه‌ره‌ڕای خاڵه هاوبه‌شه‌کانیان، هه‌م به‌رهه‌می دو کولتوری سیاسی جیاواز و هه‌م دو کولتوری سیاسی جیاواز به‌ڕێوه ده‌به‌ن. ده‌زگا نیشتیمانیه‌کانی هه‌رێم په‌یڕه‌وی یه‌ك ستراتیجی نه‌ته‌وه‌یی یه‌کگرتو ناکه‌ن. له هه‌رێم؛ ده‌سه‌ڵاته‌کانی یاسادانان و جێبه‌جێکردن و دادوه‌ری تۆکمه و یه‌کپارچه نین، یه‌ك سوپای سه‌ربه حکومه‌ت نیه، یه‌ك ده‌زگای ئاسایش و یه‌ك ده‌زگای هه‌واڵگری نیه، یه‌ك په‌یوه‌ندی ده‌ره‌کی نیه، ته‌نانه‌ت یه‌ك سیاسیه‌تی ئابوری و یه‌ك سیاسه‌تی کولتوری نیه .. تد ئه‌م دۆخه فاکتێکی ئه‌وه‌نده زه‌ق و دیاره که خه‌ریکه چاودێره نێوده‌وڵه‌تیه‌کان له سیاسی و 'رۆشنبیر' و رۆژنامه‌نوسه‌کانی هه‌رێم باشتر ده‌یبینن.
ئایدیای هه‌رێمی یه‌کگرتو هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه ئه‌فسانه‌یه! ئه‌فسانه‌یه‌ك که که‌سانێك له کڵۆڵی و نه‌بونی دیدێکی سیاسی رۆشن و ره‌وتێکی سیاسیش بۆ پێشخستن و جێخستنی ئه‌جێندا سیاسیه‌کانی وه‌ك فاکت پێشکه‌شی رایگشتی ده‌که‌ن. ره‌وتێکی سیاسی ئه‌جێندای هه‌یه که هه‌نگاو به هه‌نگاو، به ئامراز و میکانیزمی جیاواز، هه‌ژمونی خۆی به‌سه‌ر هه‌مو هه‌رێمدا بسه‌پێنێت و بۆ پێشخستنی ئه‌و ئه‌جێندایه‌ش کار بۆ پاراستنی دیفاکتۆی سیاسی ئێستا و ته‌گه‌ره بۆ هه‌ر پرۆژه‌یه‌کی جدی دروست ده‌کات که هاوکێشه سیاسیه‌کان بگۆڕێت و رێگه بۆ رێکخستنه‌وه‌ی هه‌رێم و داڕشتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بکاته‌وه.
به‌وجۆره، رێکه‌وتنه سیاسیه‌که‌ی یه‌کێتی و گۆڕان نه‌ك هه‌ر مه‌ترسی بۆ یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی دروست ناکات، به‌ڵکو پێویسته بکرێت به سه‌ره‌تایه‌ك بۆ چالاککردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی و گیان به‌خشین به دیموکراسی و دواجار دروستکردن و دامه‌زراندنی هه‌رێمێکی یه‌کگرتو. که‌واته پێویسته دیبه‌یت و گفتوگۆکانمان له‌سه‌ر چۆنێتی دامه‌زراندنی هه‌رێمێکی یه‌کگرتوی دیموکرات بێت، که ئێستا نیمانه، نه‌ك نه‌مانی شتێك که له‌مێژه له‌ده‌ستمانداوه.
22/05/2016
وتارەکانی تری نوسەر