روخسارەكانی ساڵێكی زەحمەت

سیروان رەشید
 بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان چونە ناو ساڵی‌ (2017)وە، تەنها گۆڕینی‌ ژمارەیەكی‌ حیسابی‌ نییە، بەڵكو سەرەتای‌ گۆڕانێكی‌ مەترسیدار ترە كە چاوەڕواندەكرێت بەسەر كۆی‌‌ ژیانی‌ دارایی و سیاسی‌‌ خەڵكی‌ كوردستاندا بێت.

لە سەرئاستی‌ ناوخۆیی‌؛ ناڕەزایی‌ هاوڵاتییان لە كەمیی‌ خزمەتگوزاری‌‌و ئەدای‌ حكومەت تا دێت رق ئەستورتر خۆی‌ نمایش دەكاو بێ ئومێدی و نارەزاییەكی‌ زۆر پەنگی خواردۆتەوە. چونكە دیمەنەكە بەجۆرێكە؛ كۆی گشتی دۆخی ژیانكردن، زەحمەت بووە، بەجۆرێك: كارەبا و سوتەمەنی‌ نیە، بێكارییەكی‌ مەترسیدار كەوتۆتەوە، نەك موچە، روبعە موچەش لەكاتی‌ خۆیدا نادرێ‌، دۆخی‌ دەرونی‌ هاوڵاتیان هیلاك و شێواوە.

هەر پەیوەست بەدۆخی خراپی بژێوی خەڵك، ئەگەر پارتی، هەماهەنگی و  رووخساری مامەڵەكردنی لە كەیسی نەوت و ململانێ‌ سیاسیەكانی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بەغدا نە گۆرێ‌، ئەوا دور نیە كە حكومەتی بەغدا بڕیار بدات، خەرجی حاكیمە بۆ هەرێمی كوردستان سەرف نەكات، كە بریتیە لە دابینكردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی نەخۆشخانەكانی هەرێم و خواردنی بایەعی مانگانەو لە ئەستۆگرتنی خەرجی پاڵپشتیكردنی كڕینەوەی بەرهەمی گەنم و گوژمەیەكی گەورە لە پارەی پەرەپێدانی هەرێمەكان. كە ئەمەش موسیبەتێكی تر دەبێ‌ بەسەر خەڵكی كوردستاندا دێت.

هەروەها لە روی‌ حكومڕانی سیاسییەوە هێشتا بەهۆی‌ سیاسەتە تاكڕەوییە حیزبییەكانی‌ پارتی یەوە، هەرێم ناوماڵێكی كەرت و پەرتی هەیەو دامەزراوەی شەرعی لەكوردستاندا حوكم ناكات، چونكە پارتی پەرلەمانی پەكخستووەو سەرۆكایەتی هەرێمیش بەناشەرعی درێژە پێدەداو حكومەتیش ئیفلیج كراوە و نیەتێكی دڵسۆزانەی نیشتمانی دەسەڵاتیش هەست پێ‌ ناكرێ‌ بۆ چاكردنی دۆخەكە.

لەسەر ئاستی روبەروبونەوەو شەڕ لەگەڵ گروپی تیرۆریستی داعش یش، لەودیوو سنوری هەرێمەوە هێشتا دەسەڵاتداران پێمان ناڵێن بەرژەوەندی و زیانەكانی هەرێم لە شەری موسڵ و موسڵی پاش داعش چیە!؟ پێمان ناڵێن رێككەوتنی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ عەبادی و ئەمریكیەكان بۆ كشانەوەی هێزی پێشمەرگە لەناوچە دابڕاوەكان سودو زیانەكانی چیە؟

هەروەها لەسەر ئاستی ناوچەكەش، روداوەكانی ئەم چەند هەفتەو مانگەی رابردوو ئێمە بەرەو دۆخێكی ناوچەیی ئاڵۆزتر دەبات؛ چونكە شتێك كە مایەی‌ ترسێكی‌ قوڵە، ئەوەیە كە ئێستا زلهێزانی‌ ناوچەكە زۆر بەتوندی‌ لە گۆرەپانەكەدا خەریكی‌ سەرلەنوێ‌ داڕشتنەوەی‌ بەرژەوەندی‌ و قەڵەمڕەوی‌ خۆیانن، كەچی‌ بڕیار بەدەستانی‌ هەرێم خوێندنەوەیەكی‌ جدی‌ و هاوچەرخانەیان بۆ ئەم دۆخە نوێیە پێنیەو، لایەنی سەرەكی دەسەڵات بێ‌ هیچ بەرنامەو ئەجێندایەكی‌ دروستی‌ كوردستانی‌، خەریكی‌ تێكەڵاوبونە بە ئەجێندای‌ جەمسەرگیریەكان.

 كارنەكرنی‌ بڕیار بەدەستانی هەرێم لەسەر ئەجێنداو سیاسەتێكی‌ یەكگرتوی‌ نیشتمانی‌ كە لەسەر بنەمای‌ پاراستنی‌ بەرژەوەندی ئاسایشی‌ نیشتمانی‌ و نەتەوەییمان رەنگ ڕێژ كرابێت چ لەئاستی ناوخۆی و چ لە ئاستی مامەڵەی دەرەكی، وامان لێدەكات بلًَێین؛ ساڵی 2016 زۆر سەخت بوو، بەڵام 2017 بەرەو ساڵێكی زەحمەت و سەختترمان دەبات!


29/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر