كێشەكە بەشەخسی مەكەن!

سیروان رەشید

نەوشیروان مستەفا ئامادەیە دەستبەرداری گۆڕان_یش بێت
لە كێشەی ئێستای سیستمی حكومرانی هەرێمدا، بەداخەوە هەندێك ناوبژیكەرو سیاسی و قسەكەر لەسەر تەلەفزیۆن و له نوسینەكانیاندا، دەیانەوێ كێشەكە بەشەخسی بكەنوو وا وێنای دەكەن كە كێشەكە بەسەردان و بەبینینی نەوشیروان مستەفاو مەسعود بارزانی چارەسەر دەكرێ و گرفتەكە شەخسییە!

ئەم ئارگۆمێنتە؛ بەمەبەست بێ و یان بەنەزانی، خزمەتكردنە بە ئاراستەی بەلارێدا بردن و بچوكردنەوەو بەشەخسەنە كردنی كێشەی سیستمی حكومرانی هەرێم!

ئەسڵی كێشەكە لەنێوان دوو گروپ دایە، كە بریتیە لەدوو دنیابینی و دوو جۆر بیركردنەوەی جیاواز، بۆ نەخشاندنەوەی سیستمی حكومرانی هەرێم و مەسەلەی ناشەفافیەتی نەوت و دارایی، كە ئەمە جەوهەری گرفتەكەیە، نەك یەك بینین و چاخواردنەوەو شتی لا بەلا!

بەرێز نەوشیروان سیاسیەكە مێژوو دەخولقێنێت، هەربۆیە نەك گرفتی شەخسی لەگەڵ بارزانی دا نیەو كێشەی بینین و چاخوارنەوەو مجامەلەی شەخسی نیە، بگرە ئامادەیە لە پێناوی گۆرانكارییەكی تەندروست بە ئاراستەی چاككردنی سیستمی حكومرانی هەرێم كەنەوەكانی داهاتومان كەرامەتی ئینسانییان لەسایەیدا پارێزراوبێت، ئامادەیە تا ئەو ئاستە قوربانی بدات دەستبەرداری پۆستی رێكخەری گشتی گۆرانیش بێ و واز لەسیاسەتیش بێنێ و خەریكی نوسین بێت، كە ئەمەش تواناو بەهرەیەكە ئەو هەیەتی و سیاسیەكانی هاوشانی نیانە.

22/07/2016



وتارەکانی تری نوسەر