بۆ چی هێزەسیاسیە کوردستانیەکان متمانەی شەقام لەدەست دەدەن

ئەحمەدی حاجی رەشید


هەموو هێزێکی سیاسی بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە بەدەست هێنانی متمانە و پشتگیری پێویستە لە هەردوو تەوەری هێزەکە بەگشتی و کاراکتەرە سیاسیەکانی بەتایبەتی ئەم چوار (٤) خەسڵەتە لەبەرچاو بگرن :
یەکەم : تەرجەمەکردنی بەڵێنەکان و لەپێشینە سیاسیەکان بۆ پرۆژەو پلان وخزمەت .
دووەم :پرۆژەکانی هێزو کەسایەتیە سیاسیەکان بتوانرێت هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت ئەوانیش بتوانن شیکاری وردو عەقلانی بۆ ڕوداوەکان بکەن.
سێهەم :هێزە سیاسی و کاراکتەرەکانی ئامادەی لێپرسینەوە بن لە کەمتەرخەمییەکانیان.
چوارەم :هیزە سیاسی و کەسایەتیەکان روئیای تایبەت بەخۆیان هەبێت وبەردەوام بتوان لەگەشەدابن و شتی نوێیان پێبێت.


ئەگەر بەوردی سەیرێکی هێزە سیاسیەکانمان و کاراکتەرەکان بکەین کامیان لەئاست بەڵێنەکانی راستگۆ بوەو بەڵێنەکانی کردوە بەپرۆژەو پلان و خزمەت ،لە وەڵامدا زۆر بەڕاشکاوی زۆر کەم لەهێزە سیاسیەکان وکاراکتەرەکانیش توانیویانە ئەو کارە بکەن ،هۆکاری ئەمەش ئەوەیە ئەو هێزە سیاسیە یان ئەو کاراکتەرە سیاسیە کاتێک بەڵێنێک دەدات یان نازانێت بەڵێنەکە چییەو چەندی لەتوانای ئەو و هێزە سیاسیەکەشیدا هەیە کە لە درشمی هەڵبژاردنەکانەوە بەڕونی ئەمە دەبینین کە سەرجەم هێزە سیاسیەکان و کاراکتەرەکانیشی وەک بەدیلی حکومەت و دەزگا تەنفیزیەکان خۆیان نمایش دەکەن لە کاتێکدا هێزە بچوکەکان بە یەقین دەزانن ناتوانن دەنگی زۆرینە بهێنن تا حکومەت پێک بهێنن ،ئەی بۆ ئەمە دەکەن چونکە هەڵسەنگاندنی واقعیان نادروستە،بەنمونە هێزێکی سیاسی کەمتر لە ۲٠٪ کورسیەکانی وڵاتێک یان هەرێمێک بەدەست بهێنێت کەی مەعقولە باس لە چاکسازی ڕیشەیی بکات لەحکومەتدا یان باس لە گۆرینی سیستەمی سیاسی بکات.
هۆکاری دووەم ئەوەیە ئەو هێزە سیاسیە و ئەو کاراکتەرەش تەنها بۆ ماوەیەک پێویستیان بەمتمانەی خەڵک هەیە ئەویش یان دەگەنە ئاواتی خۆیان یان هەرجارەو ئاوازیک دەچڕن و خەڵکی پێفریو دەدەن .
گرفتێکی دیکە ئەوەیە کە دەنگدەری ئیمە کەمتر حەوسەڵەی خەمڵاندن و هەڵسەنگاندنی ئەداو توانای هێزەو کاراکتەرە سیاسیەکانی هەیە ئەویش هۆکارەکەی دیسان دەگەڕێتەوە بۆ هێزە سیاسیەکەو کاراکتەرە سیاسیەکە چونکە زۆر جار بنەماو مەبدە‌و یان تێڕوانین و واقع بینی تێکەڵ دەکات ،چونکە بنەمای کارکردن بۆ هێزی سیاسی بریتیە لە زۆرترین پەیوەندی و کۆبونەوە ،مەبدە‌و واتە بڕوابون بە تیۆرەیەکی سیاسی یان ئایدۆلۆژی ، تاکی ئیمە سەردان کردن وموجامەلەی هێزە سیاسیەکان لەگەڵ یەکتر لادەبێت بەسازش لەکاتیکدا ئەوە بنەمایە ، دیوەکەی تری کە هیزە سیاسیەکەو هەم کاراکتەرەکەش ئەوەندە بە حەددی مامەڵە لەگەڵ یەک دەکەن سەلام و کلام لەیەکترکردن دەبێت بەسازش کردن لای و هەندێ جاریش سازش لەسەر هەموو مەبدەئێک دەکات بۆیە متمانە لەدەست دەدات لای جەماوەرەکەی.


