قەدەغەی knn

سیروان رەشید
ئەمڕۆ 3/5، كە یادی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەوانی دەكەینەوە، بەداخەوە دەسەڵاتدارانی پارتی لەشارەكانی هەولێرو سۆران و دهۆك، دەستی لە قوڕگی ئازادی رۆژنامەوانی توند گیركردووەو ماوەی 7 مانگە دەرگای نوسینگەی كەناڵی كەی ئێن ئێن_ ی لەوشارانە قفڵ كردووە.

بانگەشە كردن بۆ حوكمڕانیەكی دیموكراسی بەبێ میدیای ئازاد، بەدەست نایەت؛ ئەمە ئەو راستییەیە كە دەبێت هەموو بەرپرسێكی حكومی و حزبیی دەسەڵات لە هەولێر بیزانن.

ئێوە كە بانگەشە بۆ سەربەخۆی و دروستكردنی دەوڵەت دەكەن، بەبێ‌ فەراهەمكردنی،  سیستمێكی دیموكراسی نایەتە ئاراوە كە لە بناغەكەیدا ئازادی رۆژنامەوانی وجودی نەبێت!

ئەو رەفتارەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ رێگەنەدان بە كاری میدیایی كەی ئێن ئێن لەژێر دەسەڵاـی خۆیدا هۆكارەكەی ئەوەیە: پارتی لەوتنی هەموو حەقیقەتێك دەترسێ نایەوێ‌ لەژێر دەسەڵاتیدا راستیەكان نیشانی خەڵك بدرێ‌.

خوازیارانی ئازادی رۆژنامەوانی لە كوردستان چاوەڕوانیان دەكرد پارتی ئۆفیسەكانی میدیای گۆڕن تەسلیم بكاتەوەو دۆخێكی باشتری ئازادی رۆژنامەگەری بڕەخسێنێ‌ نەك ژینگەكە تەنها بۆ میدیاكانی خۆی و سێبەرەكانی پاوان بكات.
 
دوای حەوت مانگ لەقەدەغەكردنی كەی ئێن ئێن، لەژێر دەسەڵاتی پارتی دا شەرمە بۆ سەندیكای رۆژنامەنوسان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی شارستانی و، میدیاكاران لەو تەسەروفەی پارتی دژی كەی ئێن ئێن بێدەنگ بن!

بەداخەوە ئێمە باس لە حكومەتێك دەكەین كە گوێ‌ بەمافی نێونەتەوەیی پرەنسیپە سەرەتاییەكانی دیموكراسیەت نادات كە ئازادی رۆژنامەوانی كرۆكی دیموكراسیەتە.
 هەڵبەتەوە روونە؛ ئەوە پەیوەندی بەوەوە نیە كە رۆژنامەنوسانی ئەهلی و رۆژنامەنوسانی میدیاكانی گۆڕان تاوانی گەورەیان دژ بە ئاسایشی نیشتمانی هەرێمەكەمان كردبێت بۆیە لەدهۆك و هەولێر و سۆران سنوردارو قەدەغە كراون. نەخێر هۆكارەكە ئەوەیە كە هەرێم كەوتۆتە بەردەستی دەسەڵاتێك توانای قبوڵكردنی رەخنە لێگرتنی نیەو حكومڕانی پارتی لەرێی سانسۆرو راونان و سزادانەوە، قوڕگی ئازادی رادەربڕینی لە هەرێم توند گرتووە.


03/05/2016



وتارەکانی تری نوسەر