سكانداڵی دەستگیركردنی (شەشۆ)

هادی حەمەرەشید
نوكتەكە لێرەوە دەست پێدەكات كە فەرماندەیەكی هێزەكانی پاراستنی شەنگال و بەرگریكردن لەخاكی كوردستان ، لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی (كوردستان)ـەوە دەستگیر ئەكرێت ، بەرخورد و كاردانەوەكان لەهەمبەر ئەم ڕووداوە زنجیرەیەك نوكتەی كۆمید-تراژیدی بەدوای خۆیدا ئەهێنێت ، بەجۆرێك كە لەم ڕووداوەوە ئابڕووتكانی (حكومەتی هەرێم و یەكگرتنەوەی هەردوو حكومەتۆكە و دەسەڵاتی دادوەریی و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و كۆی دروشمەكان)مان  بەچاوی خۆمان بینی .

سەرۆكایەتی هەرێم وەك كاری هەمیشەیی خۆی ، توانای هاتنە دەرەوەی لە حەرەمسەرای پارتی نییە ، دەست و خەتی بەیاننامەكانی هەمان دەست و خەتی مەكتەبی سیاسی پارتییە ، كە خۆی ئەبینێتەوە لە تەخوین كردن و ڕاكێشانی ڕووداوە سیاسییەكە بۆ ناو حەوشەی دادگا و كردنی بە كەیسێكی تەواو یاسایی ، ئەم سەرۆكایەتییە بە درێژایی ساڵانی كاركردنی نەیتوانیوە دڵنیاییەك بداتە هاونیشتیمانیان و بگرە ئەو لایەنانەی كە لەگەڵ پارتیدا دەرگیر ئەبن ، هەمیشە چاوەڕێی پەرچەكردار و تۆڵەی سەرۆكایەتی هەرێم بوون ، چونكە لەبنەڕەتدا بارزانی هیچ ئاماژەیەكی بێلایەنی و هەستی چەترێك بۆ كۆكردنەوەی لایەنە كێبەركێكار و ناكۆكەكانی لای تاكی كورد دروست نەكردووە .

سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانیش لە حاڵی (غەیبووبە)دان ، سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی خۆیان كردووە بە كەڕەی شەربەت و ڕەنگە پرسەكەیان ڕادەستی ئەنجوومەنی ئاسایش و پاراستنی هەرێم كردبێت!.

دەسەڵاتی داوەریی كە بووە بە گەورەترین نەنگی بەسەر فەرمانڕەوایەتی كوردستانەوە ( چونكە ئەم دەسەڵاتە لە كەیسی بچوكی وەك دزینی پاكەتێك جگەرە و بەیەكداكێشانی دوو ماتۆڕسكیل و سەرپێچی نەبوونی مۆڵەتی شۆفێریی لەساتی ئاژوتنی ئۆتۆمبێلدا ...هتد دەنگی زۆر دلێرە و ئامادەگی هەیە ، بەڵام هەر دۆسێیەك كە سەرئێشە بۆ دەسەڵاتداران دروست بكات ، چەندە گەورەش بێت ئەوان بێدەنگییان هەڵبژاردووە ، هەزاران دۆسێی گەندەڵی لە دیوانی چاودێریی دارایی و نەبوونی كەس بەجوڵاندنی ئەو كەیسانە باشترین گەواهیدەری دۆخی بێتفاقی ئەم دەسەڵاتەن!) دیسان لە كەیسی گرتنی (حەیدەر شەشۆ)دا قسەیەكیان بۆ ووتن نییە و تەنیا بە مۆر و مۆڵەتی ئەوانەوە ، ڕێكارەكانی دەستگیركردنەكە شەرعییەت پێدراوە.