هیچ هێزێکی سیاسی بەئاسان متمانە بەدەست ناهێنێت بەڵام بەئاسان لەدەستی دەدات ئەویش بەهۆی ئامادە نەبونی بەلەئەستۆ گرتنی بەرپرسیارێتی و ئامادەبوون بۆ لێپرسینەوە لەکەم کوڕیەکان و کەمتەرخەمیەکان ،هەموو هێزە سیاسیەکان وکارەکتەرەکانیش بەدەر نین لە هەڵەو پەڵەو کەم و کوڕی ،تائێستا نەماندیت و نەمانبیست هێزێکی سیاسی یان کاراکتەرێکی سیاسی بە منیشەوە ئەگەر بەکاراکتەرێکی سیاسی لەقەڵەم بدرێم هەڵەیەک یان کەمتەرخەمیەک لەئەستۆ بگرێت و پۆزش بۆ خەڵک و جەماوەر بهێنێتەوە، جەماوەری هێزە سیاسیەکانیش خەلکانێکی تیدایە کە ڕەش و سپی لەیەک جیابکەنەوە بەهەموو دوعایەک ناڵێن ئامیین و یەقینیان هەیە کە فڵانە هێزی سیاسی یان فیسارە کەسایەتی سیاسی هەڵەی کردوە دەرئەنجام بێ متمانەیی دروست دەبێت ، پرۆسەی سیاسی بێ ئەرزش دەبێت.


خولانەوە لە بازنەیەکدا بوەتە دیدەنی هێزە سیاسی و کەسایەتە سیاسیەکانی ئێمە سەیرکەن هێزە ئیسلامیەکان لەهەمان خولگەی دروست بوون و دەستکردن بەکاری سیاسین و لە دەوری کۆمەڵە پرەنسیپ و تێڕوانینی سەرەتایین و هێشتا لەهەندێ بواردا وەک ئابوری کار بە بنەمای (یدا بید) دەکەن و جیهانیش ڕۆژانە ملیاران دۆلار ئاڵوگۆری کاڵاو کەل و پەل دەکەن بە ئیمەیڵێک یان بە ئیشعارێکی بانکێکی مراسل یان تازە بەتازە گرفتیان بۆ دروست دەبێت کەئەگەر پاشگری ئیسلامی لەناوی حیزب بکرێتەوە یان نا ئاخۆ دەبێتە کێشە یان نا ، من دەڵێم دەبێتە کێشە چونکە وامان خەڵک فێر نەکردوە کە حیزب تەنها ئامرازە و بۆ خزمەت کردن دروست بوە بەڵک بوەتە ئامانج و وەک کایەیەکی پیرۆز سەیری دەکەین ،لەئەرزی واقعیشدا ئەو نمونانەش زۆرن کە ناویان محمد و ئەحمەد وگە ویاسینە کەچی روو لە دین نین و زۆریش هەن ناویان هاوژین و ژیلوان وکۆمۆ و دابانە کە خزمەتکاری ئیسلامن ،هەر ئەمەشە لەئێستادا جەماوەری هێزە شیعیەکان لە ناوەڕاست خواروی عێراق راپەڕیون بەرانبەریان و وینەی رەمز و کاریزما سیاسیەکانیان دەدڕێنن و لە ژێرپیی دەخەن چونکە ئەم هیزە سیاسیە ئیسلامیە شیعانە بەڵێنی بەبەهەشت کردنی عێراقیان دا ئیستە دۆزەخیان بۆ ساز کردوون و جەماوەری هێزە سیاسیە سونیەکان هەر زوو تۆڵەیان لە حیزبی ئیسلامی کردەوەو لە (۲٤) کورسیەوە کەم بویەوە بۆ چەند کورسیەک ئەویش لەژیر ناوی تردا و دوریش نەڕۆین لە کوردستن دەنگ دان بەئیسلامیەکان زیادی نەکردوە نەبونەتە جیگەی متمانەی زۆرینەی خەڵکی.
دیوەکەی تری هیزە سیاسیە عە لمانی و نەتەوەیی و چەپەکانن کەئەوانیش لەهەمان خولگەن بۆ نمونە بەناوی عەلمانیەتەوە زۆریک لە بەها جوانەکان لەدەست دراو خیانەت شوێنی متمانەی گرتەوە دووروی شوێنی ڕاشکاوەیی گرتەوەو بەناوی نەتەوەییەوە خیانەت پەردەپۆش کرا و بۆ خۆشگوزەرانی کەسێک یان خانەوادەیەک هەزاران کرانە کۆیلەو ڕێگە لە فیکری تازەو دیدگای تازەو فۆرمی تازەی کۆمەڵگاکان گیرا و بەناوی چەپیشەوە دەیان سازش سەودا کاری مامەڵەی پیکراو هیچمان گەشەمان نەکردوو ڕێگەشمان نەدا کۆمەڵگە گەشە بکات بۆیە متمانەمان لە دەستا وەک هێزی سیاسی یان کەسایەتی سیاسی ، نمونەیەکی زیندوو لەم قەیرانەی عێراقدا هیچکام لەهێزە سیاسیەکان و کەسایەتیەکانی ناویشی روئیایەکی رونیان نیەو قسەی ئەوانی دیکە دەڵێنەوە.


دواجار دەبیت پێش ئەوەی گلەیی لە خەڵک و جەماوەر بکەین دەبێت گلەیی لە خۆمان هیزە سیاسیەکانمان بکەینەوە

19/11/2019



وتارەکانی تری نوسەر