جانتای سیاسەتمەدارە کوردەکە و خەیاڵی حەسەن پلایس

د. ئاراس عه‌بدولکه‌ریم
لەم ڕۆژانەدا سەفا و مەروای هەندێک کەسایەتی سیاسی دەبینین بە پەرۆشەوە بەرەو بەغدا و (ماڵی شیعی) مل دەنێن و لای خۆمان دەڵێن (گوایە) بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تەشریفیان بردووە وەک ئەوەی شاندی دانوستانکار بن و بەغدا فەرمووی دیالۆگی لێکردبن! لە کاتێکدا ئامانجیان مسۆگەرکردنی شوێنێکە لەنێو ئەو ئەجێندایەی بەغدادا کە دەرهەق بە لایەنە دژەکانیان لە هەرێمی کوردستان لە گۆڕێدایە و بە دیاریکراویش مەبەست لەو دژە پارتییە. گوایە لەوێوە بە ڕاددەی سڕینەوە –وەک گەمەکەرێکی سەرەکیی نێو گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و عێراق- دەکرێ پارتی بکەنە دەرەوەی هاوکێشە سیاسیەکان و دەرئەنجام بە پێگەی سیاسی و کێکی دەسەڵاتەوە، ببنە شوێنگرەوەی پارتی، پستیوانیەکەی بەغداش لەوەدایە کە ئیدی لە سەرئێشەی پارتی و ئەجێندای سەربەخۆیی ڕزگاری دەبێ! ئەمەش بە گەمەیەکی سیاسی-دیموکراسی ئاسایی دەزانن و تەنها لە پێچپێکردنەوەیەکی (گوایە) سیاسیانەی ململانیکانی کوردستاندا وێنای دەکەن، ڕوونتر بڵێم گۆڕینی ئااستەی ململانململانکانی پارتی لە ناوەندە سیاسیەکانی (سلێمانی)یەوە بۆ ناوەندە سیاسیەکانی (بەغدا). وەک ئەوەی ئیدی سلێمانی گەڕەکێکی سیاسی بێت لە پاڵ (قەنبەر عەلی) و (بەغداد جەدیدە)ی عەبادی و مالکی و عامریدا!!
با لەوە گەڕێین تا چەند ئەم ئەجیندایە بە میتۆدە میکیاڤیلیەکەی (هەموو شتێک لە پێناو سەرکەوتندا) دەچێتە چ خانەیەکی مۆراڵی سیاسیەوە؛ قسە لەسەر ئەو هێڵە سووە نیشتیمانی و نەتەوەییانەیە (لەسەر ئاستی کوردستان و کۆمەڵگاکەی) کە ئەم ئەجێندایە ئامادەیە بیانبەزێنێ.
قسە لەسەر ئەوە نیە کە ئامانجەکە لاوازکردنی پارتیە یان یەکێتی و هەر حیزبێکی دی، هێندەی لاوازکردن و لە گۆڕنانی ئەجێندایەکی سیاسیە کە بە ئاڕاستەی سەروەریی نەتەوەیی و سەربەخۆیی مل دەنێت. خۆ ئەگەر جێگرەوەکەی بە موبارەکەی توندڕەوترین ناوەندە سیاسیەکانی بەغدا و بارەکەڵڵای حەشدی شەعبی نەبایە، هیچ کێشەیەک لە ئارادا نەبوو، دەمانگوت سوننەتی دیموکراسیە و ئەمڕۆ لە دەسەڵاتدایت و سبەی ئۆپۆزسیۆنیت و دەبێ قبوڵی کەیت.
کە گرتنەدەستی دەسەڵات بە میکانیزمە دیموکراسیەکان ئامانج و مافێکی ئاسایی هەر حیزبێکی سیاسی بێت، دیارە سادەترین ڕاستی ئەوەیە کە لە کوردستاندا ئەم ئامانجە بۆ هەر حیزبێکی دەرەوەی دەسەڵات بە ڕێگەی جێگرتنەوەی پارتی و یەکێتیدا تێدەپەڕێت. بۆیە مافی هەر حیزبێکی سیاسیە لەم هەرێمەدا کە ئەجێنداکەی لاوازکردنی پێگەی سیاسی و جەماوەریی پارتی و یەکێتی بێت لە کوردستاندا، (بەڵام) بە ڕێکار و میکانیزمی دیموکراسیانە نەک ڕێکاری نادروست.
سەبارەت بە بەغداش، سەردانی هەر لایەنێکی کوردستانی و پەیوەندیی لەگەڵ لایەنە عێراقیەکاندا، نە کوفرە و نە خەتا، بە تایبەت بە مەبەستی خۆبەهێزکردن؛ تەنانەت گەر بۆ مەبەستی لاوازکردنی پارتی و یەکیتیش بێت بەمەرجێک بەسەر هێڵە سوورەکانی مانەوە و چارەنووسی سیاسی هەرێمی کوردستاندا تێنەپەرێت. بەڕای من ئەمە تاکە هێڵی سوورە کە نزیکبوونەوەی هەر لایەنێک لێی، پیی لە ململانێیەکی هێند ئاڵۆز دەئاڵێنێ کە دواجار سەری خۆی دەخوات، چونکە گومانی تێدا نیە کە ڕۆڵی ئەو لایەنە لەنێو هەر هاوکێشەیەکی نێوان کوردستان-بەغدادا، ڕۆڵی گەمەکەرێکی بچوکی پەراوێزخراوە، ڕاستتر بڵێم ڕۆڵی دەستکێشێکی کاتی کە دەشێ دوای بەکارهێنان فڕێ بدرێت.
بۆیە پرسیارێک کە بکرێ ئاڕاستەی ئەو ئەجیندا (بەغداییە!)ی ئەو لایەنە کوردساتنیە بکرێت، ئەوە نیە کە داخۆ جیاوازیەک لە نێوان جیهانبینی ئەو و ئەجێندای پارتی و یەکێتی و هەر لایەنێکی دیکەی کوردستانی چیە. بەڵکو پرسیارئەوەیە کە داخۆ لە کام سوچ و قوژبنێکەوە تروسکاییەک شک دەبات تا بڕوای پێبکەین کە دەرهەق بە چارەنووسی کوردستان و ئاییندەی خەڵکەکەی جیاوازییەک هەیە لە نێوان هەڕەشەکانی (خزعەل) و ئامانجەکانی ئەم ئەجێندایەدا؟ جیاوازییەک هەبێت لە نێوان جانتای سیاسیی سیاسەتمەدارە کوردەکەی نێو ئەجێنداکەی بەغدا و خەیاڵی (حەسەن پلایس)ەکاندا!! 


04/12/2017



وتارەکانی تری نوسەر