نەخێر بۆ سەربەخۆیی، یان نەخێر بۆ میرنشینێکی ستەمکار؟!

رابون مەعروف


ریفراندۆمەکەی مەسعود بارزانی دەرگای بۆ دەرکەوتنی کامپە سیاسیە سەرەکی و جیاوازەکان کردەوە. کامپی یەکەم، پارتی سەرکردایەتی دەکات و من پێی دەڵێم؛ کامپی شانشینی ڕەهای ستەمکار! کامپی دوەم، بزوتنەوەی گۆڕان سەرکردایەتی دەکات و من پێی دەڵێم؛ کامپی کۆماری دیموکراتی پەڕلەمانی! ئەم دۆخە فرسەتێکی لەبار و گونجاوی پێکهێناوە کە ڕایگشتی کامپە سیاسیە جیاوازەکان و ئارگومێنت و بەڵگەکانیان وەكخۆی بە ئاشکرا ببینێت. هەرچەندە، بەهۆی ئەو بارودۆخە ناتەندروستەی بەسەر پرۆسەی سیاسی هەرێمدا زاڵە، خەریکە جارێکیتر دید و بانگەشە و بەڵگەکان دەشێوێنرێن و رایگشتی چەواشە دەکرێت.
کامپی یەکەم، کە ئێستا بانگەشە بۆ (ریفراندۆمی سەربەخۆیی!) دەکات، بە هەمان ئاڕاستەی بیست و پێنج ساڵی حوکمڕانی هەرێم، هەر لە هەنگاوی یەکەمەوە بە پشتگویخستن و پایەماڵکردنی رێکار و بنەما قانونی و دیموکراتیەکان دەستی بە کامپینەکەی کرد. ئەمەش ئاماژەیەکی زۆر دیار و ئاشکرایە بۆ سروشتی راستەقینەی ئەو میرنشینەی کە ئەو کامپە سیاسیە خەریکی بیناکردن و قایمکردنی پایەکانێتی. ئەم کامپە، کە لە بیست و پێنج ساڵی رابردودا، یەکێك لە فاسدترین و ترسناکترین نمونەی حوکمڕانی بەسەر ئەم وڵاتەدا سەپاندوە، ئێستا بە هاوکاری و پشتیوانی بێ مەرجی بەشێک لە ئیسلامیەکان و بەشێك لە (سۆسیال دیموکراتە!) سەرگەردان و بێدۆزەکان، خەریکی خراپ بەکارهێنانی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان و خەونی لە مێژینەی ئەم گەلەیە بۆ سەربەخۆیی و ئازادی و دادپەروەری.
هەڵبەت جگە لە ترسناکی ئەو نمونە حوکمڕانیەی کە ئەو کامپە سیاسیە خەریکن لە هەرێمەوە بیکەن بە دەوڵەت، بارزانی، لە ٣٠ ی حوزەیرانی ٢٠١٣ و دواتر ١٩ ی ئابی ٢٠١٥ وە ڕوبەڕوی قەیرانی شەرعیەتی پۆستەکەی بۆتەوە و لێرەوە ئامانجێکیتری بارزانی لە ریفراندۆم، دروستکردنی شەرعیەتە بۆ پۆستەکەی لە سەرۆکایەتی هەرێم کە ئێستا هیچ پاڵپشتیەکی قانونی نییە. ئەمە جگە لە سەرپۆش خستنە سەر شکستە هەمەلایەنەکەی ئەزمونی حوکمڕانی هەرێم و گەندەڵیە بەربڵاوەکان لە دۆسیەی نەوت و گاز و دواجار لەبیربردنەوەی موچەی بڕاوی فەرمانبەران.
لە بەرامبەر کامپە سیاسیەکەی بارزانی، کامپی کۆماریخوازە دیموکراتەکان ڕاوەستاوە. ئەم کامپە کە لە ئێستادا بۆ چاککاری بنەڕەتی و ڕیشەیی لە ئەزمونی حوکمڕانی هەرێم تێدەکۆشێ و هەندێكجاریش پڕۆژەی کۆتایی هێنان بە ئەزمونی شکستخواردوی هەرێم و جێگرتنەوەی بە نمونەیەکی حوکمڕانی دیموکراتی سەرکەوتو پێشکەشدەکات، نەك هەر پشتگیری ریفراندۆمەکەی بارزانی ناکات، بەڵکو وەك هەنگاوێکی ترسناك بە ئاڕاستەی دروستکردنی تەنگژەی سیاسیی زیاتر و ئاڵۆزترکردنی پرۆسەی سیاسی و تا چەسپاندنی ئەزمونی ستەمکاری هەرێم بۆ کاتێکی نادیار لێی دەڕوانێ. هەرچەندە کامپی کۆماریخوازەکان، لە ناوخۆیدا گیرۆدەی کێشە و تەنگژەی هەمەجۆر و سەرکردایەتی و ڕابەرییە. هەربۆیە ئەو کامپە نەیتوانیوە وەك پێویست ئەجێندا و جیاوازیە بنەڕەتیەکانی خۆی بگەیەنێت بە ڕایگشتی. بۆیە جەماوەرە بەرفراوانەکەی، لە نەبونی دیدێکی ڕۆشنی سیاسی سەرکردایەتیەکەی، خەریکە ڕوبەڕوی جۆرێك شڵەژان و سەرگەردانی دەبێتەوە. ئەو شڵەژانە کاتێك بەدیار دەکەوێت، کە لایەنگرانی ئەم کامپە، لە غیابی سەرکردایەتیەکی بەرچاو ڕون و جەسور، خەریکە لەبری رەتکردنەوەی ریفراندۆمەکەی بارزانی و ئەجێنداکانی بۆ سەپاندنی میرنشینێکی ستەمکار، پرۆژە و خەونی سەربەخۆیی ڕەتدەکاتەوە. ئەو پەرچەکردارەش بەقەدەر ئەوەی بەرهەمی رەتکردنەوەی ئەجێنداکانی پارتییە، بەرهەمی غیابی دیدێکی رونی ئەلتەرناتیڤە.
لێرەوە، لە سیاقی سیاسی ئێستادا، ئەو جەماوەرە بەرفراوانە کە بانگەشەی نەخێر دەکات بۆ کامپەکەی بارزانی و کامپینەکەی بۆ ریفراندۆم، لە ناوەڕۆکدا نەخێر نییە بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆی دیموکراتی پەڕلەمانی، بەڵکو نەخێرە بۆ نمونە حوکمڕانیەکەی هەرێمی کوردستان و ئەجێنداکانی پارتی بۆ دامەزراندنی میرنشینێکی ستەمکاری کلیپتۆکرات..


10/06/2017



وتارەکانی تری نوسەر