ئیرهابی بژێوی

سیروان رەشید
# حكومەت (4) موچەی ساڵی 2015_ی فەرمانبەران قەرزدارە. (كۆی موچەكە لەسنوری 3 سێ‌ ملیۆن دینار بۆ فەرمانبەرێكی ئاسایی).
#حكومەت (3) مووچەی ساڵی 2016_ی فەرمانبەران قەرزدارە. (كۆی موچەكەی بەرەو ژووری 2 ملیۆن، دینارە بۆ فەرمانبەرێكی ئاسایی).
# حكومەت لە ساڵی 2016 دا، بە ناوی پاشەكەوتەوە، تەنها حەوت مانگی تەواو چارەكە مووچەو نیوە مووچەی داوە، (واتە بۆ فەرمانبەرێكی ئاسایی لەسنوری 3 ملیۆن دینار قەرزدارە).
# حكومەت لە ئێستادا سەرباری قەرزی 20 ملیاری كۆمپانیاكانی نەوت و بانكەكان، بەرەو ژوری 7 ملیاریش قەرزاری مووچەی دواكەوت و پاشەكەوتی فەرمانبەرانە.

شیكردنەوە و داتاكانی، فەرمانگەی ئاماری سلێمانی لەبارەی قەیرانی داراییەوە، دەڵێ؛ دۆخی ئابوری هەرێم لەسایەی ئەم حكومرانیەوە؛ ۱٠ساڵ پاشەكشەی كردووە، بەم دەرەنجامانە:
*داهاتی تاك لە ساڵی ۲٠٠۷ بۆ دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی بە نمونە؛ نزیكەی ۲٠٠هەزار بووە بۆ مانگێك، لە ساڵی ۲٠۱۲ بۆ ٤۲٠ هەزار دینار هەڵكشاوە، بەڵام ئێستا تەنها ۱۷٥ هەزارە كە بریتیە لە دۆخی سەردەمی دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ.
* ئەمە سەرباری ئەوەی جیاوازی بەهای ٢٠٠ هەزارەكەی ٢٠٠٧ زۆر بە نرخ تر بوو، كاڵاو شمەك هەرزانتر بوو، كەمالیاتی ژیانی رۆژانە كەمتر بوو، هەروەها بەهای دیناری ئێمە بەرامبرە دراوی بیانی بەرزتر بوو !!.

ئەم فاكتەی سەرەوە، داتاو ژمارەی گەورەی جەرگبڕە بۆ دۆخی بژێوی و گوزەرانی فەرمانبەرو مامۆستایانی هەرێم، كە بەكردەوە بەپاكردنی "ئیرهابی بژێوی"یە دژ بە خەڵكی كوردستان، كە ئەوەش دەرەنجامی سیاسەتی دارایی 24 ساڵی رابردووی شكست خواردووی حكومەتی هەرێم و فرسەت هێنانیەتی لە سەپاندنی سیستمی بەناو پاشەكەوتی مووچە داهێنا، بەمەش باری ژیانی مووچەخۆران و خەڵكی قورستر كرد بەبێ ئەوەی قەیرانی دارایی چارەسەر بكات.

ئێستا دۆخی دارایی و ئابوری كوردستان، لە سایەی سیاسەتی چەوتی حكومڕانانەوە شكست خواردوترین جۆری بەرێوەبردن و كۆیلەترین جۆری ئابوری هەیە، لەدنیادا.

ئەم دۆخە دژوارە داراییەی كە بڕیار بەدەستان لە ملی مووچە خۆرانیان ئاڵاندووە، بەشێكی سەرەكی پەیوەستە بەدۆخە سیاسیەكەوە و بەدیاریكراوی قەیرانی دروستكراوی سەرۆكایەتی هەرێم خولقاندویەتی، چونكە تائێستا سیستمی سیاسی هەرێم بەحۆرێكە، شەخسی سەرۆكی هەرێم بەرپرسە لەشادەمار و جومگە سەرەكیەكانی حكومڕانی، كە مەلەفی دارایی و نەوت، تائێستا لە چوارچێوەی سەڵاحیەتە زۆرو زەوەندەكانی بارزانی ئیدارە دەدرێ‌! كە روونە دەیانەوێت مووچە؛ ئامرازی سەر پێ دانەواندنی هەژاران و دەستەمۆكردنی موچە خۆران و لایەن سیاسیە ركەبەرەكانیان بێت!

فەیلەسوفی ئەڵمانی (ئەمانۆیڵ كانت) 300 ساڵ بەر لە ئێستا دەربارەی حكومەت دەڵێ؛ 
ئەركی حكومەت بەرامبەر هاونیشتمانیانی دووشتە؛
 یەكەم: سەرو سامانیان بپارێزێت. 
دووەم: گوزەرانیان بۆ مسۆگەر بكات.
بەڵام ئەم حكومەتەی ئێمە نە سەرو سامانەكەی پاراستوین و نەگوزەرانیشی بۆ مسۆگەركردوین!. بەپێچەوانەشەوە، ئەوەی حكومەت دەیكا، "ئیرهابی بژێوی"یە بەرامبەر خەڵكی ستەمدیدەو بەشمەینەتی هەرێم! لەخستنەوەی بەرزبونەوەی ئاستی هێڵی هەژاری و بێ‌ گوزەرانی و بێكاری و دروستبونی لەشفرۆشی و دزی و لێكجیابونەوەی هاوسەرگیری و دەیان كێشەی كۆمەڵایەتی تر!.


20/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر