ساڵێك پاش داگیركردنی هەولێر

سیروان رەشید
ساڵێك بەر لە ئێستاو، دروست لە 11_10_2015دا، مەكتەبی سیاسی پارتی لە كۆبونەوەیدا، بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی، بڕیاریدا بەئاگاداركردنەوە لەرێگای جەعفەر ئیمنینكی و كەریم سنجارییەوە؛ سەرۆكی پەرلەمان و تیمی وەزاری بزوتنەوەی گۆڕان، نەچنەوە سەركار و ئەركەكانیان و هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان جێبهێڵن.

پارتی دیموكراتی كوردستان بەم هەڵسوكەوتەی، كودەتایەكی چەكداری بەسەر شەرعیەتدا كرد، كە مێژوو وەك تاوانێكی رەش بۆی تۆماردەكات.

هۆكاری ئەم هەڵسوكەوتەی پارتی، تورەبوون و پەرچەكردارێكی عەفەوی نەبوو تەنها پەیوەست بێت بە پرسی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمەوە، بەڵكو پارتی دەمێك بوو بەقوڵی نیگەران و سەغڵەت بوو، بە نەخشەی نوێی ناو پەرلەمان، كە لەسەرەتای ئەم خولەوە. بەهۆی گرتنە دەستی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان و بونی ئاراستەیەكی كاركردنی بەهێزی دەستەجەمعی لە ناو پەرلەمان كە لە فراكسێۆنەكانی (گۆڕان، یەكێتی، یەكگرتوو، كۆمەڵ) پێكهاتبوو، پێچەوانەی كاری دوو دەیەی پێشوو بوو لەناو پەرلەمان، چونكە لە ( 23) ساڵی تەمەنی پەرلەمانی كوردستاندا ، كاروباری پەرلەمان هەمیشە بەجۆرێك بوەو داڕێژراوە، كە هەرگیز پێچەوانەی ویستی پارتی دیموكراتی كورستان نەبێ!. 

بەڵام لە خولی هەڵبژاردنی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان، كە لە (٢٩/٤/٢٠١٤) دەست پێ دەكات، بەجۆری نەخشەی سیاسی ناو پەرلەمانی كوردستان گۆڕا، كە پارتی نەتوانێ زۆرینەی رەها دروست بكات و نەتوانێ متمانەی ئەو چوار لایەنە بەدەست بێنێ بۆ چارەسەركردنی كێشە ئاڵۆزو كەڵەكە بوەكانی وەك تەواوبونی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و پرۆژەی رەشنوسی دەستور و دەركردنی یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و یاسای بودجەی حیزبەكان و یاسای سندوقی داهاتەكانی نەوت، بەو جۆرەی پارتی مەبەستی بووە!.

ئێستا كە ساڵێك ، بەسەر كودەتای 12ی ئۆكتۆبەری 2015دا تێدەپەرێ‌، پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر سیاسەتی چەوتی خۆی، لە قۆرخكاری، تاكڕەوی بڕیاری سیاسی، پەیوەندییەكانی دەرەوە، مەلەفەكانی ئابوری ‌و داهاتی نەوت‌ و ئیدارەی حكومڕانی بەردەوامە و درێژە بەدۆخی كودەتای سەربازی‌ و سیاسی (12)ی ئۆكتۆبەر دەدات، كە تیایدا زیانی گەورە بە پرۆسەی سیاسی‌و ئاییندەی گەلەكەمان گەیاندووە. چونكە لە 12ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە، پارتی بە فیعلی هەولێری داگیركردووەو حكومەتێكی حیزبی راگەیاندووە.

 دوای ساڵێك لە كودەتای 12ی ئۆكتۆبەر؛ ئەركی هێزو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان، ریكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، میدیا و دامەزراوە فەرهەنگی‌ و رۆشنبیرییەكانە، بە ئەركی ئەم قۆناغە هەستن ‌و هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو ململانێیەی لەنێوان كودەتاكردن بەسەر شەرعیەتی دامەزراوەكان لەلایەك‌ و بە مەرجەعیكردنی پەرلەمان ‌و دامەزراوە شەرعیەكانی هەرێم لەلایەكی تر هەیە.

قسەی كۆتایمان ئەوەیە، تا كەی پارتی درێژە بە سیاسەتی داگیركردنی دەسەڵات و جومگەكانی حكومڕانی ئەدات لە هەولێرو، تاكەی هێزو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بێدەنگ ئەبن لە ئاستی ئەم سیاسەتەی پارتی!؟.

تائاستێك بێدەنگی و چاوپۆشی هەندێك لە هێزو لایەنە سیاسیەكان و میدیای ئەهلی و ئازاد و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی سەربەخۆ، لە دروستكردنی ئەم هەمو قەیرانە لە كوردستان و لەئاستی قەیرانی داگیركردنی جومگە سەرەكیەكانی دەسەڵات لە هەولێری پایتەخت لەلایەن هێزی چەكداری پارتییەوە، زەمینە خۆشكردن و كار ئاسانی و رەزامەندیدانە بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ بۆ حوكمكردن و داگیركردنی هەولێر و هەرێمی كوردستان لەلایەن تەنیا یەك حیزبەوە!

12/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر