ئەگەر ڕاستگۆن، پارتیی لەمە تەنیاتر نابێت!

هادی حەمەرەشید



٧ی ئایار ڕۆژێکیتر لە ڕۆژە گەرمەکانی پەرلەمان بوو، ستەیجی کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیی سەرەی بۆ گیرابوو، پێنج حیزب بە هەناسەی سوارەوە هاتنە بەردەم میدیاکان و توڕەیی خۆیان ڕشت بەسەر پارتییدا، هەڵچوون و توڕەییەك کە پارتیی دەمێکە پێی ئاشنایە!


فراکسیۆنێك پارێزبەندیی لەسەر ئەندامێکی هەڵگیراوە، وادێتە بەرچاو زیانمەندترینە.

 
فراکسیۆنێکیتر کە خاوەنی سەرۆکی پەرلەمانە، واژوی سەرۆکەکەی بەهەند وەرنەگیراوە و قەڵسن لەم سەرچڵییە.

 
فراکسیۆنێك هەست ئەکات ئیهانە کراون، سەرۆکەکەی پاش سەدان بەڵێنی بەدینەهاتوو، سەدان کڵاو لەسەرنانیان لەلایەن پارتییەوە ، تازە بە تازە توڕەن لەوەی کە لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتییدا خراوەتە دەنگدانەوە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندیی، کەچی بەقەدەر ئومێد خۆشناو بەرگریی لێکراوە و پڕ بە گەرووی بۆ پاککردنەوەی پەرێزی لەم جەرەیانەدا هاوار و داد ئەکات و هەڕەشەی پیاداچوونەوەی بە «ڕێککەوتنی نێوانیاندا ئەکاتەوە!»

 
دوو فراکسیۆنیتر ناوێکی گەورەیان هەڵگرتووە«ئۆپۆزسیۆن» کەچی هەموو چەکێکی دەستیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی و چەند ڕستەیەکی دووبارە و سواوە!


هەرچی فراکسیۆنەکانی دەرەوەی پارتیی لەسەر ئەو سەرچڵییەی پارتیی ئەیڵێن، دڵنیام ڕاستە، بەڵام بۆچی ئەچنەوە ناو یارییەکەوە کە قەواعید و ڕێساکانی ناهاوسەنگن؟!
کێ بارەکەی لاسەنگ کرد، هەر خۆیان پارتییان بەم ڕۆژە نەگەیاند؟!


لەبری ئەوەی وەك ئەو پێنج حیزبە لایلایەتان بۆ بکەین و بە کۆمەڵێك دروشمی سۆزئامێز بتانخەوێنین، وا باشە کۆمەڵێك پرسیار لەسەر ئەو ڕووداوە بکەین؛


پرسیاری یەکەم: ئایا هەمووتان لە ڕێساکانی یارییەکە ناڕازیین، پێتان وایە پارتیی کۆی پڕۆسەکەی مۆنۆپۆڵ کردووە، گۆڕەپانی ململانێکە لاسەنگە و لەخزمەتی خواستەکانی پارتییدایە، بۆچی جارێکیتر ئەچنەوە ناو هەمان یاریی؟!


کام گەمژەترین تیم یان کۆمەڵە تێمێکی گەمژە ئەچنە ناو خولێکەوە کە دڵنیابن ڕێکخەرانی خولەکە، دەستەی دادوەران، حەکەم و لایمەن و تەنانەت موعەلیقەکانیش دژ بەوان بن؟!


پرسیاری دووەم: ئایا ئەوەی ڕۆژی پێنج شەممە لە پەرلەماندا ڕوویدا، شتێکی کتوپڕ بوو یان فیعلەن پێشتر نەخشەی بۆ کێشرا بوو؟!


بە دڵنیاییەوە پێشتر نەخشەی بۆ کێشراوە، چۆن ئەبێت بڕوا بەو جۆرە سودفەیە بکەین کە (پارتیی ٤٤+سۆشیالیست١+کەمایەتیی١١= ٥٦ یان٥٠+١)؟!


پاشان لە سێ ئەندامی سەرۆکایەتیی هەمیشە دووان(جێگر+سکرتێر) بە دەست خۆیەتی، کەواتە هەر سەرۆکێك کەمترین هۆشیاریی هەبێت یان عاقڵ عاقڵ لەگەڵ پیلانی پارتییدا ئەڕوات، یان هەر لە بنەڕەتدا ڕێواس فایەق لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانیی شانشانێن ناکات بۆ چوونە ناو ئەم فەزاحەتە!


پرسیاری سێیەم: ئایا کورسیی کەمایەتی نەتەوەیی و ئایینی ئێستا و بۆ ئەم کۆبوونەوەیە ڕایان گۆڕیوە و دەنگیان بە خواستی پارتییدا، یان هەمیشە خەنجەرێکی هەڵکێشراون بە دەستی پارتییەوە، بە بەڵێ و چەپڵەی ئەندامە کڕاوەکانی هەموو حیزبەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی لەلایەن پارتییەوە؟!


پرسیاری چوارەم: ئایا نوخبەی واجیهەی ئەم حیزبانە هەمان ڕای پەرلەمانتارانیان هەیە؟ یان نەخێر ئەوان زۆر(فراوانتر!!!) لە دۆخەکە ئەڕوانن و پەیوەندی نێوان خۆیان و پارتیی، بەتایبەتی پەیوەندییان لەگەڵ بەیتی بارزانییدا بۆ ئەم بابەتە لاوەکییانە تێکئەدەن؟!


بە ئاوڕدانەوە لە ڕووداوی لەمە زۆر گەورەتر(سوتانی بارەگا و شەهیدکردنی سەرکردە بەدەستی بەڵتەجی، داخستنی پەرلەمان و ستۆککردنی سەرۆکەکەی، گرتن و شەهیدکردنی ئەندام و لایەنگران...تاد) دنیای نوخبە و سەرکردەی ئەم حیزبانە پەیوەندیی و ڕەفاهییەتی خۆیان لەگەڵ پارتییدا تێکنادەن!


پرسیاری پێنجەم: ئایا بە فیعلیی نەك بە دروشم، وروژاندنی پرسی لامەرکەزییەت، جدییە یان تەنیا ئاکتێکی ئیتیفزازیی و فشارە بۆ شەراکەتی بنەماڵەکان پێکەوە؟!


پارتیی تێبگات لەجدییەتی هەر هەڕەشە و فشارێکی ئەم لایەنانە، ئەوا بێگومان ئەم جۆرە هەنگاوانە هەڵناگرێت!


چەند ڕۆژی ئایندە شاهیدی ئاسایی بوونەوەی بارودۆخەکە ئەبین بەخواستی پارتیی، یان ئەوەی کە ئەم سەرکردایەتییە نوێیەی یەکێتیی شتێکیتر ئەڵێن، کە هەموو ئەو ڕەگەزانەیان لەدەستدایە کە پارتی هەیەتی، جگە لە بوێریی و نەترسان لە تەخوینی دەرەوەی خۆیان!

 
بۆ ئەمەش کۆمەڵگا چەند ساڵێکیتر چاوەڕێ ناکات، بەڵکو ئەمڕۆ و سبەی ئەوەش یەکلا ئەبێتەوە!


09/05/2020



وتارەکانی تری نوسەر