لە کوردستاندا دوو دنیابینی سیاسی هەیە و هەموو هەوڵێک بەناوی ڕێگای سێیەمەوە خۆدزینەوەیە لە چارەسەری کێشەکان، پارتی نوێنەرایەتی دنیابینیی "بەبنەماڵەییکردنی کۆمەڵگا" ئەکات و گۆڕانیش نوێنەرایەتی پێچەوانەی ئەم تێڕوانینە ئەکات، کە ڕێزگرتنی یاسا و سەروەرکردنییەتی بەسەر کۆمەڵگاوە.
لەم نێوەندەدا پارتی هەوڵی زیادکردنی هەژموونی خۆی ئەدات بەسەر تەنانەت ئەوانەشی کە لەگەڵیدا ئەبن، بەڵام گۆڕان پڕۆژەی هاوبەشیان لەگەڵدا پێشکەش ئەکات و هەوڵ ئەدات پڕۆژەکە سرووشتێکی دەستەجەمعی هەبێت و دووربێت لە بەکەسییکردن" شخصنە".
پارتی زیاد لە پێویست هەوڵی دەستەمۆ و ئیغراکردنی یەکێتی و یەکگرتوو و بگرە چەند لایەنێکیتریش ئەدات، لەبری بەشداریی ڕاستەقینە لە دروستکردنی بڕیاردا، هەوڵی پەرتکردنیان ئەدات، گیرۆدەی گرفتی ناوخۆیی و وابەستەی بڕیارەکانی خۆییان ئەکات.
بەکورتی ئاسانە گۆڕان بێباکانە پاڵ بەهەستی سەدان هەزار لایەنگری یەکێتییەوە بنێت و بە بەیاننامەیەک هەموو شتێک تەواو بکات و پاساو بدات بەدەست پارتی و پڕۆپارتییەکانیشەوە تا جەمسەربەندییەکەیان بەهێز بکەن!
گۆڕان "لە ئاستە فەرمییەکەیدا، نەک گوتاری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" ڕێزی لە بۆچوون و جیاوازییەکانی یەکێتی و یەکگرتوو گرتووە و لە پرسە یاساییەکانی سیستمی سیاسی هەرێمدا ناچاری کردوون کە تائێستاش "ئەگەر ڕووکەشیش بێت" بەرگری لەو گوتارە بکەن کە گۆڕان هەڵیگرتووە.
بۆیە ململانێی سیاسی لە سەرەتاییترین هەنگاویدا پێویستی بە عەقڵی ئیدارەدان هەیە و پێچەوانە ئەوەستێتەوە لەگەڵ سادەبینی و ڕووکارخوێندنەوەی دۆخەکە!
براڤۆ گۆڕان، مەوەستن.