کاتی قسەکردنی عەقڵە

هادی حەمەرەشید
ئەو پەنجە و ئێسك شکاندنەی گۆڕانخوازان لە ناو سۆشیالمیدیادا ئەبینرێت، نەك بووە بە عەیبە، بەڵکو خەریکە سەری پڕۆژەکەشمان ئەخوات.

گۆڕان بەرەو تاکڕەویی و تۆتالیتارییەت ئەڕوات و هەوڵ هەیە بۆ بەرتەسك کردنەوەی ئازادیی دەربڕین، ئۆکەی بەڵام چاك و خراپ، حەق و باتڵ، ڕاستگۆ و درۆزن، ڕەش و سپی تیادا تێکەڵ کراوە و خەریکە تەڕ و وشك پێکەوە ئەسوتێت.

بەدیوەکەیتریشدا ئەگەر گۆڕان هیچ دیسپلین و پابەندیی حیزبی تیادا نەماوە و خەریکە پاشاگەردانی ڕووئەدات، ئۆکەی بەڵام دیسان لەژێر تایتڵی "دیسپلین"دا خەریکە گۆڕان لە پارتی و یەکێتی زیاتر بیر لە سزادان ئەکاتەوە و هەزاران مرۆڤی بەرژەوەندییخواز و هەلپەرست ئەیەوێت ئەم بارە نەخوازراوەی ئێمە بقۆزێتەوە، دنەی ئەم بەرپرس و ئەو دەستڕۆیشتوو ئەدات کە لیستێك کە بەمیزاجی خۆی دایناوە بۆی دەربکەن و دیسپلین بگێڕنەوە بۆ گۆڕان!

لە تۆڕی فەیسبووکدا هەزاران پەیجی بێ دایك و باوك دابەستەکراوە، بە پارەی هائیل سپۆنسەر کراوە، شەوانە زانیاریی ناڕاست و چیرۆکی سەیروسەمەرە دائەتاشن بۆ هەڵسوراو و فیگەرە دیارەکانی گۆڕان و سیمبولە بە ئیعتیبارەکانی ناو ئەم تۆڕە!

ئەو پەیجانە کە بەزۆریی ناوی "کاك نەوشیروان و گۆڕان"ـیان هەڵگرتووە، یان ناوی ئەو شوێنانەی کە کاك نەوشیروان لەڕۆژانی پێشمەرگایەتیی و خەباتدا لێی ژیاوە، یان لانی کەم بۆ کاریگەرییدانان لەسەر گۆڕانخوازان وێنەی کاك نەوشیروان و هەڵسوڕاوە دیارەکانی یان ئاڵا و لۆگۆی گۆڕانیان لەسەرە، بەڵام وەك خۆری هاوین ڕوونە کە بەشێکی دیاری ئەو پەیجانە ناحەزانی گۆڕان بەڕێوەی ئەبەن و بۆ زیاتر قوڵکردنەوەی کێشەکانیەتی.

پەیج ئەگەر خاوەنێکی بەرجەستەی هەبوو ئاساییە زانیارییەکانی بەهەند وەرگریت، پەیجی ماڵپەڕێکی دیاریکراو، یان کەسێتییەکی سیاسی یان ڕۆژنامەنووس و میدیاکارێکی بەناوبانگ، زانیارییەکانیان جێگای باوەڕن، جا بەدڵی تۆبن یان نا، مادام بەناو وێنەی خۆیانەوە قسە ئەکەن مایەی نیگەرانی نیە، بەپێچەوانەوە حەقە بە هەموو لایەکمانەوە هەڵمەتی ئەنلایك و ئەنفۆڵۆکردنیان دەست پێ بکەین و سنوورێك بۆ ئەو کارە تێکدەرانەیان دابنێین.

لەئاستی ناوخۆیی و سەرکردایەتیی گۆڕانیشدا، کاتی ئەوەیە کە ئیتر بۆ خۆیان دەست بە دانوستان و دەستپێشخەریی بکەن، کاتی ئەوەیە ئیتر عەقڵ قسە بکات، چەند بیروڕا و بژاردەکانی بەردەمیان بۆ چارەسەر دووربێت لەیەکتر هێشتا ئەگەری نزیك بوونەوەیان زیاترە بە بەراورد بەم دۆخە پاشاگەردانییەی کە هەریەکێکیان لەسەر چیایەكی دوور لەیەك وەستاون ئامادەنین دابەزێنە پێدەشتەکان و لەخاڵێکدا بەیەك بگەن، ناکرێت تا ئێستا لە مەترسیی ئەم دۆخە تێنەگەیشت بن، ئەو بۆشاییە گەورەیە نەبینن کە نەیارانمان تەراتێنی تێدا ئەکەن!

بارودۆخەکە لەئاستێکدایە کە دۆستەکانمان پێمان بڵێن: ئایا پیاوێکی فامیدەیان تیادا نەبوو؟! "أَڵیْسَ مِنكُمْ رَجُلٌ رَّشِیدٌ "؟!

13/10/2018



وتارەکانی تری نوسەر