تەوقی دەستورەكەی گۆڕان

هادی حەمەرەشید
   بەنیاز نەبووم لە 25/7دا هیچ بڵێم ، تا نەیكەین بەنەریت و ڕۆژێكیتری پڕ لە پیرۆزبایی و گۆڕینەوەی سەباح و سەلام لەیەكتر لەم كاتی دەروونگەرمییەی خەڵكی كوردستاندا نەكەینە سەربار ، خەڵك ماندووە بەدەست نادادی و بێ دەرەتانی و بێ ئەنجامیی هەوڵەكانی بۆ لایەنی كەمی گۆڕانكاریی و نەبوونی خزمەتگوزاریی و دابین نەكردنی لایەنی كەمی خزمەتگوزاری ، ئێمەش لەولاوە ئاهەنگی 25ی تەموز و یادی 7ساڵەی سەرهەڵدانی گۆڕان بكەینەوە! ئەمە نەكردەنییە ، بەڵام ئەكرێت وێستگە و هەلێك بێت بۆ بەخۆداچوونەوە و وردبوونەوە لە كەموكورتییە ناوخۆییەكان ، بۆ ئەم مەبەستەش تەنیا فۆكەس ئەخینەسەر (دەستوری گۆڕان).

ئەوەی كە لە پارت و ڕێكخراوەكانیتردا پێی ئەوترێت پەیڕەو پرۆگرامی ناوخۆیی ، هەمان (دەستور)ە كە گۆڕان لە كۆنگرەدا پەسەندی كردووە ، دەستور چوارچێوەیەكی ڕێكخراوەییە و پەیكەرەی ڕێكخستن و سنووری كاری سیاسی تاكەكانی دیاری ئەكات ، دەستورەكەی گۆڕان لە دۆخێكی پڕ لە هەڵچوون و دڵگەرمی و كەشی پڕ لە كەرنەڤاڵی كۆنگرەدا سیخناخ كرا بە دیدی یۆتۆپی و خەیاڵی ، كەمترین خوێندنەوە بۆ واقیعی سیاسی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای كوردیی كرا ، بۆیە ئێستا یەكێك لەبەربەست و ئاستەنگەكانی بەردەم كاری ڕێكخراوەیی و تەوقی ملی هەڵسوڕاوان ئەو دەستوورەیە كە كەمترین كاری پێكراوە و زۆرترین كات بۆ خۆدزینەوە لە جێبەجێ كردنی پێشنیاز و هەوڵی دڵسۆزان هێنراوەتە بەر باس!

لەڕاستیدا حیزبی كوردی هەر بەسروشتی خۆی هێندە لائیحی و دەستوری نیە تا ئەم بەهانەیە وەك لۆژیك سەیر بكرێت و بسەلمێندرێت ، بەڵكو بیركردنەوە لە باری ناوخۆیی گۆڕان بەو دەرئەنجامەمان ئەگەیەنێت كە پێویستە گۆڕان بیرێكی جدی لەم ڕێكخستن و پەیكەرە بكاتەوە و بەر لەو خوێنبەربوونە بەردەوامە بگرێت كە لێرە و لەوێ ڕۆژانە بینەر و بیسەری ئەبین!
ئەو دەستورە نەگونجاوە وای كردووە چەندین مرۆڤی دەستوپێ سپی و بێ ناو ناوەڕۆك و پێگە ببن بە (ئەندامی جڤاتی نیشتمانی) كە هاوتایە بەسەركردایەتی لایەنەكان و سەدان و بگرە هەزاران مرۆڤی سەنگین و خاوەن پێگەش لە دوورەوە وەك (هەڵسوڕاوی ناڕێكخراو) هەژمار بكرێن ودووربن لە دروستكردنی بڕیار و بێ ئومێدبكرێن لەكاری سیاسی!
گۆڕان لەڕووی گوتارە سیاسییەكەیەوە سەیری بكەین ، ئەوا تائێستاش هەڵگری خەونی گەورەیە و چاوی لە پرسە گەورە و چارەنووسسازەكان بڕیوە ، خەونی گۆڕانكاریی لەسیستمی سیاسی و سنووردانان بۆ ئەو مەیلە سیاسییە ترسناكەی كە ئەیەوێت خەباتی چەند ساڵە و ماندووبوونی تاكەكانی كۆمەڵگا بخاتە سەر خوانی بنەماڵەیەكی دیاریكراو و هەمووان خزمەتكاری كەمینەیەكی دیاریكراو بین ... بەڵام خۆ ناكرێت ئەمە وامان لێ بكات بێدەنگ بین لە كەموكورتییە ناوخۆییەكان.
لەڕووی ناوخۆییەوە گۆڕان كارەكانی سپاردووە بەكۆمەڵێك  (كەڕاستە بەشێكی باشیان شیاوی دەستخۆشكەری و ڕێزلێنانن) بەڵام لەشكرێك لەمرۆڤی پاك و تێكۆشەری بێ ڕۆڵ و كاریگەریی كردووە كە ئەكرێت ببنە ماكی دروستكردنی ئایندەیەكی جوان و پرشنگدار ، لەئێستادا گۆڕان پێویستە بەر لەهەر شتێك بیر لە گۆڕین یان هەمواركردنەوەی ئەو دەستورە بكاتەوە ، ئەویش بەگرتنی كۆنگرەی نیشتمانی نائاسایی یان پلنیۆم ، تادەستكراوە بێت بۆ ئەو گۆڕانكارییانە و بەخشینی گوڕێكی نوێ بەكارەكان.


26/07/2016



وتارەکانی تری نوسەر