هەرچی پەرلەمانی كوردستانیشە ، لەڕێگای پەرلەمانتارەكانییەوە مرۆڤی هۆشیار دەگەیەننە ئەو بڕوایەی كە ئەمانە توانای ناوبژیكردنی دوو مناڵی قۆناغی بنەڕەتییان نییە ، بەڵكو سەرەتا دەبنە میوانی ئەم تەلەفزیۆن و ئەو میدیا بۆ دروستكردنی ئاڵۆزیی و دژواركردنی بابەتەكە ، بە جۆرێك وەك بڕیاریان دابێت كە ئەگەر بەردێك لەو ئاسمانە بكەوێتە خوارەوە ئەوان هەوڵ ئەدەن تەفسیری سیاسی بۆ بكەن و بیخەنە ئەستۆی ڕكابەرە سیاسییەكانیان ، بەكورتی ساڵ دوانزە مانگ لای ئەوان هەڵمەتی هەڵبژاردنە و هەست بكەن كە كامێرایەك هەیە وێنەیان ئەگرێت ، ئیتر بەسە بۆ ئەوەی دەست بكەن بە تەمسیل و خۆنواندن و هوتافكێشانی سیاسی ، بۆیە لەم بابەتەدا (هەروەك ڕووداوی پەلاماردانی دوو پەرلەمانتارەكەی پارتی بۆ سەر عەلی حەمەساڵەح) ڕۆڵیان بریتی بوو لە فڕێدانی چەند ڕستەیەكی ئیستیفزازی بۆ بەرامبەرەكانیان و خۆدزینەوە لە ئەسڵی بابەتەكە ، ئینجا ئەم مامۆستای زانكۆ و ڕۆشنبیر و میدیاكار و نووسەرە ناسكانەی بەر لە هەڵبژاردن ئێستا ئیدی تۆنی دەنگیان گڕ كردووە و بەزمانی هەڕەشە و هێرشەوە باس لە (قەبوڵی ناكەین و كاردانەوەی توندمان ئەبێت و هێزمان هەیە و ئەیگەیەنینە مریشكەڕەشە ...هتد) ئەكەن!.
لەدۆخێكی وادا و لە غیابی دەسەڵاتەكانی كوردستاندا (بەشێوەی یاسایی و تەندروست) ئیدی ڕاستییەكان دەبن بەژێر پاساوی درۆئامێز و موبەڕیڕە حیزبییەكانەوە ، لەم نێوەندەدا ئەوەی كە پارتی دەیڵێت لەسەر (حەیدەر شەشۆ) ڕاستە و جێگای لە قاڵبدان و ژێربارهێنانە وەك تاكێكی بەرپرسیار و پابەند بە بنەما نیشتیمانییەكانەوە ، شەشۆ ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتییە كە چەندین جۆر هێزی سەربازییان هەیە ، بەڵام یەكێتی هێزێكی نییە بەناوی (یەكینەكانی) پاراستنی شەنگال ! ، ئەم ناوە بەتەواوی هێزێكی پەیوەستە بە كانتۆنەكانی ڕۆژئاواوە ، یەپەگە كورتكراوەی (یەكینەكانی پاراستنی گەل)ـە ، هاوكات ئەم پیاوە (وەك جێگرەكەی لەلێدوانێكیدا پشتڕاستی كردەوە) ویستوویەتی كە یەكەیەكی حەشدی شەعبی دروست بكات!! ، ئاخر ئەم برادەرە ڕەنگە سوورەی هەژدەگربێت ، كارەكانیشی لە چێشتی مجێور ئەچێت .
ئەوەیشی كە یەكێتی لەسەر پارتی و بارزانی ئەیڵێن ڕاستە ، چونكە ئەوان هاتوون بە شێوەی ئینتیقائی بەرخوردییان لەگەڵ ئەم باسەدا كردووە ، ئەگەر بڕیارە هێز لە دەرەوەی یاسا (وەك خۆیان ووتیان) لەدەرەوەی فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە نەمێنێت ، ئەوا پێویستە لە پێش هەموو شتێكەوە یەكەكانی حەفتا و هەشتا نەمێنن ، یان دەستی ئەندام مەكتەب سیاسی و سەركردایەتییەكانیان لە بەرەكانی جەنگ دوورخەنەوە ، یان بەپلە سەربازییەكانی مناڵەكانی و خزمە نزیكەكانیدا بچێتەوە...هتد
هەرچیش پارتی و یەكێتی لەسەر خۆیان ئەیڵێن درۆیە و خۆڵ لەچاوی خەڵك كردنە ، هەر ئەمەش سكانداڵ و داڕزانی ئەخلاقی سیاسییانە كە لەساتی دەستگیركردنی (حەیدەر شەشۆ)دا خۆی بەیانكرد.


10/04/2015



وتارەکانی تری نوسەر